پێنج كەس كوژران و زیاتر لە 21 كەسی دیكەش برینداربون، لەنێویاندا مەدەنی و چەكدار هەن، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری زیانەكانی بۆردومانی توركیا لە چەند ناوچەیەكی شنگال و مەخمور، كە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە.
بۆردومانەكەی توركیا، كاتژمێر 10ـی شەوی سێشەممە 1ـی شوباتی 2022 دەستیپێكردووە و تا كاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی چوارشەممە 2ـی شوبات بەردەوام بووە، ئەوەش بەوتەی زیاد لە سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) بۆ دوایین ئامارەكانی زیانی ئەو بۆردومانە، پێنج كەس كوژراون، كە سێ كەسیان مەدەنی بون، لەگەڵ برینداربونی 21 كەسی دیكە و زۆرینەشیان لە مەخمور بون.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئامانجێكی بۆردومانەكەی توركیا ناوچەی بارێ بووە، كە ناوچەیەكی مەدەنی نشینە و بەهۆیەوە سێ مەدەنی گیانیانلەدەستداوە، كە خەڵكی خۆرئاوای كوردستان (كوردستانی سوریا)ـن و عەرەبن، بۆ كاركردن لە شنگال بون، كەسێكی دیكەش برینداربووە".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ـی سەر بەحكومەتی توركیا بڵاویكردەوە، ئۆپەراسیۆنی وڵاتەكەی كە بە "هەڵۆی زستان" ناسراوە بە ئامانجی لێدانی چەكدارانی یەبەشە بووە و "هەموو رێوشوێنێک گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنیی و ژینگە نەگات".
بەڵام یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردۆتەوە لەو بۆردومانەی قەزای شنگال هیچ زیانێك بەر هێزەكانیان نەكەوتووە و تەنیا "سێ مەدەنی كە كاری هەڵكەندی بیریان دەكرد شەهید بون و یەكێكی دیكەش بریندار بووە".
یه‌به‌شه و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2014 لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایە و بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان.
سێ مەدەنی خەڵكی كوردستانی سوریا لە شنگال بەهۆی بۆردومانەكەوە گیانیانلەدەستدا
دوو رۆژە لە چەند ناوچەیەكی شنگال و كەمپی مەخمور ناڕەزایی دژی بۆردومانەكانی توركیا هەیە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی شوبات لە ناوچەی خانەسۆری شنگال خەڵك خۆپیشاندانیان كرد.
فەرحان ساڵح، مامۆستا لە خوێندنگەی بلستان-ـی سەرەتایی لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت لەگەڵ خوێندكارەكانیاندا دژی بۆردومانەكان گردبونەتەوە، "ناڕەزایی ئێمە دژی بەردەوامی كوشتنی خەڵك و بۆردومانەكانە، چونكە كاتی تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵە و خەمی خوێندنی منداڵەكانمانە، كە بەهۆیەوە كەوتونەتە ترس و دڵەڕاوكێ، بۆیە داوای بەدەنگەوەهاتن و هەڵوێستی هەموولایەك دەكەین".
توركیا پێشتریش دەیانجار بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردوە بە پاساوی كردنە ئامانجی یەبەشە.
خودێدا ئەلیاس دەڵێت لە بۆردومانی ئەمجارەدا 20 شوێن كراوەتە ئامانج، لەنێویاندا بارەگای یەبەشە و بارەگای فەوجی 80ـی حەشدی شەعبی.
"خەڵك ناڕازییە، دوێنێش لە خانەسۆر ئیدانەی بۆردومانەكە كرا، بۆیە توركیا دڵنیا دەكەینەوە هێرشەكانی ئەوان ناتوانن ئێمە لە خەبات و تێكوشان دابڕێنن".
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) هه‌ژمارده‌كرێن، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەكەن.
یوسف كارا، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی گەل لە كەمپی مەخمور –ئەنجومەنەكە بە نزیك لە پەكەكە هەژماردەكرێت- بە (كەركوك ناو)ـی وت "بۆردومانەكە لەڕێی فڕۆكەی ئێف 16ـەوە بوو، بەداخەوە دوو كەس شەهید بون و زیاتر لە 20 كەسیش برینداربون، بریندارەكان بۆ چارەسەر رەوانەی گەیارە و موسڵ و چەند ناوچەیەكی تر كراون".
بەپێی راگەیەندراوێكی هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی كەمپی مەخمور –ئەو هێزە بە نزیك لە پەكەكە هەژماردەكرێن و بەرپرسن لە ئەمنیەتی كەمپەكە-، لە بۆردومانەكانی توركیادا دوو كەس گیانیانلەدەستداوە كە ئەندامی ئەوان بون.
لە هەموی ناخۆشتر بێدەنگی و بێ هەڵوێستی دەسەڵات و لایەنەكانە
ئه‌و كه‌مپه له قه‌زای مه‌خموره (باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ)، لانیكه‌م 12 هه‌زار كوردی توركیای تێدا نیشته‌جێیه، دوای ئه‌وه‌ی له نه‌وه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیاوه ناوچه‌كانی خۆیان (له كوردستانی توركیا) به‌جێهێشت، كه‌مپه‌كه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به‌فه‌رمی تۆماركراوه.
"یەكەمجار نییە توركیا بۆردومانی كەمپەكە دەكات بەڵام لە هەموی ناخۆشتر بێدەنگی و بێ هەڵوێستی دەسەڵات و لایەنەكانە" بەوتەی یوسف كارا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە حكومەتی عیراق، چوارشەممە 2ـی شوبات لە راگەیەندراوێكدا ئیدانەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەكەیی كرد لەلایەن توركیا بۆ بۆردومانی مەخمور و شنگال، ئامادەیی عیراقیشی نیشاندا بۆ هەماهەنگی و پاراستنی سەقامگیری لە سنورە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات‌دا.
له قه‌زای شنگال زیاتر له هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم.
به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال، كه له تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه واژۆیانكرد؛ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه ده‌بێت، له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن.
شنگال و مه‌خمور، دوو ناوچه‌ی جێناكۆكی نه‌ینه‌وان، له‌روی ئیدارییه‌وه سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی و دۆسیه‌ی ئه‌منییان به ده‌ست هێزه عیراقییه‌كانه‌وه‌یه.