ئەساقفەی كلدانی كەركوك ژینگەیەكی ئارام بۆ منداڵانی ئۆتیزم دابیندەكات

كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2021/ مەتران یوسف تۆما، سەرۆكی ئەساقفەی كلدان لە كەركوك و سلێمانی فۆتۆ: عەبدوڵا سەمەد

عومەر هیلالی – كەركوك

سەرۆكی ئەساقفەی كلدان لە كەركوك و سلێمانی بە جلوبەرگی رەسمی ئایینی كریستیانییەوە، راڕەو و سەربانی باڵەخانەی ناوەندەكە بەسەردەكاتەوە، تا لە مەرجەكانی دابینكردنی ژینگەی ئارام بۆ منداڵانی ئۆتیزم بكۆڵێتەوە.

"لە ماوەی ساڵ و نێوێكدا توانیمان ئەم پرۆژەیە جێبەجێبكەین سەرباری ئەو بارودۆخەی بەهۆی كۆرۆناوە هەبوو" مەتران یوسف تۆما بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

بە بودجەی 200 ملیۆن دیناری عیراقی، ناوەندێكی تایبەت بە منداڵانی توشبوی نەخۆشی ئۆتیزم بنیاتدەنرێت، ئەوەش بە هەوڵی سەرۆكایەتی ئەساقفەی كلدان لە كەركوك و سلێمانی، پاڵپشت بە بەخشش و هاوكاری دارایی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كەسایەتییەكانی كەركوك.

ناوەندەكە بۆ هەموو منداڵانی ئۆتیزمە لە هەموو پێكهاتە ئایینیی و نەتەوەییەكانی كەركوك.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق، رێژەی توشبوانی ئۆتیزم زیادیكردووە لەم ساڵانەی دواییدا، لەكاتێكدا ناوەند و سەنتەرەكانی تایبەت بە راهێنان و چارەسەری ئەو نەخۆشییە كەمن، بۆیە پێشنیاز بۆ رێكخراوی یونیسێف كراوە هاوكاری ئەو ژنانە بكات كە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.

2fd7f185-76fb-4b48-87d6-25c0f1d9ec55
كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2021/ باڵەخانەی ناوەندی منداڵانی نەخۆشی ئۆتیزم لە نەخۆشخانەی منداڵانی كەركوك فۆتۆ: عەبدوڵا سەمەد

هاوكات زانكۆی كامبرێدج-ـی بەریتانی لە توێژینەوەیەكدا دەڵێت "نەخۆشی ئۆتیزم بەرێژەیەكی زۆر لە عیراق تەشەنەدەسەنێت بەراورد بە ساڵانی پێش شەڕی 2003، ئەو زیادبونەش بەرێژەی 75 كەسە بۆ 10 هەزار منداڵ".

ئۆتیزم (Autism)؛ جۆرێکە لە ئاڵۆزی و تێکچوونی گەشەی مێشك، نیشانەكانی لە منداڵی ساواوە تا تەمەنی سێ ساڵی زیاتر دەردەكەون، كە دەبێتە هۆی شێواوی لە هەڵسوكەوت و بیركردنەوە و پەیوەندی توشبوو لەگەڵ کەسانی دەوروبەر، لە هەندێكیاندا رێژی نەخۆشییە كەمە و بەڵام هەندێكیان بە توندی نەخۆشییەكە دەگرن و پێویستیان بە هاوكاری بەردەوام هەیە تا درێژە بە ژیان بدەن.

مەتران یوسف تۆما، سەرۆكی ئەساقفەی كلدان لە كەركوك و سلێمانی، لە ژورێكی تەرخانكراوی ناوەندەكە نوێیەكەدا بۆ یاری منداڵان وەستابوو، كاتێك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەم ناوەندە بە بەخشش و هاوكاری دروستكراوە، لەگەڵ رێكخراوێكی (اخوة العراق)ـی فەرەنسی قسەم كرد و بە هاوكاری كەسایەتییەكانی پارێزگای كەركوكیش توانیمان بودجەی پێویست كۆبكەینەوە و بە كوالێتییەكی بەرز شوێنەكە بنیاتبنێین".

ئەم پرۆژانە دەبنە هۆكارێك بۆ كەمبونەوەی نەخۆشییە دەگمەنەكان بەتایبەت لای منداڵان

 

ژینگەیەكی ئارام بۆ منداڵانی توشبوو

ناوەندی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم، لەسەر روبەری 250 مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە كە زەوییەكەی لەلایەن ئیدارەی كەركوكەوە دابینكراوە، ئەوەش لەناو حەرەمی نەخۆشخانەی منداڵاندا لە ناوەندی شار، بە شێوازێكی ئەندازیاری گونجاو بۆ توشبونی ئەو نەخۆشییە.

جگە لە دابینكردنی ئامێر و پێداویستی پزیشكی پێشكەوتوو، كادیری تەندروستی شارەزا و پسپۆڕی بۆ دانراوە.

دكتۆر مستەفا ئەلیاس، بەڕێوەبەری ناوەندەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت لە نهۆمی یەكەمی باڵەخانەكەدا ژوری چارەسەری پزیشكی، یاری منداڵان، راوێژ، پێشوازی، هەڵسەنگاندن و دیاریكردنی نیشانەكانی منداڵانی توشبوی ئۆتیزم هەیە.

نهۆمی دوەمی باڵەخانەكە بەوتەی ئەلیاس، پێنج ژورە و چواریان بۆ پێشوازی لە منداڵانی ئۆتیزم و راهێنانەوە تەرخانكراوە، لەگەڵ ژورێكی تایبەت بە بیستن و قسەكردنی منداڵ.

لە 18ـی كانونی یەكەمی 2017ـدا نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریدا 2ـی نیسانی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە لە نەخۆشی ئۆتیزم دیاریبكات.

IMG_0117
كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2021/ راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك ناوەندی منداڵانی ئۆتیزم دەكاتەوە فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگا

ناوەندەكەی تایبەت بە ئۆتیزمی لە كەركوك، مانگی تشرینی یەكەمی 2021 بە ئامادەبونی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كرایەوە و لە مەراسیمەكەدا ناوبراو وتی "هیوادارین هەماهەنگی و هاوكاری هەبێت بۆ گرەنتی خزمەتكردنی هاوڵاتیانی كەركوك .. هەموانیش لەپێناو پاڵپشتی هەوڵەكانی دابینكردنی خزمەتگوزاری و چارەسەری كێشەكاندا كاربكەن، نەك تەنیا وروژاندنی".

تەندروستی كەركوك كردنەوەی ئەو ناوەندە بۆ منداڵانی ئۆتیزم، بە پرۆژەیەك ناودەبات كە رێگری لە تەشەنەشەندنی زیاتری نەخۆشییە دەگمەنەكان بە تایبەت لای منداڵ، دەبێتە هۆی كردنەوەی دەرگای هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان بۆ گرنگیدانی زۆرتر بەو توێژە، هانی لایەنە حكومییەكانیش دەدات زەوی و باڵەخانە بۆ پرۆژەی هاوشێوە تەرخانبكەن.

ئەساقفەی كلدان لە كەركوك و سلێمانی؛ ساڵی 2020ـیش ئامێرێكی پشكنینی پێشوه‌خته‌ی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك-ـیان بۆ ناوه‌ندی چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ كه‌ركوك كڕی، جگە لەوەی له‌ ساڵی 2005ـه‌وه‌ كلینیكێكیان له‌نێو كڵێسایه‌كی كه‌ركوكدا كردۆته‌وه‌، بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی به‌ هاوڵاتیان، به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌ و ئایین.

مەتران یوسف تۆما، پێش بەجێهێشتنی باڵەخانەی ناوەندەكە وتی "دیزاینی ئەم ناوەندە بەتایبەتی كاری لەسەر كراوە، لەبەرئەوەی منداڵانی ئۆتیزم نا كۆمەڵایەتیین و پێویستیان بە چاودێری هەیە، تەنانەت دەبێت پلاك و كارەبای باڵەخانەكەش لە ئاستێكدا بێت دەستی منداڵەكانی پێنەگات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT