بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی:
مامۆستایەك بەدار لە خوێندكارێكی داوە و دەستی درزی بردووە

دڵخۆش کامەران ئیبراهیم، ئەو قوتابییەی لەلایەن مامۆستاكەیەوە لێی دراوە. فۆتۆكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە

كەركوك ناو

شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركوك، ئاشكرای دەكات كە مامۆستایەكیان لە قوتابخانەیەكی سەرەتایی، لە یەكێك لە خوێندكارەكانی داوە و بەهۆیەوە دەستی خوێندكارەكە درزی بردووە. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە.

ئەو روداوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی كانونی دووەم، لە قوتابخانەی راپەڕین رویداوە لە گەڕەكی شۆریجەی كەركوك و بەهۆیەوە كەسوكاری خوێندكارەكە (دڵخۆش کامەران ئیبراهیم) كە پۆلی شەشەمی سەرەتاییە، سكاڵایان لای بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك (بەشی خوێندنی كوردی) تۆماركردووە.

"مامۆستاكە هەڵساوە بە لێدانی قوتابییەكە و بە دار لەناو دەستی داوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی دەستی درزی بردووە"، بەپێی رونكردنەوەیەكی خوێندنی كوردی.

مامۆستاكە هەڵساوە بە لێدانی قوتابییەكە و بە دار لەناو دەستی داوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی دەستی درزی بردووە

شێرزاد كاكە لە رونكردنەوەكەدا دەڵێت دەستبەجێ سکاڵاکەیان لە كەسوكاری خوێندكارەكە وەرگرتووە و ئاراستەی یەکەی سەپەرشتیاری بنەڕەتییان كردووە.

"بڕیارماندا بەپەلە و بێ دواکەوتن لیژنەی لێکۆڵینەوە پێكبهێنین... بەپێی راسپاردەکانی لیژنەکە رێوشوێنی یاسایی پێویست لە بەرامبەر مامۆستاکە دەگرینەبەر، ئەوەش بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان".

ئەمە دووەم حاڵەتی لێدان و سوكایەتییە دژ بە خوێندكاران لە ناو شاری كەركوك و لە ساڵی خوێندنی 2021 – 2022.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە 10ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە؛ تیایدا مامۆستایەك بە بەرچاوی ژمارەیەك خوێندكاری دیكەی مێردمنداڵەوە لە ناو پۆل و لەبەردەم تەختەنوسینی پۆلەكەدا، بە ماسیحەیەك تا هێزی تیایە سێ جار بە خوێندكارێكدا دەكێشت و جنێوی پێدەدات.

بۆ ئەو روداوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا و بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عیراق مامۆستاكە سزادرا، ئەوەش بە دورخستنەوەی بۆ دەرەوەی شار و راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی بۆ ساڵێك.

شێرزاد كاكە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی، لە رونكردنەوەكەی ئەمڕۆیدا داوا لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی دەكات، "خۆیان بەدوربگرن لەم دیاردە خراپە کە ئەویش لێدانی قوتابیە لەناو پۆلدا... لەمێژە بابەتی لێدان لە قوتابی بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە قەدەغە کراوە، هەموشمان باش دەزانین کە قوتابی و خوێندکار جگەرگۆشی ئێمەی مامۆستان و پێویستە زۆر بە نەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT