دڵخۆش كامەران، دەستی راستی لە گەچ نراوە، تا ئەنیشكی پێچراوە و بە ملیدا هەڵواسراوە، چونكە بەپێی پشكنینی پزیشكی لە دوو شوێنەوە درزی تێكەوتووە، ئەوەش كاتێك رویداوە لە قوتابخانە بووە.
بەپێی گێڕانەوەی ئەو مێردمنداڵە و كەسوكاری، كە لێپرسراوانی پەروەردەش پشتڕاستیدەكەنەوە، مامۆستا بە دار لێیداوە و بەوهۆیەوە وایلێهاتووە.
"وانەی پێنجەم بوو، لە پۆلدا دانیشتبوم، مامۆستای بیركاری كە ئافرەتە هاتە ژورەوە و یەكسەر وتی سەیری نینۆكەكانتان دەكەم، كە گەیشتە من وتی بۆ نینۆكت درێژە، وتم مامۆستا لە بیرم چووە، لەكاتێكدا نینۆكم درێژ نەبوو، لە ترسدا وام وت" دڵخۆش كامەران بە گریانەوە روداوەكەی بۆ (كەركوك ناو) گێڕایەوە.
ئەو تەمەنی 12 ساڵە و لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییە.
"مامۆستا وتی دەستت بێنە، بە دار دوو داری لێدام، دارێكی لە ناو دەستم دا و دارێكیشی كێشا بە پەنجەكانمدا، ئیتر لە چەند خوێندكارێكی دیكەی دا".
ئەو روداوە، سێشەممە 11ـی كانونی دووەمی 2022، لە قوتابخانەی راپەڕین رویداوە لە ناوچەی لەتیفاوای گەڕەكی شۆریجە، كە ئەو قوتابخانەیەش سەر بە خوێندنی كوردییە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك.
دڵخۆش دەڵێت هەر ئەوكات ئازاری هەبووە، بەڵام لە ماڵەوە ئازاری دەستی زیاتر بووە، "ئیتر بە ماڵەوەم وت مامۆستای لێیداوم، چوین بۆ نەخۆشخانە و فەحسیان بۆ كردم".
بەپێی ئەنجامی پشكنینی تیشك دەركەوتووە ئێسكەكانی دەستی دڵخۆش لە دوو شوێنەوە درزی تێكەوتووە.
كەسوكاری ئەو خوێندكارە سكاڵایان لەلای خوێندنی كوردی دژی مامۆستاكە كردووە و لیژنەیەكیش لە پەروەردەی كەركوكەوە بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە.
شایدە حیكمەت، دایكی دڵخۆش بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای ئەوەی دەستمان لە گەچ گرت، بۆ رۆژی دواتر چوینە قوتابخانەكە تا مامۆستاكە ببینین و بپرسن بۆ لێیداوە، بەڵام لە بری ئەوەی داوای لێبوردن بكات، یەكسەر مامۆستاكە وتی بەڵێ لێیداوە و لێی پەشیمان نییە".
(كەركوك ناو) هەوڵیدا لێدوانی ئەو مامۆستایە وەربگرێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
مامۆستاكە دەڵێت تەنیا لێپرسینەوەی لەگەڵدا كردووە
نەوزاد بەکر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی راپەڕین كە روداوەكەی تیادا بووە بە (كەركوك ناو)ـی وت "مامۆستاكە دەڵێت لەسەر ئەوەی ئەو خوێندكارە ئەركی ماڵەوەی نەكردووە بۆیە تەنیا لێپرسینەوەی لەگەڵ كردووە، هەرگیزیش نەمبینیووە ئەو مامۆستایە داری پێبوبێت، منیش تا هاتنی كەسوكاری خوێندكارەكە ئاگاداری روداوەكە نەبوم".
هەروەها جەختیكردەوە "لیژنەیەک پێکهێنراوە، ئێمە لەگەڵ یاساداین و ئەو لیژنەیە هەر بڕیارێك بدات ئێمە لەگەڵ ئەنجامەکەیداین".
بەپێی ماددەی 53 لە یاسای سیستەمی قوتابخانەكانی سەرەتایی ژمارە 30 ساڵی 1978ـی عیراق، سزادانی جەستەیی خوێندكار بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
دایكی دڵخۆش دەڵێت "ئێمە لە پەروەردەی كوردی و یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردەش سكاڵامان كردووە".
شەوی رابردوو 12ـی كانونی دوەم بەشی خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك، لەسەر راسپاردەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم سەردانی ماڵی خوێندكارەكەیان كردووە و بەڵێنیانداوە لێپرسینەوە بكرێت.
شێرزاد رەشید كاكە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لەرونكردنەوەیەكدا وێڕای پشتڕاستكردنەوەی روداوەكە، دەڵێت "بڕیارماندا بەپەلە و بێ دواکەوتن لیژنەی لێکۆڵینەوە پێكبهێنین... بەپێی راسپاردەکانی لیژنەکە رێوشوێنی یاسایی پێویست لە بەرامبەر مامۆستاکە دەگرینەبەر".
بەپێی ماددەی 41ـی یاسای سزادانی عیراقی "مافی تەمێكردن" دراوە بە مامۆستا و باوك بەرانبەر بە منداڵ و مێردمنداڵ، بە مەرجێك لە سنوری شەرع و یاسادا دەرنەچێت.
بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی لە نیسانی 2019ـدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیكردەوە "مافی تەمێكردن" بە مانای توندوتیژی نایات.
هەروەها لە ماددەی 29ـی دەستوری عیراقدا هاتووە رێگەنادرێت بە گرتنەبەری شێوازەكانی توندوتیژی و ستەم لەناو خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگەدا.
روداوەكەی دڵخۆش كامەران؛ دووەم حاڵەتی لێدان و سوكایەتییە دژ بە خوێندكاران لە ناوشاری كەركوك لە چەند مانگی رابردودا.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە 10ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە؛ تیایدا مامۆستایەك بە بەرچاوی ژمارەیەك خوێندكاری دیكەی مێردمنداڵەوە لە ناو پۆل و لەبەردەم تەختەنوسینی پۆلەكەدا، بە ماسیحەیەك تا هێزی تیایە سێ جار بە خوێندكارێكدا دەكێشت و جنێوی پێدەدات.
بۆ ئەو روداوەش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا و بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عیراق مامۆستاكە سزادرا، ئەوەش بە دورخستنەوەی بۆ دەرەوەی شار و راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی بۆ ساڵێك.