كەمینەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ یەك بازنەی هەڵبژاردندان بۆ پەرلەمانی كوردستان و دژی هەمواركردنەوەی یاساكەن، چونكە پێیانوایە هەوڵێكی جددی هەیە لەو ڕێگەیەوە كورسییەكانیان بۆ شەش یان هەشت كورسی كەمبكرێتەوە.
ئەو مەترسییەی كەمینە ئایینیی و نەتەوەییەكان؛ هاوكاتە لەگەڵ مشتومڕی توندی نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ گۆڕانكاری لە ژمارەیەك ماددەی یاسای هەڵبژاردن، كە تائێستا كۆدەنگییان لەسەر نییە و بەهۆیەوە دابەشی دوو بەرە بون.
ژمارەیەك فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان، پرۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بەڵام لە بەرانبەردا هەندێك فراكسیۆنی دیكە لە نێویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان و كەمینەكان، دژی ئەو داواكارییەن.
داواكاری سەرەكیی ئەو لایەنانەی هەمواركردنەوەی یاساكە بەپێویست دەزانن، وەك لە بەیاننامە و راگەیەندراوەكانیاندا هاتووە؛ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنە لە یەك بازنەییەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.
"ئێمە لەگەڵ فرەبازنەییدا نین، دەمانەوێت هەر یەك بازنە بێت چونكە لە بەرژەوەندی پێكهاتەكانیاندایە و دەنگەكانیان پەرت نابێت، ئەوكات زۆرینەی كریستیانەكان كە لە هەولێر و دهۆكن، دەتوانن لە هەر شوێنێك كاندیدێكی كریستیانی هەبێت دەنگی پێبدەن" بەوتەی کلارا عۆدیشۆ یەعقوب، سەرۆکى فراكسیۆنی ئەنجومەنی گەلی کلدانى سریانى و ئاشوورى لە پەرلەمانی كوردستان.
هەوڵدەدەن بەو هەموارە كورسى کۆتاکان لە 11 کورسییەوە بۆ شەش یان هەشت كورسی كەمبكەنەوە، ئەمەش قبوڵكراو نییە
كلارا كە لیستەكەیان یەك كورسی كۆتای هەیە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەوڵدەدەن بەو هەموارە كورسى کۆتاکان لە 11 کورسییەوە بۆ شەش یان هەشت كورسی كەمبكەنەوە، ئەمەش قبوڵكراو نییە، بەڵكو دەبێت كورسییەكانی كۆتا زیاتر بكرێن نەك كەمبكرێنەوە".
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كەمینەكان لە كۆی 111 كورسی تەنیا 11 كورسییان بە كۆتا بۆ دانراوە؛ (پێنج كورسی كریستیان، پێنج كورسی توركمان و یەك كورسی ئەرمەن).
كلارا عۆدیشۆ جەختیكردەوە "بەهەموو شێوەیەک دژى هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنین، چونکە هیچ بۆشاییەکى یاسایى تیادا نییە و زۆر گونجاوە بۆ بارودۆخى هەرێمى کوردستان، کاتیش نەماوە یاساکە هەموار بکرێتەوە"، لەبارەی تۆمەتباركردنیان بە لایەنگری پارتی، وتی "شانازییە بۆ ئێمە چونكە هەر پارتییە پشتگیری لە داواكارییەكانمان دەكات و.. كار بۆ پێكەوەژیانی ئایینی دەكات".
ئەوەش لەكاتێكدایە، هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمان بەرەسمی خواستی خۆی بۆ كەمكردنەوەی كورسی كۆتای كەمینەكان رانەگەیاندووە، تەنیا لەسەر ئاستی پەرلەمانتار رەخنە لە پەرلەمانتارانی كەمینە گیراوە و تۆمەتباركراون لە هەندێك پرسی ناو پەرلەماندا، دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ لایەنێكی دیاریكراو دژی لایەنەكانی دیكە.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان واژۆی بۆ كۆكراوەتەوە؛ كورسی كۆتا وەك خۆی دەمێنێتەوە و بەپێی سیستەمی فرەبازنەیی دابەشكراوەتەوە؛ بە جۆرێك لە پێنج كورسی توركمان سێ كورسییان بۆ هەولێر و دوو كورسی بۆ بازنەی سلێمانی بێت، هەروەها كورسییەكانی كریستیان یەكێكیان لە هەولێر و دوانیان لە دهۆك و دوانیان لە سلێمانی بێت، تاكە كورسییەكەی ئەرمەن بۆ بازنەی دهۆك دابنرێت.
رۆمیۆ حوزەیران نیسان، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانى یەکێتى نەتەوەیى (سێ كورسی كۆتای كریستیانیان هەیە) بە (کەرکوک ناو)ـى وت "هەندێک لایەن پرۆژە و بەرنامەیان هەیە کورسى کۆتا کەمبکەنەوە، ئێمەش هەر دەستکارییەک لە یاسای هەڵبژاردن بکرێت دەترسین زیان بە پێکهاتەکان بکەوێت، بۆیە بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان واباشترە یاساکە دەستکارى نەکرێت"، وتیشی "هیچ خێر و منەتێک بە پێکهاتەکان ناکەن و مافى خۆمانە کورسىمان هەبێت".
هەوڵی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دوای ئەوەدێت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان 1ـی تشرینی یەكەمی 2022ـی وەك رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد.
"لەبەرژەوەندى تورکمان و پێکهاتەکاندا نییە یاساى هەڵبژاردن دەستکارى بکرێت، چونکە یاساکە هیچ کەموکورتییەكی تیادا نییە و زۆر گونجاوە،... دابەشکردنى کورسى کوتاکان بەسەر پارێزگاكاندا وەك لە هەموارەكەدا داوادەكرێت ستەمێکى گەورەیە لە پێکهاتەکان دەکرێت" محەمەد سەعدەدین ئەنوەر، سەرۆكی پارتى گەشەپێدانى تورکمانی وای وت.
ناوبراو كە فراكسیۆنەكەی دوو كورسی كۆتای لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەمانەوێت هەموو کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت، فرەبازنەیى لەبەرژەوەندى پێکهاتەکاندا نییە، ناكرێت بارودۆخی ئێمە و عیراق بەراورد بكرێت، چونكە تەنیا چوار پارێزگامان هەیە و زۆرینەی پێكهاتەكانیش لە هەولێر و دهۆكن".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا هەر پارێزگایەك بۆ چەندین بازنەی هەڵبژاردن دابەشكراون و لە 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیش تەنیا 9 كورسی كۆتا دانراوە كە پێنجیان بۆ كریستیان و هەریەك لە ئێزیدی، شەبەك، سابیئەی مەندائی و كوردی فەیلی یەكی كورسییەكیان هەیە.
دەمانەوێت هەموو کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت، فرەبازنەیى لەبەرژەوەندى پێکهاتەکاندا نییە
محەمەد سەعدەدین وتی "ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ پارتیش بكەین هەنگاوێكی ئاساییە، مافی خۆمانە لەگەڵ كێ هاوپەیمانی دەكەین، ئێمە ناچینە ناو هاوپەیمانی لایەنی دیكەوە كە داوای كەمكردنەوەی كۆتای پێكهاتەكان دەكەن، بەپێچەوانەوە دەبێت كورسییەكانمان زیاد بكرێن".
ئەو فراكسیۆنە سەرەكییانەی داوای هەمواركردنەوە دەكەن هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پێكەوە خاوەنی (53) كورسین لە بەرانبەردا پارتی و كەمینەكان بە (56) كورسییەوە دژن.
هەدیا موراد حەیدەر، پەرلەمانتاری ئێزیدی لە فراكسیۆنی پارتی بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەجۆرێك لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاساكەداین كە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدا بێت و دژی پێكهاتەكان نەبێت"، ئەو دەڵێت دابەشكردنی كورسی كۆتا بەسەر چەند بازنەیەكدا گونجاو نییە، "بۆ نمونە كورسییەكانی كریستیان دوانیان بۆ سلێمانی دانراوە لەکاتێکدا لەوانەیە بە هەموو سلێمانى 50 خێزانى کریستیانى تیایدا نەبێت، لە بەرانبەردا بۆ پارێزگای دهۆكیش هەر دوو كورسی دانراوە لەكاتێكدا زۆرینەی ئێزیدى و کریستیانەکان لەو پارێزگایە دەژین".
ئێزیدییەكان تائێستا كورسی كۆتایان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دانەنراوە و لە چوارچێوەی لیستەكانی دیكەدا بەشداری دەكەن.
هەدیا وتی "لەگەڵ فرەبازنەییدا نین"، چونكە پێیوایە ستەمە لە پێكهاتەكان و دەنگەكانیان پەرت و بڵاودەبنەوە، "دەمانەوێت هەڵبژاردنیش لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت".
ههڵبژاردنی خولی پێنجهمی پهرلهمان، ساڵێك له وادهی خۆی دواكهوت و له ئهیلولی 2018دا ئهنجامدرا و لەمساڵدا تهمهنی ئهو خوله كۆتاییدێت.