وردەكاری بۆردومانەكەی توركیا لە شنگال: فەرماندەیەكی یەبەشە لەنێو كوژراوەكاندایە

نەینەوا/ 21ـی كانونی دوەمی 2022/ ئۆتۆمبێلێكی یەبەشە لەلایەن توركیاوە دەكرێتە ئامانج فۆتۆ: فورات نیوز

عەمار عەزیز – نەینەوا

فەرماندەیەك و شەڕڤانێكی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) كوژران و دوانی دیكەش برینداربون، بەهۆی بۆردومانی ئاسمانی توركیاوە لە شنگال، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە.

بۆردومانە كاتژمێر 3:30 خولەكی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 21ـی كانونی دوەمی 2022 بووە، لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی یەبەشە، ئەوەش لە ناوچەی شلۆی خۆرئاوای قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێی شنگال بە (کەرکوک ناو)ـی وت "دووجار فڕۆکەی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەبەشەیان کردە ئامانج، بەداخەوە بەوهۆیەوە دوو کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا شەهید بون، دوو کەسیش برینداربوون".

ئەو ئەنجومەنە چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بۆ ئیداره‌دانی شنگال راگه‌یه‌ندراوه‌ و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن و به‌ناوی یه‌به‌شه‌وه‌ لێدوان ده‌ده‌ن.

هەروەها ئەلیاس وتی بارودۆخی تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و چارەسەری تەندروستی پێویستیان بۆ کراوە.

هاوكات میدیای نزیك لە یەبەشە بڵاویكردەوە بەهۆی هێرشەكەی توركیا فەرماندەیەكی ئەو هێزە لە شنگال و شەڕڤانێكی دیكە كوژران بەناوەكانی (ئازاد ئیزدیان و ئەنوەر تۆڵهەڵدان)، جگە لە برینداربونی دوو شەڕڤانی تر.

ybsh-1-1-1
نه‌ینه‌وا، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

یه‌به‌شه و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2014 لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایە و بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان.

سەرچاوەیەك لە قایمقامیەتی شنگال كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بۆردومانەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی یەبەشەیان كردۆتە ئامانج و بەداخەوە دوو شەڕڤان شەهید بون، بەڵام نازانین چەند بریندار هەن".

سەرچاوەكە وتی "بۆردومانەكە چەندجارێك بووە و هەر لە هەمان شوێنیشدا بووە".

له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێم.

توركیا لە یەك ساڵی رابردودا چەندینجاری دیكە بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردووە بە پاساوی كردنە ئامانجی بارەگا و لێپرسراوانی نزیك لە پەكەكە.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT