دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی، دۆسییەی 4000 دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە داقوق لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد یەكلاییكردەوە، ئەوەش بەپێی وتەی پارێزەرێكی دۆسییەكە و تیایدا جەختیكردەوە "بەو بڕیارە ناكۆكی لەسەر ئەو زەوییانە كۆتایی پێهێنرا".
ئەو بڕیارە دوای مانگێك لە دەرچونی، چوارشەممە 5ی كانونی دووەم گەیشتە دادگای داقوق و لەوێوە رادەستی شكار مەردان، پارێزەری جوتیارانی كورد كرا.
شكار مەردان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێشتر دادگا لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد بڕیاریدابوو، بەڵام كشتوكاڵی داقوق و جوتیارانی عەرەب تانەیان لە بڕیارەكەدابوو، ئەمڕۆ جارێكی تر دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد بڕیاریدا".
"بەپێی بڕیارەكەی دادگا 4000 دۆنم زەوی كشتوكاڵی بۆ جوتیارانی كورد گەڕێندرایەوە و لە ئێستاوە دەتوانن خۆیان بەكاریبهێنن"، شكار مەردان وایوت.
بەپێی بڕیارەكەی دادگا 4000 دۆنم زەوی كشتوكاڵی بۆ جوتیارانی كورد گەڕێندرایەوە
ئەو زەوییانە دەكەونە ناوچەی تاڵەبانی لە باشوری قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك).
نەجات شێخ موکەڕەم تاڵەبانی، كەسایەتی ناوچەی تاڵەبانی لە داقوق، ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی كانونی دووەم، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە بنەڕەتدا ئەم زەوییانە موڵكی ئێمەن و تاپۆمان هەیە، بەڵام سەركردایەتی شۆڕش لە سەردەمی حزبی بەعس بەشێوەی گرێبەست بە جوتیارانی عەرەبی بەخشی".
وتیشی "لە دوای روخانی رژێمی بەعس و بەدیاریكراوی لە ساڵی 2006دا توانیمان لەڕێی دادگایەكی تایبەت بۆ پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكان زەوییەكانمان بەدەستبهێنینەوە، بەڵام لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە جارێكی تر عەرەبەكان لەڕێی فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوكەوە زەوییەكانیان لێسەندینەوە، ئێمەش سكاڵامان لە دادگا پێشكەشكرد".
لە ناوچەی تاڵەبانی لە بنەڕەتدا 17 هەزار دۆنم زەوی كێشەی لەسەرە، بەڵام تائێستا دۆسییەی 4000 دۆنم زەوی بە تەواوی یەكلاییكراوەتەوە و دۆسییەی 13 هەزار دۆنم زەوییەكەی تر بەهەمان شێوە لە دادگای پێداچونەوەی فیدراڵییە.
شكار مەردان وتی "دۆسییەی 13 هەزار دۆنم زەوییەكەی تریش هەمان پرسە و لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد و كاكەیی یەكلاییدەكرێنەوە".
ئەو 17 هەزار دۆنم زەوییە لە لایەن جوتیارانی عەرەبی هەردوو گوندی عەتشانە و عوزەیرییەوە بەكاردەهێنران.
شكار وتی "لە دوای ئەم بڕیارەوە چیتر كشتوكاڵی كەركوك و داقوق ناتوانن گرێبەستی ئەو زەوییانە بۆ جوتیارانی عەرەب نوێ بكەنەوە، چونكە بڕیاری دادگای پێداچونەوە لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد دەرچووە".
نەجات شێخ موكەڕەم تاڵەبانی، داوایكرد لایەنی پەیوەندیدار بڕیارەكە جێبەجبكەن و زەوییەكانمان رادەستبكرێنەوە، "چونكە ئێستا لەلایەن جوتیارانی عەرەبەوە بۆ كشتوكاڵ بەكاردەهێنرێن و كێڵدراون".
زەوییە كشتوكاڵییەكان یەكێكە لە دۆسییە ئاڵۆزەكانی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك و هێشتا ئەو دۆسییانە بە تەواوی یەكلایینەكراونەتەوە و ناوبەناو ناكۆكی و گرفتی لە ناوچە جیاوازەكان بەدوادادێت.