لە سلێمانی: ڤاكسین بۆ ئاوارە و پەنابەران بەردەستە
بە تیمی گەڕۆك دەستیپێكرد و لە بنكەی تایبەت بەردەوامە

سلێمانی/ 30ی تشرینی دووەمی 2021/ ئاوارەیەك لە كاتی وەرگرتنی ڤاكسین لە بنكەی كەمپی ئاشتی. فۆتۆ: تەندروستی سلێمانی

كەركوك ناو

لە دەرەوە چوار ژن لەبەردەم بنكەیەكی وەرگرتنی ڤاكسیندا منداڵەكانيان لە باوەش گرتووە، پیاوێكیش لەگەڵ دایكە بە تەمەنەكەیدا هاتووە، لەولاشەوە دوو هاوسەری گەنج لەسەر كورسییەكانی دەرەوە نۆرەیان گرتووە، لە ژوریشەوە ژنێك بە تەنیا و یەكێكی دیكەش منداڵێكی لە باوەشدایە، هەموو ئەمانە بۆ ڤاكسین هاتوون، بەڵام تەنیا سێ‌ كەسیان ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرت.

ئەمانە بەشێكن لەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤاكسین-دان، لە بنكەی كەمپی ئاشتی، بەشێكیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و بەشێكی تریان هاوەڵی كەسوكاریانن.

لە كەمپی ئاشتی كە زۆرینەیان ئاوارەی پارێزگای سەڵاحەدینن. ژورێكی تایبەت بە پێدانی چەندین جۆری ڤاكسین هەیە، لە نێویاندا ڤاكسینی كۆرۆنا، دوو پەرستار ئیشەكان رایی دەكەن و لە هەفتەیەكدا دوو رۆژ دادەنیشن.

كەمپەكە دەكەوێتە شارۆچكەی عەربەت لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لە باكوری عیراق كە هاوسنورە لەگەڵ ئێران. ئەو ئاوارانە لە ساڵی 2014ەو لە سەردەمی شەڕی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لەو كەمپە جێگیربون.

یەزن ئیدریس، (27 ساڵ)، خەڵكی شاری قامیشلۆی سوریایە، خۆی لە كەمپی عەربەت دادەنیشێت كە تایبەتە بە پەنابەران. بەڵام رۆژی 27ی ئادار بۆ وەرگرتنی ڤاكسین هاتبوو بۆ كەمپی ئاشتی، بەدەم وەرگرتنی ڤاكسینەوە وتی "ئەمە ژەمی یەكەمی ڤاكسینە كە وەریدەگرم، ئینشائەڵڵا بۆ من و بۆ خەڵكی تریش باش دەبێت، سەدا سەد بڕوام بە ڤاكسین نییە، بەڵام ئینشائەڵڵا هەر چاكە".

ئەمە ژەمی یەكەمی ڤاكسینە كە وەریدەگرم، ئینشائەڵڵا بۆ من و بۆ خەڵكی تریش باش دەبێت

بەپێی بڕیاری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، پەنابەرانی كەمپی عەربەتیش دەتوانن لەو بنكەیەی كەمپی ئاشتی، ڤاكسین وەربگرن، ئەوەش بە بونی ئیقامەی نیشتەجێبون.

یەزن، بە تەواوەتی دڵنیانییە لە وەرگرتنی ڤاكسین، "خەڵك هەیە ئەم ڤاكسینە وەردەگرێت و هەر بە كۆرۆناش دەمرێت"، لەوكاتەدا یەكێك لە پەرستارەكان رونكردنەوەی پێدا "كاك یەزن ڤاكسین رێژەی توشبون و مەترسی مردن كەمدەكاتەوە نەك ئەوەی بەتەواوەتی رێگری بكات لە مردن".

بەڵام سەربای ئەوەش یەزن دەڵێت "بەخوا ئەگەر بڵێم بە تەنیا لەبەر لایەنە تەندروستییەكەی هاتووم درۆ دەكەم، چونكە ئێستا بۆ هەموو معامەلەیەك داوای كارتی ڤاكسینیمان لێدەكەن".

tandrustiia
سلێمانی/ 27ی ئاداری 2022/ ئاوارەیەك لەبەردەم بنكەی پێدانی ڤاكسین لە كەمپی ئاشتی. فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا؛ هەر هاوڵاتییەك بۆ سەردانی شوێنە گشتییەكان و فەرمانگە حكومییەكان دەبێت كارتی كوتان یان پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت.

یەزن، لە مانگی 8ی 2013ەوە لە كەمپی عەربەت دەژی و تا ئێستا نەچووەتەوە بۆ سوریا.

هەمان رۆژ (27ی ئادار) جیهان مەحمود 21 ساڵ هاوسەری یەزن، لەگەڵیدا ڤاكسینی وەرگرت، جیهان مەحمود وتی "بڕوام بە ڤاكسین هەیە و هیچ كێشەیەك نابینم كە لێرە هەبێت بۆ پێدانی ڤاكسین".

بڕوام بە ڤاكسین هەیە و هیچ كێشەیەك نابینم كە لێرە هەبێت بۆ پێدانی ڤاكسین

ئەو بنكەیە لە كۆتایی كانونی دووەمی ئەمساڵەوە كراوەتەوە، رۆژانی یەكشەممان و سێشەممان ئاوارەكانی كەمپی ئاشتی دەتوانن ڤاكسین وەربگرن. هەروەها پەنابەرانی كەمپی عەربەتیش دەتوانن هەرلەوێ ڤاكسین وەربگرن. ئەو دوو كەمپە بەرامبەر یەكترن.

لە تەواوی پارێزگای سلێمانی 136 هەزار و 390 ئاوارە لەگەڵ 32 هەزار و 263 پەنابەری سوری هەن.

11 هەزار و 518 ئاوارە دابەشبون بەسەر چوار كەمپدا (ئاشتی، عەربەت، قورەتوو و تازەدێ)، هەروەها نۆ هەزار و 565 پەنابەر لە كەمپی عەربەت/ باریكەدا نیشتەجێن. ئاوارە و پەنابەرەكانی تر لەناو شار و شارۆچكەكاندان.

لە كەمپی ئاشتی، هەزار و 825 خێزان دەژین، ژمارەی دانیشتوانەكەی هەشت هەزار و 763 كەسە، زۆربەیان خەڵكی پارَێزگای سەلاحەدینن، لەگەڵ 160 خێزانی ئێزیدی لە پارێزگای نەینەوا، ئەو پارێزگایە هاوسنورە لەگەڵ سوریا.

بەر لە كردنەوەی ئەو بنكەیەی كەمپی ئاشتی، لە كانونی دووەمی ئەمساڵ، تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هەڵمەتی كوتانی ڤاكسین-یان لە تەواوی كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران دەستپێكرد و ماوەی نزیكەی سێ مانگ بەردەوامبوو. ئەوەش لەڕێی تیمی گەڕۆكەوە.

تەنیا لە كەمپی ئاشتی، زیاتر لە چوار هەزار ژەمی ڤاكسین، لەڕێی ئەو هەڵمەتەوە دراوە بە ئاوارەكان، لە هەردوو جۆری فایزەر و سینۆفارم.

دوای هەڵمەتەكە، فەرمانگەی تەندروستی لە كانونی دووەمی ئەمساڵەوە بڕیاریدا بەكردنەوەی بنكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین بە ئاوارە و پەنابەران لەناو كەمپەكاندا، ئەوەش بەوتەی خالید ئەبوبەكر پەرستارە لە بنكەی ئاشتی بۆ پێدانی ڤاكسین.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا رێژەیەكی زۆر زۆر كەم خەڵك بۆ وەرگرتنی ڤاكسین سەردانمان دەكەن، سەرەتا زۆر باش بوو، هۆكارەكەی ئەوەیە یان ئەوەتا زۆربەیان خۆیان كوتاوە و كەمبونەتەوە، یان بەشێكیان نایانەوێت ڤاكسین وەربگرن".

خالید و هاوكارەكانی رۆژانی یەكشەممە و سێشەممە لە كەمپی ئاشتی و رۆژێكیش لە كەمپی عەربەت تایبەت بە پەنابەرەكانی سوریا دادەنیشن، "رۆژانە ئەوپەڕی 10 بۆ 15 كەس دێن، هەفتەی رابردوو 54 كەس خۆیان كوتاوە لە هەردوو كەمپەكە، ئەم ژمارەیە بەرز و نزم دەكات".

لە كۆتایی مانگی یەكەمەوە تا 27ی ئادار، لای خالید و ستافەكەی نزیكەی 260 كەس خۆیان كوتاوە، ئەو وتی "پێشتر لەلایەن تیمەكانی تەندروستی سلێمانییەوە هەڵمەتی كوتان لە كەمپی عەربەت و ئاشتی بەڕێوەچووە و زۆربەی خەڵكەكەیان كوتاوە، ئەوكات رۆژانەی زیاتر لە 100 كەس خۆیان دەكوتا".

تیمەكانی تەندروستی سلێمانی هەڵمەتی كوتانیان لە كەمپی عەربەت و ئاشتی ئەنجامدا و زۆربەی خەڵكەكەیان كوتاوە، ئەوكات رۆژانەی زیاتر لە 100 كەس خۆیان دەكوتا

هەندێك لە ئاوارەكان بڕوای تەواویان بە وەرگرتنی ڤاكسین هەیە. ماجید سامی (19 ساڵ)، خەڵكی پارێزگای سەلاحەدینە لە ساڵی 2015ەوە لە كەمپی ئاشتی نیشتەجێیە، هەردوو ژەمی ڤاكسینەكەی وەرگرتووە.

"سوپاس بۆ خوا بڕوام پێیەتی، بەتەنیا لەبەر معامەلاتی فەرمانگەكان نەمكردووە، یەكەمجار لەبەر تەندروستی خۆم و ئینجا معامەلات، چونكە بەبێ‌ ئەم كارتە هیچ كارێكمان بۆ رایناكەن لە فەرمانگەكاندا".

پەخشان تۆفیق فەتحوڵا، لێپرسراوی كەمپی ئاشتی، جەختیكردەوە "ئاوارە و پەنابەران دەتوانن لە هەردوو كەمپی ئاشتی و عەربەت ڤاكسین وەربگرین، ژمارەیەكی زۆر خەڵك ڤاكسینیان وەرگرتووە".

وتی "لە هەڵمەتی تیمی گەڕۆكی تەندروستی زیاتر لە چوار هەزار كەس لە ماوەی مانگی 11ی 2021 تاوەكو كۆتای مانگی یەكی ئەمساڵ ڤاكسینیان وەرگرت".

لەبارەی ئەوەی خەڵكێكی كەم لە بنكەی تەندروستییەكە دەبینرێن، پەخشان تۆفیق وتی "مەرج نییە هەموو خەڵك لێرە خۆیان بكوتن، هەیانە لە سەلاحەدین خۆیان دەكوتن".

لە كەمپەكاندا بە چەند رێگایەك هانی خەڵك دەدرێت ڤاكسین وەربگرن، ئەوانیش بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی، راسپاردنی موختارەكان بەوەی داوا لە خەڵك بكەن ڤاكسین وەربگرن، ئاگاداركردنەوە لە بڵندگۆی مزگەوتی كەمپەكەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT