سەربازێكی عیراقی لە حەوشەی ماڵەكەی خۆیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەی لێدەكرێت و گیانلەدەستدەدات، ئەوەش دووەم روداوی كوشتنە لە ماوەی هەفتەیەكدا، دوای ئەوەی هەفتەیەك لەمەوبەر هەر لە ناحیەی سنونێی شنگال تەرمی ژن و مێردێك دۆزرایەوە.
لە دوایین روداودا شەوی رابردوو 15ـی نیسان، تەقە لە گاڤان حەمو حامد (44 ساڵ)، سەربازی سوپای عیراقی لە كۆمەڵگەی گۆهبەل-ـی ناحیەی سنونێ (سەر بە قەزای شنگال لە خۆرئاوای نەینەوا) كرا.
خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "بكوژەكان چونەتە بەر دەرگای ئەو هاوڵاتییە كە سەربازە و بە كچەكەیان وتووە باوكی بانگ بكات بۆ دەرەوە، كاتێك لە ژورەوە هاتۆتە ناو حەوشەی ماڵەكەی، هەر لەوێ بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەی لێكراوە و یەكسەر گیانیلەدەستداوە".
كوژراوەكە خێزاندارە و جگە لە دەوامی سەربازی لە ناوچەكەی خۆی دوكانێكی فرۆشتنی خۆراكی وشكەی هەیە.
هادی قاسم، دانیشتوی كۆمەڵگای گۆهبەل و هاوڕێی كوژراوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "گاڤان سێ ساڵ لەمەوبەر چۆتە ئەڵمانیا و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ گۆهبەل، دواتر پەیوەندی بە سوپاوە كرد و لەگەڵ دەوامەكەیدا دوكانداریش بوو، هێندەی من بزانم كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبووە".
هێزە ئەمنییەكان پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ روداوەكە كردۆتەوە و تائێستا هیچ كەسێك تۆمەتبار نەكراوە بەڵام نایانەوێت لێدوان لەبارەی دۆسیەكەوە بۆ میدیا بدەن.
هادی دەڵێت "دیارنییە كێ كوشتویەتی و تەرمەكەشی بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە".
شەممەی رابردوو 9ـی نیسانی 2022ـیش هەر لە ناحیەی سنونێی شنگال تەرمی ژن (23 ساڵ) و مێردێك (40 ساڵ) دوای چەند رۆژێك لە دیارنەمانیان دۆزرایەوە، كە پیاوەكە لە ریزی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراقیدا دەوامی دەكرد.
بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ وتی "هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە لە روداوی كوشتنی ئەو ژن و مێردە دەكەن و تا لێكۆڵینەوەكان نەگەنە كۆتایی ناتوانین هیچ زانیارییەك بۆ راگەیاندن ئاشكرابكەین".
ئەو روداوانە لەكاتێكدایە هێزە ئەمنییەكانی شنگال لە ناوەڕاستی ئاداری ئەمساڵەوە بڕیاریانداوە بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە كاتژمێر 12ـی شەو تا 6ـی بەیانی، بە پاساوی كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی ئەمنی.
له قهزای شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن له نێویاندا حهشدی شهعبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمهرگهی ئێزیدخان و پێشمهرگهی سهر به حكومهتی ههرێمی كوردستان.