"ئەو فەوجەی سوپای عیراق لە سنوری شنگال جێگیربون كشاونەتەوە"

نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە قەزای شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا

عەمار عەزیز – نەینەوا

سوپای عیراق ئەو فەوجەی كشاندەوە كە لە دوای روداوەكانی 12ی كانونی یەكەمی رابردوەوە لە ناحیەی سنونێ و كۆمەڵگەی خانەسور لە شنگال جێگیربون و لە شەقامە سەرەكییەكاندا بڵاوەیانپێكرابوو.

حكومەتی عیراق لە لەدوای روداوەكانی 12ی كانونی یەكەمی رابردوو، ئەو فەوجەی لە موسڵەوە بۆ دوو ناوچەی شنگال نارد. ناكۆكییەكان دوای گرژیی و ئاڵۆزی نێوان مەفرەزەیەكی سوپا و خۆپیشاندەران هات كە دژی بۆردومانی توركیا بۆ ناوچەكە رژابونە سەر شەقامەكان و لە ئەنجامدا بووەهۆی گڕگرتنی هەمەرێكی سەربازی سوپای عیراق.

فیرو میرزا، دانیشتوى کۆمەڵگاى خانەسور لە شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو رۆژە ژمارەیەكی زۆر كەمتر سەرباز و هەمەری سەربازیی لە ناوەندی شنگال دەبینرێن... دوو رۆژ لەمەوبەر بەشێک لەو سەرباز و هەمەرانەى کە هێنرابونە خانەسور كشانەوە".

"نزیکەى 20 هەمەرى سەربازیی و ژمارەیەکى زۆر چەکدار لە شەقامەكاندا بڵاوەیانپێكرابوو، بەڵام ئێستا ژمارەیەكی كەم چەكدار ماون"، فیرو وایوت.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو رۆژە هێزەكەی سوپای عیراق لە ناحیەی سنونێ كشاونەتەوە، ژمارەیان 600 سەرباز بوو، لەگەڵ دەیان هەمەریی سەربازیی، پێدەچێت كشانەوەیان بەهۆى سەقامگیرى ناوچەکەوە بێت، بەتایبەت لە دواى ئەوەى خوپیشاندانەکان کۆتاییان پێهات".

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەكەن.

snuneee
شنگال/ 12ی كانونی یەكەمی 2021/ گرژیی نێوان خۆپیشاندەران و سوپای عیراق دروستبوو. وێنەكە لە ڤیدیۆیەكی كەناڵی رۆژنیوز وەرگیراوە

خودێدا وتیشی "ئێستا لە شەقەمەکان و ناوەندى بازاڕ هیچ هەمەرێكی سەربازى نەماون، هەروەها ژمارەیەکى زۆر کەم لە سەرباز لە شەقامەکاندا دەبینرێن، ئەوەش هاوشێوەی پێش روداوەكانی 12ی كانونی یەكەمی رابردوو". زیاتر وتی "ئەو ترس و دوو دڵییەى خەڵک هەیبوو ئێستا نەماوە".

تائێستا سوپای عیراق هیچ هەڵوێستێكی لەسەر كشانەوەی ئەو فەوجە رانەگەیاندووە، لەكاتێكدایە پێشتر لێپرسراوێكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "حكومەتی عیراق دەیانەوێـت ئەو هێزانە دەربكەن كە بە ناشەرعی ناویان دەبەن، بەڵام یەكینەكانی بەرخودانی شنگال و ئاسایشی ئێزیدخان ناشەرعی نین، ئێمە ئێزیدی و خەڵكی شنگالین، ئەی ئەوان كێن؟ بۆیە با دڵنیابنەوە لەسەر خەباتی خۆمان بەردەوامدەبین و پێویستمان بە هێزی تر نییە".

یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT