دوای سێ ساڵ؛ روفاتی دەیان كەس ونە
كەسوكاری قوربانیانی بەلەمە نقومبوەكەی موسڵ ناڕازین

نەینەوا/ 21ـی ئاداری 2022/ كۆبونەوەی كەسوكاری قوربانیانی بەلەمە نقومبوەكەی موسڵ لە نزیك شوێنی روداوەكە لەسەر روباری دیجلە فۆتۆ: مەجید عەباجی

مەجید عەباجی – نەینەوا

لەسەر روباری دیجلە؛ كەسوكاری قوربانیانی بەلە نقومبوەكەی موسڵ لە مەراسیمێكدا یادی ئازیزانیان كردەوە و ناڕەزاییان دژی پێنەدانی مافەكانیان دەربڕی، لەكاتێكدا هێشتا روفاتی دەیان هاوڵاتی نەدۆزراوەتەوە و ونن.

ئەو كۆبونەوەیەی كەسوكاری قوربانیان كە ژمارەیەك پەرلەمانتاریش تیایدا بەشداربون، هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی روداوەكەی 21ـی ئاداری 2019؛ لەو رۆژەدا بەلەمێك لە دورگەی گەشتیاری ئوم رەبیعەین-ـی ناوچەی غاباتی ناوەڕاستی شاری موسڵ نقوم بوو، بەهۆیەوە ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌ نێویاندا ژن و منداڵ خنكان، تائێستاش ته‌رمی به‌شێكیان دیارنییه.

(م، ن) كە لەو روداوەدا دایك و باوكی و برا بچوكەكەی لەدەستداوە، بە نیگەرانییەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای سێ ساڵ هێشتا هیچ مافێكم لە حكومەت وەرنەگرتووە، لە رۆژێكدا سێ ئەندامی خێزانەكەم لەدەستدا و هەركاتێكیش بەدوای مامەڵەكانیاندا دەچم بەربەستی گەورەتر لە پێشترم بۆ دروستدەكەن".

ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانی عیراق له‌ ئاداری 2019ـەوە بڕیاریداوە بە قەره‌بوكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان بەڵام جێبەجێنەكراوە.

 

بەربەستەكانی قەرەبوكردنەوە

ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیان دەڵێن دوو رێكار بۆتە بەربەست لە بەردەم بەدەستهێنانی مافەكانیاندا، ئەوانیش رێگەپێدانی ئەمنیین لەگەڵ لێپرسینەوە و دادپەروەری، كە هەر یەكێكیان زیاتر لە ساڵێك دەخایەنێت، بۆیە ترسیان هەیە لە بودجەی ساڵی 2022ـیشدا مافەكانیان جێگیرنەكرێت و سێ ساڵی دیكە بەبێ قەرەبوكردنەوە تێبپەڕێنن.

رێگەپێدانی ئەمنی بۆ وردبینی دۆسیەی هاوڵاتیان و ناسینەوەی ئەو كەسانەیە لەگەڵ داعشدا تێوەگلاون، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری عیراقیش لە ساڵی 2012ـدا پێكهێنرا بۆ ئاشكراكردنی ئەندامان و ئەوانەی لەگەڵ حزبی بەعسدا كاریانكردووە.

2-10
نەینەوا/ 21ـی ئاداری 2022/ كەسوكاری قوربانیانی بەلەمە نقومبوەكەی موسڵ و ژمارەیەك پەرلەمانتار لە ساڵیادی روداوەكەدا فۆتۆ: مەجید عەباجی

عەبدوڵا حسێنی، چالاكوانی سیاسی بڕیاری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری وەك رێكارێك لە دۆسیەی قوربانییەكی تەمەن ساڵدا كە لە روباردا نقوم بووە، بە ناهەقی و نادادپەروەری وەسفدەكات.

هەروەها رەخنەی لە جێبەجێنەكردنی بڕیارێكی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق گرت كە "لێپرسینەوە و دادپەروەری" لە نەینەوا هەڵوەشاندەوە، ئەوەش ساڵ لەمەوبەر بوو، كاتێك ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان سكاڵای ئەوەیان كرد بەهۆی ئەو رێكارەوە كاروبار و مامەڵەكانیان رایی نابێت.

رەخنەی بەشێك لە هاوڵاتیان دژی بەڵێنی سیاسییەكانیشە لەكاتی روداوەكەدا كاتێك بەڵێنیاندا رێكاری پێویست بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بگرنەبەر و لەوكاتەوە هیچیان جێبەجێنەكراوە.

نقومبونی ئه‌و به‌له‌مه‌، كە ئه‌وكات ناڕەزایی خۆپیشاندانی فراوان لە موسڵ بەدواداهات و ماتەمی گشتی لە عیراق راگەیەنرا، بوو به‌ هۆكاری چه‌ندین گۆڕانكاری ئیداریی و ئه‌منیش له‌ سنوره‌كه‌دا، له‌ نێویاندا لابردنی پارێزگاری نه‌ینه‌وا و زۆربه‌ی لێپرسراوانی تر.

 

124 روفات هەیە و ئەوانیتر بێسەروشوێنن

سەبارەت بە قوربانیانی روداوەكە كە جاربەجار روفاتیان دەدۆزرێتەوە، حەسەن واسق، بەڕێوەبەری پزیشكی دادی نەینەوا وتی "لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا 142 تەرم دەرهێنراوەتەوە و چارەنوسی دەیان كەسی تر نادیارە".

هیچ لایەنێكی رەسمی ژمارەی تەواوەتی قوربانیانی روداوەكەیان ئاشكرانەكردووە لەكاتێكدا بەوتەی چاودێران ژمارە راستەقینەكە زیاترە لەو ژمارەیەی لایەنی رەسمی بڵاویدەكەنەوە.

ڤیدیۆ: نەینەوا/ 21ـی ئاداری 2019/ چركەساتی ژێر ئاوكه‌وتنی بەلەمەكەی ناوچەی غاباتی موسڵ

به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه‌ سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی گه‌شتیاران بۆ سه‌ر به‌له‌مه‌كه‌ نیشانده‌دات؛ 287 كه‌س سه‌رده‌كه‌ون، زۆرینه‌ ژن و منداڵن، ته‌نیا نزیكه‌ی 60 كه‌س له‌و رۆژه‌دا له‌ خنكان رزگاركراون.

 

دورگەكە جارێكیتر دەكرێتەوە؟

هەركاتێك هەواڵ و دەنگۆی دوبارە كردنەوەی دورگە گەشتیارییەكە لە موسڵ بڵاودەبێتەوە، رایگشتی دەوروژێت و چالاكوانان داوادەكەن لێپرسینەوە لە كەسانی كەمتەرخەمی ئەو روداوە بكرێت و زیانلێكەوتوان قەرەبوبكرێنەوە.

عەلا عادل، كە كەسێكی نزیكی لە روداوەكەدا لەدەستداوە، پێیوایە كردنەوەی دورگەكە روبەڕووی توڕەیی و رەتكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان دەبێتەوە، لەكاتێكدا هێشتا خەڵكی موسڵ بە تایبەتی و عیراق بەگشتی نقومبونی بەلەمەكەیان لەبیرنەكردووە.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا لە ساڵی 2019ـدا پێنج لێپرسراوی باڵای موسڵی وه‌ك كه‌مته‌رخه‌م له‌ دۆسیه‌ی نقومبونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌دا راگه‌یاند، سه‌رباری پێكهێنانی چه‌ندین لیژنه‌ی تری لێكۆڵینه‌وه‌ و ده‌ستگیركردنی خاوه‌نی دورگه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌، بەڵام ده‌ره‌نجامی كۆتایی دۆسیه‌كه‌ به‌ نادیاری مایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT