لە كەركوك.. منداڵێك ئەشكەنجە دەدرێت و پێنج منداڵی دیكە فڕێدەدرێنە سەر شەقام

لە دەستە راستەوە؛ ئەو پێنج برایەی لەلایەن خێزانەكەیانەوە خراونەتە سەر شەقام لەدەستە چەپ: ئەو كچە منداڵەی ئەشكەنجە دراوە فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

كەركوك ناو - كەركوك

منداڵێكی سێ ساڵان، بەهۆی ئەشكەنجەدان و شكاوییەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەكی كەركوك دەكرێت، پێنج منداڵی دیكەی یەك خێزانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەسەر شەقام هەڵدەگیرێنەوە.

ئێوارەی سێشەممە 12ـی نیسانی 2022 منداڵێك بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك دەكرێت، كە شوێنەواری شكاوی و سوتاوی و لێدانی توند بە جەستیەوە دیارە.

"ئەو منداڵە كچە ناوی (م، ع، ك)، توندوتیژی بەرانبەر كراوە و لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا بووە كاتێك لە نەخۆشخانە خەوێنراوە" بەوتەی سەرچاوەیەكی پزیشكی بۆ (كەركوك ناو)، هەروەها وتی كەسێكی دیكە لەگەڵ منداڵەكەدا بووە لە نەخۆشخانە، بەڵام چەند وێنەیەكی گرتووە و دواتر بە پەلە رۆیشتووە و دیارنەماوە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە لە نەخۆشخانەی ئازادی "هاوسەری باوكی ئەو منداڵە (باوكی ژنی دیكەی هێناوە) توندوتیژی دژی منداڵەكە بەكارهێناوە، شوێنەواری لێدان، سوتاوی، شكاوی و خوێنبەربونی هەبوو، بۆیە لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدا مایەوە".

ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك لەسەر ئەو منداڵەی روبەڕوی ئەشكەنجەدان بۆتەوە 

بەپێی ماددەی 29ـی دەستوری عیراق رێگەنادرێت بە گرتنەبەری شێوازەكانی توندوتیژی و ستەم لەناو خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگەدا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی وت باوكی ئەو منداڵە لە فڕنێكی سەمون لە گەڕەكی پەنجاعەلی شاری كەركوك كاردەكات و لە بنەڕەتدا خەڵكی بەغدایە.

فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، هەر شەوی رابردو پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكە كردەوە و بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عیراقی باوكی ئەو منداڵەی دەستگیركرد، بەپێی بەیاننامەیەكی پۆلیس.

ئەو ماددە یاساییە سزای تا سێ ساڵ زیندانی داناوە بۆ هەر كەسێك بە ئەنقەست لە كەسێكی دیكە بدات و زيانى پێبگەیەنێت.

لە بەیاننامەكەی پۆلیسی كەركوكدا هاتووە لەسەر راسپاردەی وەزیری ناوخۆ هەموو پێداویستییەكانی ئەو منداڵە دابیندەكەن لە دەرمان و چارەسەر، تا چاكبونەوە و یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكەی بەردەوام هێزی ئەمنی لەلای دەمێنێتەوە و چاودێری دەكەن.

mnal kirkuk
كەركوك/ 12ـی نیسانی 2022/ فەرماندەی پۆلیس لە نەخۆشخانەی سەردانی ئەو منداڵە دەكات كە روبەڕوی ئەشكەنجەدان بۆتەوە فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

بەپێی ماددەی 41ـی یاسای سزادانی عیراقی "مافی تەمێكردن" دراوە بە مامۆستا و باوك بەرانبەر بە منداڵ و مێردمنداڵ، بە مەرجێك لە سنوری شەرع و یاسادا دەرنەچێت، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی لە نیسانی 2019ـدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیكردەوە "مافی تەمێكردن" بە مانای توندوتیژی و لێدان نایات.

هەر ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 12ـی نیسان، پۆلیسی كۆمەڵگەیی پێنج منداڵیان لە شەقامێكی شاری كەركوك هەڵگرتەوە كە بەپێی بەدواداچونەكان لەلایەن "دایكیانەوە" لە ماڵ دەركراون.

غالب جبوری، فەرماندەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "زانیاریمان پێگەیشت پێنج منداڵی یەك خێزان لەلایەن دایكیانەوە لە شەقامێكی گەڕەكی عەسكەری فڕێدراون بۆیە ئێمە هەڵمانگرتنەوە تا بەدوای باوكیان و كەسوكاریاندا بگەڕێین".

دایكی و باوكی ئەو منداڵانە بەهۆی "ناكۆكی خێزانییەوە" لە دوو شوێنی جیاواز نیشتەجێن.

"هێزێكی فریاكەوتن باوكی منداڵەكانیان دۆزیوەتەوە و دوای پڕكردنەوەی بەڵێننامە بە باوكیان كە جارێكیتر فڕێنەدرێنە سەر شەقام ئەوكات منداڵەكان رادەستدەكرێنەوە" بەوتەی جبوری.

mndalll-1
كەركوك/ 12ـی نیسانی 2022/ ئەو پێنج منداڵەی لەلایەن كەسوكاریانەوە فڕیدراونەتە سەر شەقام جلوبەرگ و پێداویستییان بۆ دەكڕدرێت فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

تەمەنی ئەو پێنج منداڵە لە نێوان چوار بۆ 10 ساڵیدایە.

یەكێك لە منداڵەكان بە (كەركوك ناو)ـی وت "دایكم ئێمەی بردە سەر شەقامەكە و وتی بڕۆن بۆ لای باوكتان با ئەو بەخێوتان بكات و خەرجیتان دابینبكات من حەزناكەم بەخێوتان بكەم، بۆیە ئێمەی لە شەقامەكە فڕیدا و خۆی رۆیشت"، ئەو دەڵێت چوار براكەی دیكەی لەو بچوكترن و دایكی و باوكیشی بەهۆی كێشەی نێوانیانەوە لە یەك ماڵدا ناژین.

بەپێی ماددەی 383 لە یاسای سزادانی عیراق هەر كەسێك منداڵ لە شوێنێكی چۆڵ بەجێبهڵێت و بەهۆیەوە روبەروی مەترسی و برسێتی ببێتەوە بە زیندانی سزا دەدرێت.

هەروەها لە یاسای باری كەسێتیدا هاتووە منداڵ مافی لەخۆگرتن و چاودێریكردنی خێزانی هەیە لە ژینگەیەكی پارێزراو و گوزەرانێكی شیاودا.

هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك، بەهەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی كۆمەڵگەیی لەگەڵ پێنج منداڵە دۆزراوەكەدا سەردانی بازاڕیان كرد بۆ ئەوەی پێداویستییەكانیان لە جلوبەرگ و خۆراك بۆ بكڕن، بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی پۆلیس، ئەو پێنج منداڵە لەژێر چاودێری ئەواندا دەبن تا چارەسەری كێشەی ئەو خێزانە دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT