دوو جوتیاری قەزای داقوق، هەوڵدەدەن بە "سوڵحی عەشایەری" لە بارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی گوندەكەیانەوە بگەنە رێككەوتن، دوای ئەوەی دادگا هەر یەكێكیانی بە شەش مانگی زیندانی حوكمدا.
حوكمەكەی دادگای داقوق چەند رۆژێك لەمەوبەر دەرچووە، ئەوەش لەسەر سكاڵای ژمارەیەك هاوڵاتی عەرەب، كە دوو ساڵ پێش ئێستا دژی ئەو دوو جوتیارە كوردەی گوندی كولی تەپە تۆماریان كردبوو، بەهۆی شەڕ و بارگرژیی نێوانیان لەسەر زەوی.
فەهمی حەبیب، برای یەكێكە لە جوتیارە حوكمدراوەكان، بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوو ساڵ بەڕێگای دادگاوە بوین و ئێستا براكەم بە شەش مانگ زیندانی حوكمدراوە، بۆیە هەوڵدەدەین بە دانیشتن و سوڵحی عەشایەری چارەسەری كێشەكە بكەین، بەڵكو سكاڵاكەیان بكشێننەوە".
ئەو دوو جوتیارە لە بنكەی پۆلیسی داقوق زیندانیكراون.
"ئێمە لە شوێن و زەوی خۆمان دانیشتوین، ئەوان (جوتیارانی عەرەب) هاتونەتە سەرمان و ناچاربوین بەرگری بكەین، رێگرییان لێبكەین، چونكە ئێرە زێدی و باوباپیرانمانە، سەرباری ئەوەش ئەوان سكاڵایان كردووە" فەهمی دەڵێت "ئەگەر زەوییەكانمان نەمێنێت ئەوا ئێمەش ناتوانن لە گوندەكە بمێنینەوە و درێژ بە ژیان بدەین".
ڤیدیۆ: فەهمی حەبیب، باسی دۆسیەی حوكمدانی براكەی دەكات
نزیكەی دوو هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە گوندی كولی تەپە لە باشوری داقوق (44كم باشوری كەركوك) لە نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب كێشەی خاوەندارێتییان لەسەرە.
شکار مەردان، پارێزەری ئەو دوو جوتیارە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەوڵدەدەین لەگەڵ جوتیارە عەرەبەكاندا كە سكاڵایان كردووە بگەینە رێككەوتن، تا تەنازول بكەن و سكاڵاكە بكشێننەوە، ئەگەرنا ئەوا بڕیارەكەی دادگا تەمییز دەكەینەوە".
دوو جوتیارەكە بەپێی ماددەی 477ـی یاسای سزادانی عیراقی حوكمدراون كە تایبەتە بەو كەسانەی زیان بە موڵك و ماڵی كەسانی دیكە دەگەیەنن.
(كەركوك ناو) هەوڵیدا لێدوانی لایەنی سكاڵاكار وەربگرێت بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بون.
ئازاد كولی تەپە، جوتیارێكی دیكەی ئەو گوندەیە و دەڵێت "كێشەی زەوی و زار بەردەوام لە داقوق سەرهەڵدەداتەوە، بێ ئەوەی هیچ چارەسەرێك بكرێت، سەرباری ئەوەی چەندینجار سەردانی لێپرسراوان لە نێویاندا سەرۆك كۆماری عیراقمان كردووە بەڵام هەر سودی نەبووە".
زەوییە كشتوكاڵییەكان یەكێكە لە دۆسییە ئاڵۆزەكانی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك و هێشتا ئەو دۆسییانە بە تەواوی یەكلایینەكراونەتەوە و ناوبەناو ناكۆكی و گرفتی لە ناوچە جیاوازەكان بەدوادادێت.