ڤاكسین بەردەستە، بەڵام ئاوارە خۆیان ناكوتن

كفری/ ئازاری 2021/ ژنێكی ئاوارە لەكاتی كاركردندا لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵی لە گوندێكی قەزاكە. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد

بەشێك لەو ئاوارانەی لە قەزاكانی كەلار و كفری دەژین لە پارێزگای سلێمانی لە باكوری عیراق، ئامادەنین پێكوتەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن، ئەگەر لە ناچاریدا نەبێت، ئەوەش بۆ راییكردنی كاروبارەكانیان لە فەرمانگەكان كە حكومەتی فیدراڵی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو مەرج بەسەر تەواوی هاوڵاتیاندا سەپاندویەتی.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە حوزەیرانی 2021ەوە وەرگرتنی ڤاكسین، یان پشكنینی كردۆتە مەرج بەسەر هاوڵاتیاندا، بە پێچەوانەوە مامەڵەكانیان لە فەرمانگەكانی حكومەت بۆ راییناكرێت.

بەپێی بڕیارەكە دەبێت كارتی وەرگرتنی ڤاكسین-یان پێبێت كاتێك دەچنە فەرمانگەكانەوە، یان پشكنینی كۆرنایان هەبێت كە 15 رۆژ بەسەریدا تێپەڕنەبوبێت.

ئاوارەكان، كە زۆرینەیان خەڵكی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالەن و سوننە مەزهەبن، دەڵێن هەرچەندە هیچ بەربەستێك لەبەردەمیاندا نییە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و دەتوانن بەئاسانی دەستیان پێبگات، بەڵام خۆیان نایانەوێت پێكوتەكە وەربگرن، مەگەر لە ناچاریدا نەبێت.

نەعیمە تەحسین (56ساڵ)، ماوەی حەوت ساڵە ئاوارەیە و لە گوندێكی دورەدەستی ناحیەی سەرقەڵا لە قەزای كفری لەگەڵ منداڵەكانی خەریكی كشتوكاڵە، وتی "ئێمە تێكەڵاوی خەڵك نابین، ئیتر بۆچی خۆمان بكوتین... هەشت سەر خێزانین هیچمان ڤاكسینمان وەرنەگرتووە".

نەعیمە، لەوكاتەوەی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق دەرچووە، پێویستی بەوە نەبووە بچێتە فەرمانگەیەكی حكومەت، رون نییە ئایا لە داهاتودا هەنگاو بۆ وەرگرتنی ڤاكسین دەنێت یان نا.

عەفیفە قاسم محەمەد، لەگەڵ سێ كچەكەی لە هەمان گوندی نەعیمە دەژیت و هاوسەرەكەی نەماوە، دەڵێت ئەویش ئامادەنەبووە ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرێت، بەڵام لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو "ناچاربووە" خۆی بكوتێت، كاتێك رێی كەوتۆتە فەرمانگەیەكی حكومی.

ئەو دوو خێزانە هاوژینەكانیان لەدەستداوە و دەڵێن لەبەر دۆخی ئەمنی ناوچەكە و بونی هێزی چەكداری جۆراوجۆر ناتوانن بگەڕێنەوە و لە سەرقەڵا بژێوی ژیانی خۆیان دابیندەكەن.

ڤیدیۆ: وەزارەتی تەندروستی هانی خەڵك دەدات بۆ وەرگرتنی ڤاكسین

"چومە فەرمانگەیەكی حكومی لە قەزای كفری و ویستم مامەڵەیەكی خۆمان تەواو بكەم، لەوێ لە پرسگەكە وتیان كوا كارتی وەرگرتنی ڤاكسین، وتم خۆم نەكوتاوە، وتیان دەبێت خۆت بكوتی، ئەگینا ناتكەینە ژورەوە".

بۆیە عەفیفە بە ناچاری چۆتە بنكەیەكی قەزای كفری و ڤاكسینی وەرگرتووە، "بنكەكە زۆر قەرەباڵغ بوو، خەڵكێكی زۆر لە چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤاكسیندا بون، منیش وەكو ئەوان سەرەم گرت و كە سەرەم هات خۆم كوتا"، بۆ ئەوەش تەنیا پێناسێكی پێبووە.

عەفیفە، وتی "ئەگەر مامەڵەی فەرمانگەكە نەبوایە بەهیچ شێوەیەك خۆم ناكوتا".

ئەگەر مامەڵەی فەرمانگەكە نەبوایە بەهیچ شێوەیەك خۆم ناكوتا

30 هەزار ئاوارە (دەرەوە و ناوەوەی كەمپ) لە قەزاكانی كفری، كەلار و دەربەندیخان نیشتەجێن، ئەوەش بەپێی وتەی بێستون ژاژڵەیی، لێپرسراوی بەشی کاروباری ئاوارەکان لە ئیدارە گەرمیان سەر بە پارێزگای سلێمانی.

بەشێك لەو ئاوارانە هاوشێوەی حەفیفە و نەعیمە لە گوندە دورەدەستەكاندا دەژین.

بەپێی بڕیاری حكومەتی خۆجێی گەرمیان - ئیدارەی هەرسێ ئەو قەزایە دەكات-، ئاوارەكان دەتوانن تەنیا بە بونی پێناسێك وەكو هەر هاوڵاتییەكی تر لە بنكەكاندا ڤاكسین وەربگرن.

عەفیفە سەرۆك خێزانەكەیە و تەنیا كەسی خێزانەكەشە خۆی كوتاوە، وتی "تێكەڵاوی كەس نابین بۆیە توشی كۆرۆنا نابین و پێویستمان بە ڤاكسین نییە".

kalar-1
كەلار/ كانونی دووەمی 2022/ بنكەیەكی پێدانی ڤاكسین، لە نەخۆشخانەیەكی قەزاكە. فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی گەرمیان

سەرەڕای بونی بنكەی پێدانی ڤاكسین كە ئاوارەكانیش دەتوانن هەر لەوێ ڤاكسین وەربگرن، ئیدارەی گەرمیان تیمی گەڕۆكی دروستكردووە تا سەردانی ئاوارە دورەدەستەكان بكەن و ڤاكسینیان پێبدەن، ئەوەش بەوتەی فەریق عەبدولڕەحمان، لێپرسراوی دابەشكردنی ڤاكسین لە تەندروستی لە گەرمیان.

"ئاوارەكان لە خەڵكی تر جیانەكراونەتەوە بۆ پێدانی ڤاكسین، دەتوانن بە بونی تەنیا پێناسێك خۆیان بكوتن".

ئاوارەكان لە خەڵكی تر جیانەكراونەتەوە بۆ پێدانی ڤاكسین، دەتوانن بە بونی تەنیا پێناسێك خۆیان بكوتن

بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی تەندروستی گەرمیان، لە ساڵی رابردودا تەنیا 1600 ئاوارە ڤاكسینیان وەرگرتووە. ئەوەش هۆكاربووە لەوەی فەرمانگەكانی تەندروستی بیر لە تیمی گەڕۆك بكەنەوە تا ئاوارە دورە دەستەكان ڤاكسین وەربگرن.

بڕیاری خۆكوتان ئینجا راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، لە كۆتایی ساڵی رابردووەوە لە فەرمانگەكانی گەرمیان چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)یش رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لەدوای بڕیارەكەوە زۆر بووە، بەراورد بە پێش جێبەجێكردنی بڕیارەكە، وەك لێپرسراوانی ناوچەكە جەختیانلێكردەوە، بەڵام هیچ ئامارێكی ورد لەوبارەیەوە دەستنەكەوت.

بەپێی بڕیاری حكومەت، تەنیا ئەوانە لە بڕیارەكەدا دەبەخشرێن كە بە راپۆرتی پزیشكی دەیسەلمێنن ناتوانن ڤاكسین وەربگرن، یان سێ مانگ بەسەر توشبونیان بە كۆرۆنا تێپەڕ نەبووە.

عەباس شامى (59ساڵ)، وتی "بیستومە دەڵێن ڤاکسین بۆ ئەو كەسانە خراپە كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، زۆربەی ئەندامانی خێزانەكەم نەخۆشی درێژخایەنمان هەیە، بۆیە دەترسین ڤاكسین وەربگرین".

عەباس سەرۆكایەتی سێ خێزان دەكات، خەڵكی قەزای شەرگاتن و لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە چەند ساڵێكە ئاوارەی گوندێكی قەزای كفری بون. تائێستا تەنیا سێ گەنج لە كۆی ئەو سێ خێزانە ڤاكسینیان وەرگرتووە.

نەخشەكە: قەزای كفری نیشاندەدات لە ناوچەی گەرمیان سەر بە پارێزگای سلێمانی، كە بەشێك لە ئاوارەكان لەو ناوچەیە نیشتەجێن لە دەرەوەی كەمپەكان.

ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی تەندروستی عیراق لەدواین هەڵمەتدا بۆ هاندانی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە و "ڤاكسین دەتپارێزێت، ڤاكسینەكەت ژیانتە".

ڤاكسین دەتپارێزێت، ڤاكسینەكەت ژیانتە

عەباس شامی، وتی "مانگی رابردوو، رێم كەوتە فەرمانگەیەكی حكومی لە بەغدا بۆ راییكردنی كارێك، لەوێ نەیانهێشت بچمە ژورەوە و داوای كارتی ڤاكسینیان كرد"، زیاتر وتی "دواتر لەڕێی بڕە پارەیەكەوە كەسێك كارەكەی بۆ تەواوكردم... داواكارم هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم وەرگرتنی ڤاكسین نەكەنە ناچاریی، بەتایبەت بۆ ئەو ئاوارانەی لە گوندەكاندا دەژین و تێكەڵاویان لەگەڵ خەڵكدا نییە".

لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 136 هەزاریان دەكەونە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی عیراق، تا 14ی شوبات، لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان 381 هەزار و574 كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە و سلێمانی 13یەمین پارێزگایە لە وەرگرتنی ڤاكسین لە ئاستی عیراق.

(كەركوك ناو)، سەردانی هەشت خێزانی ئاوارەی تری كرد لە ناحیەی رزگاری لە قەزای كەلار، هەمویان جەختیانكردەوە لەوەی خەڵك هانی داون بچن خۆیان بكوتن، بەڵام تائێستا نەچون بۆ هیچ بنكەیەكی وەرگرتنی ڤاكسین.

زەکەریا رێبوار، ئەندامی یەكێك لەو خێزانە، وتی "لە ناحییەكەدا بنكەی پێدانی ڤاكسین هەیە و پرسیارمكردووە و دەڵێن، هەروەكو كەسێكی ئاسایی ناوچەكە دەتوانین ڤاكسین وەربگرین، بڕیارمانداوە هەمومان خۆمان بكوتین، پێموایە کوتانەکە هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکی ناوێت، ئەگەر خراپ بێت حكومەت نایدات لە رۆڵەكانی خۆی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT