پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەركوك، دەستگیركردنی سێ تۆمەتباری كوشتنی ژن و پیاوەكەی گەڕەكی شۆراو رادەگەیەنێت و دانپێدانانیان ئاشكرادەكات.
لە 18ی تشرینی دووەم، پۆلیسی كەركوك تەرمی ژن و پیاوێكی لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی شۆراو هەڵگرتەوە، پیاوەكە سەربڕدرابوو و جەستەی ژنەكەش شوێنەواری فیشەكی پێوەبوو.
دوای زیاتر لە مانگێك لەو روداوە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەركوك، لە راگەیەنراوێكدا لە 22ی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی تاوانی بەسرە، توانیویانە سێ تۆمەتباری هەڵاتوو دەستگیربكەن، ئەوەش دوای چاودێریی و لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاریی.
"تۆمەتبارەكان دوو پیاو و ژنێك بون، دوای ئەوەی ژن و پیاوێكیان لەناو ماڵەكەی خۆیاندا لە شۆراو سەربڕی، بەرەو پارێزگای بەسرە هەڵاتون"، لە راگەیەنراوەكەدا زیاتر جەختكراوەتەوە لەوەی "بەپێی دانپێدانانە سەرەتاییەكان، پاڵنەری ئەو تاوانە دزینی پارە و ئاڵتون بووە".
یەكێك لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە، دانیبەوەداناوە كە نزیكایەتی هەبووە لەگەڵ پیاوەكەدا و لە راگەیەنراوەكەی پۆلیسدا هاتووە "ئەو كەسەیان پێشینەی تاوانی هەبووە".
ئەو سێ تۆمەتبارە، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراون.
ئەو ماددەیە، تایبەتە بە دەركردنی سزای لە سێدارەدان بۆ هەركەسێك كە بە ئەنقەست كەسێك بكوژێت.
سەرچاوەیەکی پۆلیسی كەركوك كاتی روداوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "پیاوەكە سەربڕدراوە و تەمەنی لە نێوان 50 بۆ 55 ساڵ دەبێت، ژنەكەش بە فیشەك كوژراوە و تەمەنی لە نێوان 40 بۆ 45 ساڵ دەبێت"، بەپێی سەرچاوەكە.
وتیشی "دوای كوشتنیان ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری هوندای مۆدێل 2020 بردراوە... بەڵام نیوەڕۆی هەمان رۆژ ئۆتۆمبێلەكە لە نێوان دووسایدی پەنجاعەلی و گەڕەكی قادسییە هەر لە كەركوك دۆزاوەتەوە".
ژنەكە مامۆستایە و لە نەتەوەی عەرەبە، ئەوەش بەپێی دراوسێیەكانی كە قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە و جەختیانكردەوە لەوەی "ژنی دووەمی ئەو پیاوە بووە".
هەرچی پیاوەكەیە فەرمانبەری شارەوانی كەركوكە و لە نەتەوەی كوردە.
یەكێك لە دراوسێیەكانیان ئەوكات بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆر نییە هاتونەتە ئەم گەڕەكە، تەنیا خۆیانن و منداڵیان لەگەڵ نەبووە"، زیاتر وتی "ماڵێكی بێ كێشە و بێدەنگ بون".