مەترانی کلدانی موسڵ، دەشتی نەینەوا و ئاکرێ:
بگەڕێنەوە بۆ موسڵ، شار ئارامە

مەتران نەجیب میخائیل، مەترانی کلدانی موسڵ، دەشتی نەینەوا و ئاکرێ. فۆتۆ: پەیجی Irfaa Sawtak

عەمار عەزیز – نەینەوا

مەتران نەجیب میخائیل، مەترانی کلدانی موسڵ، دەشتی نەینەوا و ئاکرێ، دوای شەش مانگ لە گەڕانەوەی بۆ موسڵ، داوا لە كریستیانەكان دەكات بۆ شارەكە بگەڕێنەوە و بە شارێكی "ئارام" ناوی دەبات.

مەتران نەجیب میخائیل، شەش مانگ لەمەوبەر گەڕایەوە بۆ شاری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا و بڕیاریدا هەر لەوێ نیشتەجێ بێت، ئەوەش دوای هەشت ساڵ دێت لە بەجێهێشتنی شارەكە بەهۆی هەڕەشەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام، ناسراو بە (داعش).

"باب دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای منداڵەکانی، منیش گەڕامەوە بۆ موسڵ تا لە نزیکەوە ئاگاداری نۆژەنکردنەوەی کەنیسەکانبم، موسڵ شاری منە، من یەکەم مەترانم لە دوای ئازادکردنی موسڵەوە گەڕاومەتەوە و تیای دەژیم". مەتران نەجیب میخائیل كە خۆی لە دایکبوی شاری موسڵە وایوت.

"لەکاتی گەڕانەوەمدا، خەڵکی مۆسڵ بە گشتی زۆر دڵخۆشبون و پێشوازییەكی گەرمیان لێكردم، ئەوان زۆر حەزدەکەن کریستیانەکان بگەڕێنەوە، تا هاوشێوەی سەردەمی پێش داعش پێكەوە لە شارەكە بژین".

به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان هه‌زار خانه‌واده‌ی كریستیان هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان و له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌زاران خێزانی تر – ته‌نیا له‌ نه‌ینه‌وا زیاتر له‌ 24 هه‌زار خێزان- به‌ره‌و وڵاتانی تر كۆچیانكردووه‌.

له‌ كۆی زیاتر له‌ 665 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا 7یان‌ كریستیانن.

ئەوەش دوای ئەوە هات كە داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كاتێك پارێزگای نەینەوای كۆنترۆڵكرد؛ سێ‌ بژارده‌ی خستەبەردەم کریستیانەکان ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌بون و زۆربه‌ی شوێنه‌ ئایینییه‌كانیشیان وێرانكران.

مەترانی کلدانی موسڵ، دەشتی نەینەوا و ئاکرێ، دڵگرانە لەوەی تائێستا تەنیا 70 بۆ 80 خێزان گەڕاونەتەوە ناو موسڵ.

matran.najeb4
مەتران نەجیب میخائیل، مەترانی کلدانی موسڵ، دەشتی نەینەوا و ئاکرێ. لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی موسڵ. دوای گەڕانەوەی بۆ شارەكە. وێنەكە لەلایەن مەترانەوە دراوە بە (كەركوك ناو)

ئەو وتی "ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە موسڵ، بەشێكیان دوای گەڕانەوەی من هاتونەتەوە... هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارە کریستیانەکان دەگەڕێتەوە بۆ نۆژەننەکردنەوەی خانوەکانیان و شوێنە ئاینییەكانیان".

لە ئێستادا كاركردن بۆ نۆژەنكردنەوەی پێنج كەنیسە لە موسڵ بەردەوامە، مەتران نەجیب میخائیل وتی "بەگشتی 20 كەنیسە لە پارێزگای نەینەوا لە چاوەڕوانی نۆژەنكردنەوەدان".

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان، لە 7ی ئاداری 2021 له‌ سەردانەكەیدا بۆ عیراق، سەردانی شاری موسڵی كرد و له‌ كڵێسای حه‌وشه‌ی به‌یعه‌ چاوی به‌ هاوڵاتیانی كریستیان كه‌وت و نوێژی بۆ قوربانییانی شه‌ڕ كرد.

پاپا لە نەینەوا نیگەرانی لە وێرانكارییەكانی شەڕ دەبڕی، داوای ئاوەدانی و خزمەتگوزاری كرد، هەروەها بە پێویستیشی زانی كریستیانه‌كانی نه‌ینه‌وا جارێكیتر بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یاندا به‌شداربن.

matran.najeeb
مەتران نەجیب میخائیل، لە یەكێك لە كەنیسەكانی موسڵ. فۆتۆ: پەیجی Irfaa Sawtak

نەجیب میخائیل، لەبارەی گەڕانەوەی خۆی بۆ موسڵ، وتی "ئامانجم ئەوەیە هانی ئاوارە کریستیانەکان بدەم تا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، دووەم چاودێریكردنی نۆژەنکردنەوەی کەنیسەکان، سێیەم دەمەوێت پەیامێک ئاراستەی هەموو جیهان و کریستیانەکان بکەم کە شاری موسڵ ئارامە و تەنیا پێویستی بە ئاوەدانکرنەوە و خزمەگۆزاری زیاترە تا هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خویان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT