لیوا روكن جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا ئاشكرایدەكات ئێستا دۆسیەی ئەمنی ناوەندی قەزای شنگال بە تەواوی كەوتۆتە دەستی سوپا و لەمساڵیشدا هێزێكی نوێ لە هاوڵاتیانی ئێزیدی پێكدەهێنرێت، بەپێی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان.
وتەكانی ناوبراو لە لێدوانێكیدا هات بۆ كەناڵی عیراقییەی نیمچەفەرمی و دەڵێت لە 1ـی كانونی یەكەمی 2021ـەوە خاڵەكانی رێككەوتنی شنگال چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە نێویاندا نەهێشتنی هێزی چەكداری دیكە لە ناوەندی قەزاكەدا، جگە لە سوپا.
"فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا ئەمنیەتی ناوەندی قەزاكەی وەرگرتووە و لەژێر دەستی فیرقەی 20 و لیوای 72ی سوپادایە" تائی وای وت.
له سنوری قهزای شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن له نێویاندا حهشدی شهعبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمهرگهی ئێزیدخان و پێشمهرگهی سهر بهحكومهتی ههرێم كه له مهزارگهیهكدا جێگیركراون.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا وتی "لەچوارچێوەی بڕگەكانی رێككەوتنەكەدا دۆسیەی دامەزراندنی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی ئێزیدی هەیە لە ریزی هێزە ئەمنییەكاندا، ئەو ژمارەیەی پێویستە پشكنینیان بۆ كراوە و ئەوانەی لە پشكنینی یاساییشدا دەرنەچون كەسانی دیكە خراوەتە جێگەیان".
بەپێی رێككەوتنی شنگال، دوو ههزار و 500 كارمهندی ئهمنی كه ههزار و 500یان له ئاواره شنگالییهكانی ناو كهمپ و ههزاریان له دانیشتوانی ئێستای شنگال بن دادەمەزرێنرێن، بەڵام دەوروبەری 10 هەزار گەنجی ئێزیدی بۆ ئەو مەبەستە فۆڕمیان پڕكردەوە.
"پشكنین بۆ نزیكەی 10 هەزار كەس كراوە، بەڵام هەمویان لەروی تەندروستی و یاساییەوە شایستە نەبون، لە بەشێكیاندا مەرجەكانی دامەزراندن لە ریزی هێزە ئەمنییەكاندا نەبوو"، تائی دەشڵێت لەمساڵدا مامەڵەی پێكهێنانی ئەو هێزە راییدەكەن.
رێككهوتنی نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، له تشرینی یهكهمی 2020 بۆ رێكخستنهوهی ئیداری، ئهمنی و ئاوهدانی قهزاكه واژۆكرا.
لیوا روكن جەبار تائی دەڵێت ماددە و بڕگەكانی دیكەی رێككەوتنەكە لە 2022ـدا جێبەجێدەكرێن.
هەروەها لەبارەی ئاساییبونەوەی بارودۆخی شنگالەوە وتی هەریەك لە فەرمانگەكانی وەك كارەبا، شارەوانی، دادگا و رەگەزنامە گەڕاونەتەوە بۆ قەزاكە، هەوڵەكانیش بەردەوامە تا زیانلێكەوتوانی ناوچەكە قەرەبوو بكرێنەوە.
هێرشەكانی ئابی 2014ـی داعش بۆ شنگال، جگە لەلایەنی ئەمنی، زیانی به كهرتی گشتی گهیاند له نێویاندا وێرانبونی تۆڕهكانی ئاو و كارهبا، روخانی خانوی هاوڵاتیان، خوێندنگه و شوێنە ئاینییەكان، جگە لەوەی هێشتا هەزاران ئێزیدی ئاوارەن، ئەوەش بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو).
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا وتی هێشتا بەشێكی هاوڵاتیان لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی عەشایەری نایانەوێت بگەڕێنەوە و هەندێكیشیان چاوەڕێی دابینكردنی خزمەتگوزاریی دەكەن تا لە ئاوارەیی بگەڕێنەوە، "ئەركی ئێمە پێشوازیكردن لە ئاوارەكان و گەیاندنیانە بە سەلامەتی بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان، لەگەڵ وردبینی ئەمنی و پێدانی مۆڵەتی گەڕانەوە" بۆ ئەوەش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان بە رێگەی ئەلیكترۆنی و بە سەردانی راستەوخۆش مامەڵە و بەڵگەی گەڕانەوەی ئاوارەكان وەردەگرێت.
بەپێی دوایین ئاماری حكومەتی عیراق زیاتر لە 27 هەزار خیزانی شنگال و دەوروبەری نەینەوا هێشتا ئاوارەن.
جەبار تائی دەڵێت سنورێكی دورودرێژی و بەرفراوانیان لەگەڵ سوریا هەیە، لە هەندێك شوێنی بە قوڵی و پانی سێ مەتر خەندەق هەڵكەنراوە، كە وادەكات پەڕینەوە و بەزاندنی سنور بە ئۆتۆمبێل و رێگەی دیكەش زۆر ئەستەم بێت، تەنیا ئەوانە نەبێت كە توانای جەستەییان بەهێزە و دەتوانن دزەبكەن.
دوای خەندەقەكەش چەندین بەربەستی دیكەی ئەمنی و سیاج و كامێرای حەراری هەن، بەوتەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا.
بەپێی بەیاننامەیەكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی كە ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی كانونی دوەم بڵاویكردەوە 62 سوری دەستگیركراون لەكاتی بەزاندنی سنور بەرەو عیراق لە خۆرئاوای نەینەواوە.
قهزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچهیهكی جێناكۆكه و لهڕوی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.