ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە كەركوك زیاتر هەڵدەكشێت، سەرباری هۆشداریی تەندروستی دەربارەی مەترسییەكانی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن، بەڵام كەمترین هاوڵاتی پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی دەبن و وەرگرانی ڤاكسینیش هێشتا لەئاست داخوازی حكومەتدا نییە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بۆ ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە هەینی رابردوو 14ـی كانونی دوەمی 2021ـەوە تا پێنجشەممە 20ـی هەمان مانگ لە پارێزگای كەركوك پێنج هەزار و 47 حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون.
لەو هەفتەیەدا بۆ سێ رۆژ كەركوك لەسەر ئاستی عیراق بەرزترین ژمارەی توشبونی هەبووە، زۆرترین توشبوو لە 18ـی مانگدا بووە.
بەپێی ڤیدیۆیەكی تەندروستی كەركوك؛ بەدوری نازانن بەشێك لە توشبوانی كۆرۆنا لە جۆری ئۆمیكرۆن بێت، كە نوێترین گۆڕاوی ڤایرۆسەكەیە و بەراورد بە نەوەكانی پێش خۆی، خێراتر بڵاودەبێتەوە.
دكتۆر مونزیر نوعمان، بەڕێوەبەری هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكان لە تەندروستی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ژمارەی توشبوان رۆژانە زیاتر دەبێت، توشبوانیش لە تەمەنی چوار ساڵی بەرەو سەرەوەن، گەنجانیش توشی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن دەبن، سەرباری ئەوەی بەرگری لەشیان بەهێزە".
تەنیا لە یەك هەفتەی رابردوو پێنج هاوڵاتی توشبوی كۆرۆنا لە كەركوك گیانیانلەدەستداوە، بەپێی ئامارە رەسمییەكان.
لەیلا عەلی، مامۆستای سەرەتایی لە كەركوك دەڵێت هەڵكشانی ژمارەی توشبوان بەهۆی پێشێلكردنی رێكارەكانی خۆپارێزییەوەیە، بەتایبەت لە خوێندنگەكاندا، ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت "خوێندكاران ناتوانن بە درێژایی چوار كاتژمێری دەوامەكەیان دەمامك بكەن، ئەوەش وادەكات خوێندكاران توشی كۆرۆنا بن، لە خێزان و كەسوكارەوە ڤایرۆسەكە بهێنن و مامۆستایانیش توش بن، بە تایبەت لەكاتێكدا سێ بۆ چوار خوێندكار لەسەر یەك رەحلە دادەنیشن".
تەندروستی كەركوك ئاماری توشبوانی خوێندكار و مامۆستا و فەرمانبەرانی كەرتی پەروەردە بە جیا بڵاوناكاتەوە.
لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەكانیشدا كەمترین هاوڵاتی دەمامك دەكەن كە بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی لە رێگا سەرەكییەكانی خۆپارێزییە، لەپاڵ رێكارەكانی دیكەی دوری كۆمەڵایەتی و شتنی دەست بە بەردەوامی و وەرگرتنی ڤاكسین.
عەلی هادی، دوكانداری بازاڕی سەوزە و میوەیە لە كەركوك، دەڵێت "رۆژانە دەیان هاوڵاتی لە بازاڕ دەبینین كە دەمامك نابەستن، هیچ گوێ لە هەبونی ڤایرۆسی كۆرۆنا نادەن، لە 100 كەسدا دوو بۆ سێ هاوڵاتی دەبینی دەمامكیان بەستبێت".
ڤیدیۆ: دكتۆر مونزیر نوعمان، بەڕێوەبەری هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكان لە تەندروستی كەركوك باس لە توشبوانی كۆرۆنا و گۆڕاوی ئۆمیكرۆن دەكات
"لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە زۆر دەبینین و دەبیستین دەڵێن ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە، یان دەڵێن وەرگرتنی ڤاكسین هیچ لە واقیعی نەخۆشییەكە ناگۆڕێت ئەگەر هەبێت" هادی بۆ (كەركوك ناو) وای وت، لەوكاتەدا بە پچڕپچڕ قسەكانی كرد، چونكە چەندین كڕیار سەردانیان كرد كە دەمامكیان نەبەستبوو.
لە سەرەتای دەركەوتنی كۆرۆناوە تائێستا نزیكەی 82 هەزار كەس توشی كۆرۆنا بون لە كەركوك.
بەڕێوەبەری هۆبەشی نەخۆشییە گوازراوەكان لە تەندروستی كەركوك دەڵێت "زیادبونی ژمارەی توشبوان بەهۆی پابەندنەبونی هاوڵاتیانەوەیە بە رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی لە شەقام و بازاڕ و تەنانەت دامەزراوە حكومییەكاندا، هەروەها بەهۆی وەرنەگرتنی ڤاكسینەوەیە".
بەپێی ئامارەكانی تەندروستی تائێستا 363 هەزار و 524 هاوڵاتی كەركوك ڤاكسینیان وەرگرتووە لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار دانیشتوی پارێزگاكە.
دكتۆر مونزیر نوعمان وتی "گۆڕاوی ئۆمیكرۆن بەشێوەیەكی گەورە بڵاودەبێتەوە، لە جۆرەكانی پێشتر خێراتر لەنێوان هاوڵاتیاندا تەشەنە دەكات، نیشانەكانی لە یەكەم رۆژی دوای توشبونەوە دەردەكەون، بۆیە رێنمایی هاوڵاتیان دەكەین ڤاكسین وەربگرن و پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن، ئەوانەیشی هەردوو ژەمەكەی ڤاكسینیان وەرگرتووە دەتوانن ژەمی سێیەمیش وەربگرن كە كەركوك یەكەم پارێزگا بوو پێدانی ئەو ژەمەی لە ناوەندە تەندروستییەكانەوە دەستپێكرد".
توشبوانی كۆرۆنا لە عیراق گەیشتۆتە دوو ملیۆن و زیاتر لە 137 هەزار هاوڵاتی و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 24 هەزار و 270 كەسیان گیانیانلەدەستداوە.