سازان محەمەد، كچە خوێندكارێكی پۆلی حەوتی بنەڕەتی لە گوندێكی سنوری گەرمیان، هیچ بژاردەیەكی لەبەردەمدا نەهێڵدرایەوە، جگە لە شوكردن، لەكاتێكدا ئەو تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوو.
چیرۆكەكە دوو ساڵ لەمەوبەر بە وازهێنانی سازان لە خوێندن و بەشودانی بە پیاوێك كە 36 ساڵ لە خۆی گەورەترە دەستپێدەكات، دواتر بە جیابونەوە لە مێردەكەی كۆتایی پێدێت.
لەكاتێكدا ئێستا سازان تەمەنی 16 ساڵە، لە ماڵی باوكی دروشمی "خوێندن یان مەرگ"ی دەستپێكردووە، بەڵام باوكی فشاری لێدەكات جارێكی تر شووبكاتەوە.
سازان كچی گەورەی خێزانێكی هەژاری گوندێكی سنوری ئیدارەی گەرمیانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە خوێندنگە و كۆڵان لەگەڵ هاوڕێیەكانم یاریمدەكرد، خەونم ئەوەبوو خوێندن تەواوبكەم و ببم بە مامۆستا، رۆژێك دایكم پێی وتم دەتدەین بە شوو"، سازان وتی "هەوڵی زۆرمدا بۆ ئەوەی باوكم لەو بڕیارە پەشیمانی بكەمەوە، چونكە بڕیارەكە بەدەستی ئەو بوو، بەڵام سودی نەبوو... شومكرد نە بەدڵی خۆم بوو، نە كاتی شوم بوو".
شومكرد نە بەدڵی خۆم بوو، نە كاتی شوم بوو
ماڵی باوكی سازان هەژارن و بە سازانەوە چوار منداڵیان هەیە، باوكی نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و دایكیشی بێ كارە، ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە سازان بدەن بەشوو بۆ ئەوەی لانیكەم ئەركی بەخێوكردنی منداڵێكیان كەمتربێتەوە.
هۆكاری دووەم، وەك سازان دەڵێت، ئەوەیە پەڵەیەك لە دەموچاویدایە و دایك و باوكی وتویانە تا زوو شوو بكەیت باشترە، دواتر كەس تۆی ناوێت.
شادان ئیسماعیل (40ساڵ)، دایكی سازان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارەى زۆرمان دەویست بۆ بژێوى چوار منداڵەکەم و نەشتەگەرى هاوسەرەکەم، منیش هیچ کارێکم نەبوو، بۆیە کاتێک هاوڕێیەکى مێردەکەم داواى سازانى کچە گەورەی لێكردین، هەردوكمان رازی بوین".
ئەو كەسەی هاتبووە داوای سازان، 36ساڵ لە سازان گەورەترە، بەپێی وتەی شادان ئیسماعیل.
شادان وتی "سازان رازی نەبوو شوو بكات، دەیوت باوكە هاوڕێیەكانم دەخوێنن، دەبێت منیش بخوێنم، دەمەوێت ببمە مامۆستا، ئەگەر شووبكەم ناتوانم ئەوە بكەم..."، زیاتر وتی "بەڵام باوكی بەو داوایە رازی نەبوو و منیش پێمباشتربوو شوو بكات، بۆیە سازان زۆر بە نائومێدی شوی كرد"، شادان كاتێك ئەم گفتوگۆیەی بۆ (كەركوك ناو) باسكرد، دەستیكرد بە گریان و وتی "ئەم نەهامەتییەی بەسەر كچەكەمدا هاتووە خەتای منی تیایە، چونكە رێگریم نەكرد لەو هاوسەرگیرییە".
كاتێك سازان و دایكی ئەم چیرۆكەیان دەگێڕایەوە، دوو ساڵ بەسەر شوكردنی سازاندا تێپەڕی بوو، سازان ئێستا گەڕاوەتەوە ماڵی باوكی و لە مێردەكەی جیابۆتەوە، دوای ئەوەی نەیتوانی لەو ماڵەدا بژی و دەڵێن "مامەڵەیان نەشیاو بووە و مێردەكەی توندوتیژ بووە لەگەڵیدا".
بەپێی یاسا بەركارەكانی عیراق كچان لە تەمەنی 15 ساڵی بەرەوسەرەوە رێگەی هاوسەرگیرییان پێدەدرێت ئەوەش بە چەند مەرجێك، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دەبێت 18 ساڵ تەواو بكات.
سازان كە ئێستا تەمەنی 16 ساڵە، دەڵێت، ماڵی خەزوری خێزانێكی گەورە بون و تەنیا ژورێكی ماڵەكە بۆتە ماڵی ئەو، "لە سێیەم رۆژى هاوسەرگیرییەکەمەوە ماڵەكە بووە دۆزەخ بۆم، بەیانیان زوو نانیان پێدەكردم، دواتر ماڵ پاككردنەوە... دۆزەخ بوو بۆم، یەك دواجار گەڕامەوە ماڵی باوكم، بەڵام دەیانناردمەوە و دەیانوت با لە ناو خەڵكدا ئابڕۆمان نەچێت".
لە سێیەم رۆژى هاوسەرگیرییەکەمەوە ماڵەكە بووە دۆزەخ بۆم
سازان یەكێكە لەو سەدان كچانەی كە بۆتە قوربانی بەزۆر بەشودان و هاوسەرگیری پێشوەختە، كە هەردوو پرۆسەكە هێشتا لە چەند ناوچەیەكی عیراقدا هەندێك لە خێزانەكان پەنای بۆ دەبەن و قوربانی یەكەمیش تیایدا خانمانن.
سازان كە ئێستاش لە شۆكی ئەو شوكردنەدایە، بە 16 ساڵی گەڕاوەتەوە بۆ هەمان خوێندنگە و هەمان پۆل و دەیەوێت هەرچۆنێك بێت خەونەكەی بەدیبهێنێت. بەڵام گرفتی گەورەی ئەوەیە لەڕوی دەرونییەوە ئارام نییە و ئەو ناچاركردنە بە شوكردن توشی بێ ئومێدی كردووە.
"زۆر لە ماڵەوە بێزارم، بۆیە گەڕاومەتەوە بۆ خوێندن دەمەوێت بڕوانامەیەكم هەبێت و پشت بەخۆم ببەستم، بڕیارمداوە تا خوێندن تەواونەكەم وازنەهێنم".
لەكاتێكدا سازان لەو دۆخەیدایە، باوكی داوای لێكردووە، جارێكی تر هاوسەرگیری بكات، "پێمدەڵێت تازە تۆ بەم تەمەنەوە ناتوانی خوێندن تەواوبكەیت، تا زووە شوو بكە، دواتر كێ ئامادەیە بێوەژنێك بهێنێت و پەڵەی رەش لەسەر دەموچاوی بێت".
ئەو بۆچونە، سازانی زۆر نیگەران كردووە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەو بڕیاری خۆیداوە كە خوێندن تەواو بكات، "بە باوكم وتووە یان خوێندن یان مەرگ".