ناكۆكییەكانی شنگال قوڵتر دەبنەوە
سوپای عیراق و یەبەشە دان بە دەسەڵاتی یەكتریدا نانێن

نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە قەزای شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا

عەمار عەزیز – نەینەوا

تادێت ناكۆكییەكانی شنگال قوڵتر دەبنەوە، چونكە سوپای عیراق هەوڵدەدات دۆسیەی ئەمنی شارەكە تەنیا لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدا بێت، ئەوەش بەلای یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ـەوە رەتدەكرێتەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە چەند رۆژی رابردودا هێزی زیاتری سوپای عیراق رەوانەی قەزای شنگال، بە دیاریكراوی ناوەندی ناحیەی سنونێ كراون، ئەوەش روبەڕوی ناڕەزایی بەشێك لە دانیشتوان و بە تایبەتی لایەنگرانی هێزە چەكدارییەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆتەوە.

"لە رۆژانی 14 و 15ـی ئەم مانگەدا هێز لە موسڵ و كەركوكەوە رەوانەی شنگال كراون، نزیكەی نۆ هەزار سەرباز لە قەزاكەدان، بۆ نمونە بە درێژایی تەنیا نۆ كیلۆمەتری ناو سنونێ نزیكەی 16 هەمەڕی سەربازی جێگیركراون" بەوتەی خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ (باكوری خۆرئاوای شنگال).

دوایین بارگرژی نێوان سوپای عیراق و لایەنگرانی یەبەشە هەفتەی رابردودا رویدا؛ كاتێك هێزێكی سوپا لە 15ـی كانونی دوەمدا پەیكەری زەردەشت شنگالی، فه‌رمانده‌ی پێشوی یەبەشەیان لە ناوەندی قەزاكە لابرد، كە بڕیاربوو لە رێوڕەسمێكدا پەردەی لەسەر لاببرێت.

ybsh-2
نه‌ینه‌وا، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

زەردەشت شنگالی، كە فه‌رمانده‌ی گشتی یەبەشە بوو، لە 15ی كانونی دووەمی 2020 لەگەڵ سێ شەڕڤانی تر گیانیانلەدەستدا كە هەر چواریان ئێزیدی بون. ئەوەش بەهۆی بۆردومانی بارەگایەكیان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە.

یه‌به‌شه و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2014 لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایە و بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان.

"پەیكەرەكە رادەستی ئێمە نەكراوەتەوە، سوپا دەڵێن زەردەشت شنگالی عیراقی نییە و فەرمانیان پێنەدراوە پەیكەرەكەی رادەستبكەنەوە، سەرباری ئەوەی چەندینجار داوامانكردۆتەوە" ئەلیاس بۆ (كەركوك ناو) وای وت، پێشیوایە ئەو مامەڵەیە و رەوانەكردنی هێزی زیاتر؛ "هەوڵێكی حكومەتی عیراقە بۆ جێبەجێكردن و سەپاندنی رێككەوتنی شنگال بە زەبری هێز".

رەوانەكردنی هێزی زیاتر؛ هەوڵێكی حكومەتی عیراقە سەپاندنی رێككەوتنی شنگال

به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد؛ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن.

نزیكەی دوو ساڵە چه‌ندین خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی لایه‌نگران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال دژی رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوون.

عەمید روكن ئەسیر حەمزە روبێعی، فەرماندەی فیرقەی 20ـی سوپای عیراق كە لە شنگال جێگیربون وتی "سوپا دەتوانێت ئارامی و سەقامگیری بۆ قەزاكە بگەڕێنێتەوە و باشترین خزمەت بە هاوڵاتیان بكات"، جەختیشیكردەوە لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان "شنگال ئێستا سەقامگیرە بە هەماهەنگی هەموو هێزە ئەمنییەكان لە سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی، حەشدی عەشایەری و پێشمەرگە".

asaish . snjar
شنگال/ ئازاری 2021/‌ بازگه‌ی جیدالێی سنوری ناحیه‌ی گرعوێز، دوای بارگرژیی له‌ نێوان هێزه‌كانی سوپا و لایه‌نگرانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

فەرماندەكەی سوپا بە تۆڕی هەواڵی عیراقییەی نیمچەحكومی راگەیاندووە كە شنگال پێویستی بە پرۆژەی ئاوەدانكردنەوە هەیە و سوپاش ژینگەیەكی ئارام دەڕەخسێنێت تا وەبەرەهێنەران روو لە قەزاكە بكەن.

له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم.

خودێدا چوكی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناحیەكە هیچ پێویستی بە هێزی دیكە نییە، چونكە سنونێ ئارامە بەڵام كاتێك هاوڵاتیان ئەو هێزە زۆرە و هەمەڕەكان دەبینن، یان هەندێك لایەنی ئەمنی بیگانە لە شارەكەدا دەبینن، واهەستدەكەن بەمنزیكانە شەڕ رودەدات".

ناوبراو نیگەرانییەكانی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا گەیاندووە "بەڵام ئەوان تەنیا فەرمان جێبەجێدەكەن و هۆكاری سەرەكی ئەو گرژییانەیشی بەمدواییە بەوهۆیەوە دروستبون، بەشێكی پەیوەستە بە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و هەندێك لایەن دەیانەوێت بازرگانی بە دۆسیەی شنگالەوە بكەن و لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەكاریبهێنن" بەوتەی چوكی.

هێزەكانی یەبەشە لە دوایین راگەیەندراودا، 21ـی كانونی دوەم هەڕەشە دەكەن و دەڵێن "ئێمه‌ په‌یمانمانداوه‌ به‌ ژیان له‌ شه‌نگالێكی ئازاد. جیا له‌وه‌ ئێمه‌ بۆ خۆمان هیچ شتێكی تر په‌سه‌ند ناكه‌ین". ئەو راگەیەندراوە دوای كوژرانی فەرماندە و شەڕڤانێكی یەبەشە هات، كە هەمان رۆژ لە بۆردومانێكی توركیادا لە ناوچەی شلۆی خۆرئاوای شنگال كرانە ئامانج.

زیادكردنی هێز بۆ ترساندنی خەڵك نییە بەڵكو بۆ خزمەتكردنیانە

لەسەر بۆردومانەكانی توركیا پێشتر ناكۆكی و بارگرژی لەنێوان سوپای عیراق و لایەنگرانی یەبەشەدا رویداوە، لە 12ی كانونی یەكەمی 2021، هەردولا روبەڕوی یەكتری بونەوە كاتێك خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی دژی بۆردومانی توركیا و "بێ هەڵوێستی حكومەتی عیراق" بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاوڵاتی و سەربازێك بە سوكی برینداربون.

"حكومەتی عیراق دەیانەوێـت ئەو هێزانە دەربكەن كە بە ناشەرعی ناویان دەبەن، بەڵام یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان ناشەرعی نین، ئێمە ئێزیدی و خەڵكی شنگالین، ئەی ئەوان كێن؟ بۆیە با دڵنیابنەوە لەسەر خەباتی خۆمان بەردەوامدەبین و پێویستمان بە هێزی تر نییە" لێپرسراوەكەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری وادەڵێت.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەكەن.

سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار لە شنگال كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەندێك ناكۆكی هەن، بەڵام زیاتر سیاسین و ناكرێت تێكەڵ بە كێشەی تر بكرێن، چونكە دەزگا ئەمنییەكان زیاتر لە خەڵك دەزانن و ئاگادارن چی پێویستە لەروی ئەمنییەوە بۆ ناوچەكە بكرێت، بۆیە زیادكردنی هێزیش بۆ ترساندنی خەڵك نییە بەڵكو بۆ خزمەتكردنیانە".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "لەڕوی ئەمنییەوە شنگال هیچ كێشەیەكی نییە، فیرقەیەكی تازەی سوپا جێگیركراوە، بەڵام بۆ رێگرییە لە روداوی نەخوازراو و پاراستنی زیاتری ناوچەكە".

borduman (1)
نەینەوا/ 21ـی كانونی دوەمی 2022/ ئۆتۆمبێلێكی یەبەشە لەلایەن توركیاوە دەكرێتە ئامانج فۆتۆ: فورات نیوز

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، هۆكاری ئەمنی یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم گەڕانەوەی خەڵكی شنگال كە بەپێی ئامارەكانی حكومەتی عیراق، زیاتر لە 27 هەزار خیزانی قەزاكە هێشتا ئاوارەن.

لیوا روكن جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا سەرەتای ئەم مانگە بۆ عیراقییەی نیمچەحكومی ئاشكرایكرد دۆسیەی ئەمنی ناوەندی قەزای شنگال بە تەواوی كەوتۆتە دەستی سوپا و لەمساڵیشدا هێزێكی نوێ لە هاوڵاتیانی ئێزیدی پێكدەهێنرێت.

بەپێی رێككەوتنی شنگال، دوو هه‌زار و 500 كارمه‌ندی ئه‌منی كه‌ هه‌زار و 500یان له‌ ئاواره‌ شنگالییه‌كانی ناو كه‌مپ و هه‌زاریان له‌ دانیشتوانی ئێستای شنگال بن دادەمەزرێنرێن، بەڵام دەوروبەری 10 هەزار گەنجی ئێزیدی بۆ ئەو مەبەستە فۆڕمیان پڕكردەوە.

هەوڵەكانی پێكهێنانی ئەو هێزە لەكاتێكدایە چارەسەری كێشەكانی نێوان سوپا و هێزەكانی نزیك لە پەكەكە بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە، سەرباری ئەوەی چەندین شاندی باڵای ئەمنی عیراقی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی قەزاكەیان كردووە لە رابردودا.

خەڵك زۆر بێتاقەت بووە لەو ناكوكی و ئاڵوزییانەی نێوان سوپا و هێزەكانی تر 

نزار بەرجس، چالاكوانی مەدەنی لە سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆر بە رونی و بە ئاشكرا بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوامان وت چیتر خەڵك زۆر بێتاقەت بووە لەو ناكوكی و ئاڵوزییانەی نێوان سوپا و هێزەكانی تر، تاكەی بەرگەی ئەو ناخۆشیانە بگرین، پێویستمان بە چارەسەری یەكجاری و كۆنكرێتی هەیە تا كەسوكاری هیچ لایەك نەبێتە قوربانی".

ئەو گەنجە یەكێك بووە لە بەشداربوانی كۆبونەوەیەك لەگەڵ لێپرسراوانی سەربازی لە سنونێ، كە رێكخراوی پردی گەنجان 21ـی كانونی دوەم رێكیخست بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان سوپا و یەبەشە، بە ئامانجی رێگری لە دوبارەبونەوەی بارگرژی دیكە و پێكدادانی چەكداری.

"لێپرسراوانی سوپا بەڵێنیاندا كۆتایی بە كێشەكان بهێنن و بارودۆخ ئارام بكەنەوە.. لە كۆتاییدا 13 داواكاریمان پێشكەشكردن كە تایبەت بوو بە رێگری لەسەر بارگرژی و شەڕ، پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگال و رێكخستنەوەی ئەو هێزانەی بە ناشەرعی ناودەبرێن لەڕێی دەركردنیان یان تێكەڵكردنیان بە هێزەكانی تر".

شنگال نزیكەی پێنج ساڵە دوو ئیدارەی هەیە؛ یەكێكیان لەناو قەزاكە و ئەویتر لە دهۆك دەوامدەكەن، جگە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری، كە بەپێی رێككەوتنی شنگال دەبێت ئیدارەیەكی نوێی بۆ پێكبهێنرێت.

shngal-28
نەینەوا/ 21ـی كانونی دوەمی 2022/ دانیشتنی ژمارەیەك لە گەنجانی شنگال لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی سوپا بۆ رێگری لە ئەگەری بارگرژی لە قەزاكەدا فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لە شەوانی رابردوشدا و وەك بەشێك لە ئاشتەوایی ژمارەیەك گەنجی شنگال، بەهۆی دابەزینی زۆری پلەكانی گەرماوە، داریان بۆ هێزەكانی سوپا كۆكردنەوە تا بە كردنەوەی ئاگر خۆیان گەرمبكەنەوە.

حسێن سەعید، چالاكوانی مەدەنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەو هەنگاوە سوپاسگوزاری خۆمان بۆ هەوڵی سوپا دەربڕی لەبەرانبەر پاراستنی ئێمەدا".

هەر لەو چوارچێوەیەدا هێزەكانی فیرقەی 20ـی سوپای عیراق، سەبەتەی خۆراكی و پێداویستی تەندروستی و نەوتی سپییان گەیاندە چیای شنگال، بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان كە سەدان خێزانن و بەهۆی سەرماوە پێستر لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە داوایانكرد حكومەت بەهانایانەوە بچێت.

قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT