واده‌كه‌ی سوپا كۆتاییهات
ئاسایشی ئێزیدخان بۆ مانه‌وه‌ له‌ شنگال هه‌وڵی رێككه‌وتن ده‌دات

نه‌ینه‌وا، 2020، بازگه‌یه‌كی هێزه‌كانی ئاسایشی ئێزیدخان له‌ ناوه‌ندی ناحیه‌ی سنونێ له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – شنگال

هێزه‌كانی ئاسایشی ئێزیدیخان، ئاماده‌نین ناوه‌ندی شنگال به‌جێبهێڵن سه‌رباری كۆتاییهاتنی ئه‌و واده‌یه‌ی سوپای عیراق دیاریكردبوو، بۆیه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان بۆ مانه‌وه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

سوپای عیراق، به‌بڕیاری حكومه‌تی فیدراڵی تا 1ی نیسانی 2021ی دانابوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی ئێزیدیخان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر بۆ رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.

ناتق ئەحمەد عەلو، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی قەزای شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێش كۆتاییهاتنی واده‌كه‌ی سوپا گفتوگۆ هه‌بووه‌، ناتوانم بڵێم رێككه‌وتن كراوه‌، بەڵام لێکتێگەیشتنێک لەنێوانیاندا دروستبووە".

لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ ته‌نیا بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌یه‌ و هێشتا بڕیاری كۆتایی له‌ چاره‌نوسی ئاسایش نه‌دراوه‌ به‌ مانه‌وه‌ یاخود به‌جێهێشتنی ناوه‌ندی شنگال.

"ئێستا ئاسایش و سوپاش له‌ ناوه‌ندی شاردان، بارودۆخه‌كه‌ ئارامه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك روینه‌داوه‌" به‌وته‌ی عه‌لو.

ئه‌و ئارامییه‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی پۆلیس باسی ده‌كات، دوای چه‌ندین رۆژ له‌ ئاڵۆزی نێوان سوپا و لایه‌نگرانی ئاسایش دێت به‌هۆی گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژی بڕیاری ده‌ركردنی ئاسایشی ئێزیدخان له‌ شنگال.

ڤیدیۆ: خۆپیشاندان دژی بڕیاری ده‌ركردنی ئاسایشی ئێزیدخان له‌ شنگال/ 28ی ئاداری 2021/ كه‌ركوك ناو
 

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال به (کەرکوک ناو)ی وت "دیاریكردنی واده‌ بۆ كشانه‌وه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگ نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ خاوەنی شنگالین.. ئه‌ندامانی ئاسایش خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن بۆیه‌ ئاماده‌نین شاره‌كه‌مان به‌جێبهێڵین".

ئاسایشی ئێزیدخان، ژماره‌یان زیاتر له‌ هه‌زار چه‌كداری ئێزیدی ده‌بێت، سه‌ر به‌ یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)ـن و فەرمان لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن.

ئەو ئەنجومەنە چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بۆ ئیداره‌دانی شنگال راگه‌یه‌ندراوه‌ و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن.

ئیبراهیم وتی "چه‌ند رۆژێكه‌ سوپا بێده‌نگن، ئێمه‌ش بێده‌نگیمان كردووه‌، به‌ڵام ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و رێككه‌وتن، به‌مه‌رجی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانمان كه‌ یه‌كه‌میان ده‌رنه‌كردنی ئاسایش و دوه‌میان نه‌ناردنی سوپایه‌ بۆ چیای شنگال".

به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد؛ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق به‌ كه‌ناڵی عیراقییه‌ی نیمچه‌فه‌رمی راگه‌یاندووه‌ حكومه‌ت سوره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ و رێگه‌ناده‌ن دیارده‌ی چه‌كداری بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شنگال، جگه‌ له‌و هێزانه‌ی به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ رێگه‌ی مانه‌وه‌یان پێده‌درێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ زیاد له‌ جارێك شاندی باڵای سه‌ربازی عیراق بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ چونه‌ته‌ شنگال و گفتوگۆكانیان ئه‌نجامی نه‌بووه‌.

قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق ناوه‌ڕاستی ئاداری 2021 دوای سه‌ردانیكردنی شنگال له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "ئاسایشی شنگال دۆسیه‌یه‌كی فیدراڵییه‌ و به‌ده‌ست سوپاوه‌ ده‌بێت، پۆلیسی ناوخۆییش هه‌ر له‌خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌بن".

asaish . snjar
شنگال/ ئازاری 2021/‌ بازگه‌ی جیدالێی سنوری ناحیه‌ی گرعوێز، دوای بارگرژیی له‌ نێوان هێزه‌كانی سوپا و لایه‌نگرانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌ ساڵی رابردووه‌وه‌ تائێستا چه‌ندین خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی لایه‌نگران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال دژی رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوون.

خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "سوپا و لێپرسراوانی ئه‌نجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش، گفتوگۆ بەردەوامە تا دەگەنە رێککەوتن".

ئه‌و به‌ دوری زانی بارگرژی زیاتر روبدات و ده‌ڵێت فه‌رمانده‌ی سوپا پێیڕاگه‌یاندووه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ سه‌قامگیریی ئه‌منییه‌ له‌ شنگال.

"ئێستا بارودۆخی شنگال زۆر ئارامە، هیچ کێشەیەکی ئەمنی نییه‌ و تەواوی هێزەکانیش لەگەڵ ئیدارەی قەزا و ناحییەکان و خەڵکی ناوچەکەدا هاوکارن تا بارودۆخەکە هەروا بمێنێتەوە" چوكی واده‌ڵێت.

له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ له‌ مه‌زارگه‌یه‌كدا جێگیركراون.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT