ئەحمەد حەیالی (28 ساڵ) لەناو ئۆتۆمبێلێكی كۆنی رەنگ رەشدا دانیشتووە، بە دوری سێ كیلۆمەتر لە وێستگەیەكی سوتەمەنی لە بەری راستی موسڵ چاوەڕێی وەرگرتنی بەنزین دەكات و بەدەم دەردەدڵەوە دەڵێت؛ زیاتر لە نیو كاتژمێرە راوەستاوە و نازانێت پێویستە چەندی تر رابوەستێت.
چارەسەری كاتی
گەنجانی خۆبەخش و چالاكوان لە موسڵ، لە 18ـی شوباتی ئەمساڵ هەڵمەتێكی ناڕەزاییان دەستپێكرد و بە جلیكانەی بەتاڵەوە چونە بەردەم كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دژی قەیرانی بەنزین.
بەرهەمی ئەو گردبونەوەیە گۆڕینی مەعاز نعێمی، بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی نەینەوا لێكەوتەوە كە ناوبراو پاساوی نەمانی لەو پۆستەدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بۆ مۆڵەتی نەخۆشی گەڕاندەوە و لە جێی ئەو، شیت رەمەزان دەستبەكاربوو.
بەڵام ئەو چارەسەرە كاتییە بە گۆڕینی كەسەكان و سەردانی حسێن تالب، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكان بۆ نەینەوا تەنیا دوو بۆ سێ رۆژ سودی هەبوو، دوای ئەوە جارێكیتر نۆرەی بەنزین دەستیپێكردەوە.
قاچاخ بوەستێنن
حەیالی چەند مەترێك ئۆتۆمبێلەكەی بۆ پێشەوە دەجوڵێنێت و دواتر دەیكوژێنێتەوە، تا كەمترین بەنزین سەرف بكات، لەوكاتەدا جگەرەكەی دادەگیرسێنێت و دەڵێت "هەموان باسی ئەوەدەكەن بە قاچاخبردن هۆكاری ئەم قەیرانەیە تەنیا لێپرسراوانی حكومی نەبێت باسی ناكەن".
پارێزگاری نەینەوا نوێنەری خۆی بە مەیدانی ناردووە بۆ بەسەركردنەوەی وێستگەكانی سوتەمەنی لە موسڵ و ئەمین فەنەش، قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ لەوچوارچێوەیەدا باسی لە رێكارەكان و پلانی كۆتاییهێنان بە قەیران كرد لە ماوەی چەند رۆژێكدا؛ لە هەنگاوی یەكەمیشدا كاركردنە بە كارتی بەنزین.
بەڵام بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگار دەڵێت "رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانی موسڵ دەكەن و ئەوەش یەكێكە لە هۆكارەكانی قەیرانەكە جگە لە شۆفێرانی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی گرانبونی بەنزین لەوێ لە وێستگەكانی نەینەوا بەنزین دەكڕن".
نرخی یەك لیتر بەنزینی حكومی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بە 450 دینار و لە هەرێمی كوردستان بەنزینی حكومەتی عیراق تەنیا لە چەند بەنزینخانەیەكی بە رێژەی كەم دابەشدەكرێت كە نرخی یەك لیتری زیاتر لە 690 دینارە و زۆربەی خەڵك بەنزینی ئەهلی دەكڕن یەك لیتری نۆرماڵ زیاتر لە هەزار دینارە.
پارێزگاری نەینەوا داوادەكات "بەنزین بە هەموو هاوڵاتیان بدرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خەڵكی نەینەوایە یان شوێنێكی تر".
سەیف، هاوڕێی نۆرەی بەنزینە لەگەڵ ئەحمەد حەیالی، ماندوێتی بە روخساریەوە دیارە كاتێك دەڵێت "ئەگەر كۆنتڕۆڵی قاچاخ بكەن ئەوا قەیرانی بەنزین چارەسەر دەبێت".
چالاكوان پێیانوایە هۆكاری قەیرانەكە ئەوەیە وێستگەكانی بەنزین بەشێك لە بەشە سوتەمەنییان بە قاچاخ رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن لە بری ئەوەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشیبكەن.
كارتی بەنزین چارەسەرە؟
لەگەڵ هەر قەیرانێكدا، لێپرسراوانی ناوخۆیی لە نەینەوا باس لە كارتی ئەلیكترۆنی بەنزین و رۆڵی لە چارەسەری كێشەكاندا دەكەن بەڵام هاوڵاتیان بێزاربون لە رێكارەكانی تۆماركردن و رۆتینات، وەك هەندێكیان دەڵێن.
فەرمانبەرێك لە دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە وتی "هەر كەسێك پێیوابێت كاركردن بە كارتی بەنزین چارەسەرە چونكە هاوڵاتیان پابەنددەكات بڕێكی دیاریكراو وەربگرن ئەوا لە "وەهمدایە"، چونكە ئەو رێكارە وادەكات كەسانی نەفس نزم لە وێستگەكاندا بازرگانی بە كارتەكانەوە بكەن و ئیستیغلالی هاوڵاتیان بكەن و لە بازاڕی رەشدا كڕین و فرۆشتن بە كارتەكانەوە بكرێت".
سەیف مەشهەدانی-ـیش لەگەڵ كاركردن بە كارتی بەنزین نییە وەك چارەسەری قەیرانەكان و وازهێنان لە هۆكارە سەرەكییەكان.
لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوەوە ناوبەناو قەیرانی بەنزین لە نەینەوا بەردەوامە.
بەشە بەنزینی پێویست دابیندەكرێت؟
پشكی بەنزینی نەینەوا رۆژانە دەگاتە نزیكەی دوو ملیۆن لیتر و زۆرجار لێپرسراوانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان دەڵێت ئەو بڕە پێداویستی پارێزگاكە پڕناكاتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە چاودێران تۆمەتی ئەوە ئاڕاستەی وێستگەكان دەكەن پابەندی دابەشكردنی هەموو بەشە بەنزینەكەیان نابن.
لە هەندێك وێستگەدا هەموو پەمپەكانی بەنزین كاری پێناكرێت، بۆیە قەرەباڵغی دروستدەبێت و تا دەگاتە كاتی داخستنی وێستگەكان كە كاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆیە، دواتر ئەو بەشە بەنزینەی دەمێنێتەوە و دابەشنەكراوە "بەرێگایەكی ناشەرعی" مامەڵەی پێوەدەكرێت.
شیروان دوبەردانی، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی نەینەوا دەڵێت "پێویستە لەسەر هۆكارەكانی قەیرانی چەندبارەی بەنزین لە نەینەوا بوەستن و لێپرسینەوە لەو كەسانە بكرێت هۆكارن بۆ قەیرانەكان".
كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكان لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە بڕیاریانداوە وێستگە حكومییەكانی نەینەوا 24 كاتژمێر كراوەبن و بەنزینی موحەسەن دابەشبكەن بە ئامانجی نەهێشتنی ئەو قەرەباڵغییەی دروستبووە.
لە پارێزگای نەینەوا 28 بەنزینخانەی حكومی هەن، كە 11یان لە شاری موسڵە و ئەوانیتر لە قەزا و ناحیەكاندایە، لە تەواوی پارێزگاكەش 130 بەنزینخانەی ئەهلی هەن، بەپێی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.
بەپێی شارەزایان ژمارەی ئۆتۆمبێل لە نەینەوا ناگاتە یەك ملیۆن ئۆتۆمبێل؛ لەنێویاندا ئۆتۆمبێلەكەی ئەحمەد، كە پێش ئەوەی بەنزین وەربگرێت و دوای كاتژمێرێك لە نۆرەگرتن، بەنزینخانەكە داخرا و ئەویش بەڕێكەوت تا لە بازاڕی رەش چەند لیترێك بەنزین بكڕێت و رۆژێكی تر لە بەردەم هەمان وێستگەدا نۆرە بگرێتەوە.