تەنیا یەك توشبوو لە نەخۆشخانەی شیفا14 كە تایبەتە بە كۆرۆنا لە شاری كەركوك ماوە، ئەوەش بەپێی وتەی دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەرى هۆبەى تەندروستى گشتى لە فەرمانگەى تەندروستى کەرکوك.
دكتۆر سەباح، لە لێدوانێكی تایبەتدا ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی نیسان بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ئێستادا تەنیا یەك توشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكە ماوە، ئەویش نزیكەی سێ هەفتەیە لەوێ ماوەتەوە"، ئەمەش یەكەمجارە رودەدات لەوەتەی نەخۆشخانەكە كراوەتەوە لە 4ی كانونی یەكەمی 2020.
بەڵام وتی "ئەوە مانای ئەوە نییە كە كۆرۆنا كۆتایی هاتووە، بەڵكو دەبێت خۆمان ئامادەبكەین بۆ شەپۆلی تری كۆرۆنا".
ئەوە مانای ئەوە نییە كە كۆرۆنا كۆتایی هاتووە
داواشیكرد هاوڵاتیان بەردەوامبن لە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و بەتاكە رێگای خۆپارێزیی و سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا ناوی برد. لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی پێویستە خۆیان بپارێزن لە تێكەڵبون بەتایبەت لە بۆنە جیاوازەكاندا.
لە 25ی شوباتی 2020 یەكەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای كەركوك تۆماركرا و تا 5ی نیسانی 2022 و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق 89 هەزار و 383 كەس توشبون و لەو ژمارەیە هەزار و 492 كەس مردون.
دوێنێ سێشەممە 5ی نیسان تەنیا حەوت حاڵەتی توشبون بە كۆرۆنا لە كەركوك تۆماركراوە.
لە كۆی ملیۆنێك و 726 هەزار كەس لە پارێزگای كەركوك بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق، تا ئێستا 421 هەزار و 687 ژەمە ڤاكسین دراوە بە هاوڵاتیان.
وەزیری تەندروستی عیراق لە 4ی كانونی یەكەمی 2020، نەخۆشخانەی شیفا14ی لە كەركوك كردەوە و تایبەت كرا بە توشبووانی كۆرۆنا.
نەخۆشخانەكە 150 قەرەوێڵەییە و لەسەر ئەركی پڕۆژە خێرخوازییەكانی عەتەبە حوسەینییە دروستكراوە كە سەر بە مەقامی ئیمام حوسەینە.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بڕیارە لە هەفتەی داهاتودا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئایندەی نەخۆشخانەكە بدات، بەوەی هەر تایبەت بێت بە كۆرۆنا یاخود نا.