رێناس خێرۆ، نەیتوانی تەمەنی منداڵیی بژی و گەورەبونیشی بە كاری زۆر قورسەوە بەسەر دەبات؛ بەهۆی دەربەدەری و ژیانی ژێر خێوەتەوە.
ئەو لە تەمەنی 16 ساڵیدایە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت گەورەتر لەو تەمەنە دەردەكەوێت؛ چونكە دەرونی بەهۆی ئاوارەییەوە ماندوو بووە و هێندە كرێكاری كردووە جەستەی تەواو شەكەتە.
"هەر بەهۆی هەژارییەوە وازم لە خوێندن هێنا، خێزانەكەمان گەورەیە و پێویستە منیش كاربكەم، چونكە باوكم كە پێشتر وەستای بیناسازی بووە ئێستا نەخۆشە و هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی بژێویمان نییە" رێناس بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
خێزانەكەی رێناس خەڵكی شنگالن و نزیكەی هەشت ساڵە لە كەمپی ئیسیان نیشتەجێن. لەو كەمپەدا كە دەكەوێتە ناحیەی باعەدری قەزای شێخان و زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزانی تێدایە، چەندین منداڵ و مێردمنداڵی دیكە هەمان نەهامەتییان هەیە.
كاتژمێر و نیوێك بەرێگاوە دەبم تا دەگەمە شوێنی كاركردنم
"لە هاویناندا بە ئۆتۆمبێل رۆژانە كاتژمێر و نیوێك بەرێگاوە دەبم بۆ دەشتی بەردەڕەش (سەر بە پارێزگای دهۆك) تا لەوێ پەتاتە بچنین، ئەوەش بە كرێی رۆژانەی 10 تا 15 هەزار دینار، ئەگەر ئەو ئیشە نەبێت ئەوا بلۆك سەردەخەم".
رێناس وتی "بەیانیانی زوو دەچمە كرێكاری و ئەگەر رۆژێك نەڕۆم، ئەوا كێشەی بژێومان بۆ دروستدەبێت"، هەندێكجار وەك ئەو باسیكرد، كرێكاریشیان دەستناكەوێت و لەگەڵ دوو براكەی دیكەیدا لە ماڵەوە بەبێ كار دادەنیشن.
بهپێی یاسای كار له عیراق، كاركردن به منداڵانی خوار تهمهنی 15 ساڵ قهدهغهیه و سزای لهسهره، لە سەروو ئەو تەمەنەشەوە نابێت كارەكەی قورس بێت و ببێتە مەترسی بۆ سەر رەوشت و هەڵسوكەوت و خوێندنەكەی.
شیلان زێدان خەڵەف (16 ساڵ)، لەگەڵ خوێندنەكەیدا زۆرجار كرێكاریش دەكات، تا هاوكاری خێزانەكەی بكات چونكە باوكی نابیست و برایەكیشی خاوەن پێداویستی تایبەتە.
"كاری ئێمە چاندنی پەتاتە و گندۆرە یان لە بەشەكانی تری بێستانەكاندایە لە بەرانبەر رۆژانەی تەنیا شەش هەزار دینار" شیلان بە (كەركوك ناو)ـی وت بە پارەی ئەو و برا و خوشكێكی دیكەی، ناچارن بژێوی ماڵەوە دابینبكەن لە كڕینی پێداویستی رۆژانەوە تا دەرمان.
"من جگە لەوەی لە دەرەوە كرێكاری دەكەم، لە ماڵەوەش ئەركم هەیە و هەندێكجار خواردن دروستدەكەم، واتە تا بڵێیت بارگرانی زۆرم لەسەرە" بەوتەی شیلان زێدان كە ئەویش ئاوارەی كەمپی ئیسیان-ـە.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی بەڵێننامەی مافەكانی منداڵ؛ مافی خوێندن و ژیانی شایستەیان هەیە و نابێت كاری قورس بكەن، كە كاریگەری لەسەر خوێندنیان هەبێت و ببێتە مەترسی لەسەر ژیانیان.
سیزار داود، توێژەری دەرونییە و لەگەڵ رێكخراوەكاندا بۆ هاریكاری منداڵانی ئاوارە كاریكردووە، دەڵێت "بەشێك لە منداڵان لە دەرەوەی كەمپ و لە بێستانەكاندا كاردەكەن، بۆیە چەندین رۆژ ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و هەندێكیان هەر لەناو باڵەخانە و شوێنەكانی تردا دەمێننەوە".
ئەو منداڵانە لە هەموو مافەكانیان بێبەشن
"ئەو منداڵانە لە هەموو مافەكانیان بێبەشن، هەندێكیان دایك و باوكیان لە ژیاندا نەماون، لەكاتێكدا پێویستیان بە هاوكارییە و پرۆسەی راهێنان و چارەسەر و دوبارە تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگەش نییە" بەوتەی داود بۆ (كەركوك ناو).
چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" لە ئابی 2014ـدا هێرشیانكردە سەر هاوڵاتیانی ئێزیدی لە شنگال و دەشتی نەینەوا، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار كەس كوژران، لە نێویاندا منداڵ هەبون، جگە لە رفاندنی شەش هەزار هاوڵاتی كە لەو ژمارەیە نزیكەی دوو هەزار منداڵ رزگاركراون و تائێستاش لە كۆی رفێنراون نزیكەی سێ هەزار كەس بێسەروشوێنن.
هادی سلێمان (14 ساڵ)، كاری پینەچێتی پێڵاو دەكات و لە هەمانكاتدا خوێندكاریشە، "رۆژانە ئەو پارەیەی دەستمدەكەوێت دەگۆڕێت؛ هەندێكجار پێنج هەزار دینارە، هەندێكجار دەگاتە 10 هەزار دینار یان كەمدەبێتەوە بۆ تەنیا دوو هەزار دینار" ئەو زۆربەی كات لە رێگای هاتوچۆی نێوان كەمپی كەبەرتوو بۆ ناوەندی قەزای سێمێل-ـی دهۆك مێزێكی بچوك و كەرەستەكانی پینەچێتی دادەنێت.
هادی بە (كەركوك ناو)ـی وت حەوت ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی سیبا شێخدرێ-ـی شنگالەوە بەهۆی داعشەوە هەڵاتون و لەوكاتەوە لە كەمپی كەبەرتووی یەك نیشتەجێن. (ئەو كەمپە زیاتر لە دوو هەزار و 200 خێزانی تێدایە).
زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن؛ بەشێكیان لە 26ـی كەمپی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك نیشتەجێن و ئەوانیتر لە دەرەوەی كەمپ دەژین.
شێرزاد حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت بەداوداچونیان كردووە بۆ دۆسیەی ئەو منداڵانەی كاری قورس دەكەن، بە تایبەت منداڵانی ئێزیدی رزگاربوی دەستی داعش، بۆیە خولی بەردەوامیان هەیە بۆ كاتبەسەربردن، لەگەڵ چارەسەری دەرونی و هەوڵدەدەن لەو كارە قورسانە دوریانبخەنەوە.
"پرۆژەیەكمان هەیە لەگەڵ یونیسێف بۆ ئەو منداڵانەی هیچ داهاتێكیان نییە و بەوهۆیەوە بەدوای كاری قورسدا دەگەڕێن، تا لەو چوارچێوەیەدا چارەسەری كێشەكانیان بكەین".
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و خانەیەكی تایبەتی بۆ داڵدەدانی منداڵانی بێ باوك و دایك كردۆتەوە لە كۆمەڵگەی شاریا بۆ لەخۆگرتنی منداڵانی ئاوارەی قوربانی دەستی داعش.
شێرزاد حەسەن وتی "بەرنامەمان هەیە بۆ دابینكردنی چارەسەری دەرونی و خۆراك و پێداویستی بۆ هەموو منداڵانی ئێزیدی، هەوڵێكیشمان هەیە تا لەڕێی وەزارەتی داراییەوە، موچەیەكی رەمزی مانگانەیان بۆ خەرجبكرێت".
بەپێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، كە 1ـی ئاداری 2021 له پهرلهمانی عیراق پهسهندكرا و تایبهته به قهرهبوی دارایی و مهعنهوی خانمانی رزگاربوی دەستی داعش، بێ جیاوازی تەمەن، لەڕێی پێدانی زەوی نیشتەجێبون و دابینكردنی چارەسەری دەرونی و گەڕانەوە بۆ خوێندن، بە ئامانجی ئەوەی ژیانێكی شایستهیان بۆ دابینبكرێت، بەڵام ئەو یاسایە تائێستا بە تەواوی جێبەجێنەكراوە.
* بۆ بڵاوكردنەوەی وێنەی ئەو مێرمنداڵانەی لە راپۆرتەكەدا قسەیان كردووە (كەركوك ناو) رەزامەندی خۆیان و كەسوكاریانی وەرگرتووە