ئەحمەد مەحمود عوبێدی، ئاوارەی نەینەوایە لە كەركوك و لە دوایین ئەركی خۆبەخشیدا؛ هەوڵدەدات ئاوارەكانی ناوشار بدۆزێتەوە و لەڕێی ناردنی تیمێكی گەڕۆكی تەندروستییەوە، ڤاكسینیان بۆ بەردەستبخات تا خۆیان بكوتن.
سێ تيمى گەڕۆكی جیا لەگەڵ ئەحمەد-دا كاردەكەن، هەماهەنگی لە نێوان ئاوارە و لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دەكەن بە ئامانجی ئەوەی دەستیان بە ڤاكسین و تەنانەت دەرمانیش بگات، بە تایبەت ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانەكاندا نرخیان زۆرە و لە توانای داراییدا هاوڵاتیاندا نییە بیكڕن.
"دوای بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و دواتر دروستكردنی ڤاكسین، من و ژمارەیەك لە گەنجانی ئاوارە تیمی خۆبەخشیمان پێكهێنا بۆ كارئاسانیكردن لە وەرگرتنی ڤاكسین بۆ ئاوارەكان و ئەو هاوڵاتییە بە تەمەنانەی لە بارەی گرنگی بەدەستهێنانی ڤاكسین یان چۆنیەتی بەدەستهێنانی زانیارییان نییە" ئەحمەد مەحمود عوبێدی (22 ساڵ) وای وت.
ئەحمەد بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە "لە سەرەتادا ئاوارەكان هەستیان بە ئاستەنگ دەكرد لە وەرگرتنی ڤاكسیندا بەهۆی ئەو رێكارە ئیدارییانەی وەزارەتی تەندروستی داینابوو".
ئێستا لە كەركوك 90 ناوەندی پێدانی ڤاكسین هەیە؛ جگە لە چەندین تیمی گەڕۆك لە زۆربەی ناوچەكاندا، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بۆ (كەركوك ناو).
رۆڵی گەورەمان بینی لەوەی سەدان كەس ڤاكسین وەربگرن
"رۆڵی گەورەمان بینی لەوەی سەدان كەس ڤاكسین وەربگرن، لەڕێی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو لیژنە تەندروستییانەی لە گەڕەكەكانی شاری كەركوك بڵاوەیانپێكراوە" بەوتەی عوبێدی.
لە سەردەمی شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش (2014-2017)" هەزاران هاوڵاتی لە سنوری قەزای حەویجەی سەر بە كەركوك و پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و تەنانەت لە بابلەوە ئاوارەی كەمپەكانی كهركوك بون، سەرباری ئەوەی لە 2020ـەوە كەمپەكان داخراون، بەڵام بەشێك لە ئاوارەكان بەهۆی وێرانكارییەكانی شەڕ لە ناوچەكانی خۆیاندا، تائێستا نەگەڕاونەتەوە و لە گەڕەكەكاندا نیشتەجێ بون.
بەپێی دوايين ئامارەكانى رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) زیاتر لە 91 هەزار ئاوارە لە كەركوك هەن.
عەفیفە حەمود (34 ساڵ)، خەڵكی نەینەوایە و ئاوارەی كەركوك بووە، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئاستەنگی تۆماری ئەلیكترۆنی نەماوە و كارئاسانی هەیە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، بەڵام زۆرێك لە ئێمە نایانەوێت ڤاكسین وەربگرن، چونكە بابەتەكە رەهەندی دیكەی وەرگرتووە و لە قەبارەی خۆی گەورەتر كراوە".
"ڤاكسین ئێستا بەسەرماندا سەپێنراوە، بۆیە منیش سەردانی بنكەیەكی تەندروستیم لە گەڕەكی واستی كرد و ڤاكسینم وەرگرت، ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەی بتوانم لە فەرمانگە حكومییەكاندا مامەڵەكانم راییبكەم نەك لەبەر هیچ هۆكارێكی تر"، عەفیفە وادەڵێت.
ئیدارەی كەركوك، لە 22ی ئابی 2021 پاڵپشت بە بڕیاری حكومەتی عیراق وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینی هەفتانەی كۆرۆنای كردە مەرج و ناچاری بۆ دەوامی هەر فەرمانبەرێك و ئەو هاوڵاتییانەی بۆ راییكردنی مامەڵە سەردانی فەرمانگە حكومییەكان دەكەن.
تەنیا ئەو كەسانە لە بڕیارەكە دەبەخشرێن كە بە راپۆرتی پزیشكی دەیسەلمێنن ناتوانن ڤاكسین وەربگرن یان سێ مانگ بەسەر توشبونیان بە كۆرۆنا تێپەڕ نەبووە.
ئەحمەد مەحمود عوبێدی وتی "تیمە خۆبەخشەكان بەشداربون و رۆڵیان هەبوو لە پێدانی ڤاكسین بە زیاتر لە 750 هاوڵاتی ئاوارەی پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە لە گەڕەكە جیاوازەكانی شاری كەركوك، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی تەندروستی".
هەروەها رونیكردەوە، ئەركی سەرەكی ئەوان هۆشیاركردنەوەی ئاوارەكان و كارئاسانییە تا ڤاكسین وەربگرن بەتایبەت كە تیمەكانی تەندروستی كەركوك هەموو هاوكارییەك بۆ پێدانی ڤاكسین دەكەن.
بەشێك لە ئاوارەكان نایانەوێت ڤاكسین وەربگرن، ئەگەر بەهۆی بڕیارەكانی حكومەتەوە ناچارنەكرێن، لەكاتێكدا بەپێی راسپاردەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ڤاكسین تەنیا چارەسەرە بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ڤاكسین بەردەستە و ئەو ئاستەنگییانەی هەبون نەماون
حەسەن عومەر خالدی، ئاوارەی دیالە لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ڤاكسین بەردەستە و ئەو ئاستەنگییانەی هەبون نەماون، بەڵام ڤاكسین وەرناگرین و پرسیاری ئەوەم لێمەكە بۆچی، من نامەوێت ڤاكسین وەربگرم".
"تەنیا من نیم، بەڵكو هەزاران كەسی وەك من ڤاكسینیان ناوێت، چونكە رێگری لە توشبون بە كۆرۆنا ناكات، بەڵكو ئەو ڤاكسینە یارییەكی سیاسی و ململانێی نێوان زلهێزەكانە كە دەیانەوێت ئابوری وڵاتانی هەژار لەناوببەن" خالدی وای وت.
حەسەن عومەر خالدی بە دەنگێكی بەرزتر وتی "من و خێزانەكەم ئەگەر بگەینە سەرەمەرگیش بەهیچ هۆكارێك ڤاكسین وەرناگرین".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی باڵاى دادوەری لە عیراق، لە ئابی ساڵی رابردودا بڕیاریدا بە گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی هەر كەسێك هانی خەڵك بدات بۆ رەتكردنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا.
لە پارێزگای كەركوك، هەرسێ جۆری ڤاكسینی سینۆفارم، ئێسترازێنیكا و فایزەر دەستدەكەوێت؛ تائێستا 701 هەزار و 317 ژەمە ڤاكسین بە هەرسێ جۆرەكەیەوە بە هاوڵاتیان دراوە، بەپێی ئامارێكی رەسمی تەندروستی بۆ (كەركوك ناو)، بەڵام جیانەكراوەتەوە چەندیان ئاوارەن.
نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەندروستی هەوڵدەدات ڤاكسین بە هەموو دانیشتوانی كەركوك بگەیەنێت، چونكە رۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی رێژەی توشبون بە كۆرۆنا و بەرگری جەستە (مەناعە)ـی هاوڵاتیان زیاددەكات، هیچ ئاستەنگییەكیش لە وەرگرتنی ڤاكسینیدا نییە، بە چەند خولەكێك هاوڵاتی دەتوانێت خۆی بكوتێت و كارتی ڤاكسین بەدەستبهێنێت".
لە پارێزگای كەركوك تائێستا بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق زیاتر لە 89 هەزار كەس توشی كۆرۆنا بون و لەو ژمارەیە هەزار و 489 كەس مردون.