دادگای داقوق گرێبەستی 60 دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە گوندی فەریق لە ناوچەی هەفتەغار لە بەرژەوەندی ژمارەیەك جوتیاری عەرەب یەكلاییدەكاتەوە، ئەوەش نیگەرانی دوو جوتیاری كوردی لێدەكەوێتەوە و بڕیارەكە تەمیز دەكەنەوە.
ئەو بڕیارە 20ی كانونی یەكەم گەیشتۆتە دەست دوو جوتیاری ئەو گوندە لە سنوری داقوق، كە ساڵانێكە زەوییەكان بۆ چاندن و كشتوكاڵ بەكاردەهێنن.
شکار مەردان، پارێزەری ئەو دوو جوتیارە كوردە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكە لەلایەن دادگای داقوقەوە دەرچووە و تیایدا بڕیاریداوە گرێبەستی كشتوكاڵی لە دوو جوتیاری كورد وەربگرێتەوە و بیدات بە ژمارەیەك جوتیاری عەرەبی هاوردە... واتە زەوییەكانیان بەپێی گرێبەستێك دراون بە جوتیاری تر".
جەختیشیكردەوە "زەوییەكە 60 دۆنمە... بڕیارەكەی دادگاش پشتبەستن بووە بە نوسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كە ئاراستەی فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوكی كردووە و تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی ئەو 60 دۆنم زەوییە ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق نایگرێتەوە، دادگاش لەسەر رۆشنایی ئەو نوسراوە بڕیارەكەی دەركردووە".
بەشێكی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، تایبەتە بە یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك، بەتایبەت ئەو زەوییانەی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشكراون.
عومەر محەمەد، یەكێك لەو جوتیارانەی بەپێی بڕیاركەی دادگا گرێبەستی زەوییەكەی لێ وەرگیراوەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە بڕیارەكەمان تەمیز كردۆتەوە و چاوەڕوانی بڕیاری نوێی دادگاین، بەڵام جوتیارە عەرەبەكان لەگەڵ دەرچونی بڕیارەكە دەستیان بە كێڵانی زەوییەكان كرد و ئێمەش تائێستا رێگریمان كردووە".
لەبارەی ئەوەی بۆچی رێگریی لە بڕیارەكەی دادگا دەكەن، عومەر محەمەد وتی "چونكە من گرێبەستی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەم هەیە تا ساڵی 2023".
هەفتەی رابردوو، دادوەر قاسم محەمەد، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك لە چاوپێكەوتنێكیدا كە ماڵپەڕی ئەنجومەنی داوەری عیراق بڵاویكردەوە، تیایدا لەبارەی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك، دەڵێت هەر جوتیارێك گرێبەستە كشتوكاڵییەكەی سڕكرابێت، دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و داوای لابردنی سڕكردنەكەی بكات، "بە مەرجێك دانیشتوی كەركوك و خاوەنی رەگەزنامەی كەركوك بێت و پێشتر قەرەبوی وەرنەگرتبێت لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوری عیراقدا".