"هێزی نایاسایی لە شنگال هەن"
ليوا هاوبەشەكانی سوپا و پێشمەرگە چاوەڕێی حكومەتی نوێ دەكەن

كەركوك/6ی كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە گوندی لهێبان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق ئاشكرایدەكات تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ دوو لیوا هاوبەشەكەی پێشمەرگە و سوپا لە ناوچەكانی جێناكۆك دەستبەكارنابن، پێشیوایە ئاڵۆزییە ئەمنییەكانی قەزای شنگال بەهۆی هێزی نایاساییەوە و پێویستە دەربكرێن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)ـدا باس لە دوایین زانیارییەكانی پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكان و دۆسیەی ئەمنی كەركوك، شنگال و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك دەكات.

"هەموو كارەكانی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا كۆتاییان هاتووە، تەنیا چاوەڕێی ئەوەین بودجە تەرخانبكرێت و موچەیان بۆ خەرجبكرێت، ئەوەش دواكەوتووە و هۆكارەكەی پێكنەهێنانی حكومەتی نوێی عیراقە" تەڵعەت وای وت.

abdulxalq talaat
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق

دوو لیوای هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە، راهێنانەكانیان تەواو كردووە و ئامادەن بۆ وەرگرتنی ئەركی ئەمنی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك.

پێكهێنانی ئەو دوو لیوایە دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆ و كۆبونەوەی نێوان نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە هات لە ساڵی رابردودا بۆ ناوچەكانی جێناكۆك.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق دەڵێت حكومەتی ئێستای فیدراڵی كاربەڕێكەرە، بۆیە ناتوانن بودجە و موچە بۆ دوو لیوا هاوبەشەكە دابینبكەن.

لە 24ـی نیسانی 2022 ژمارەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە كە راهێنان كردووە تا لە چوارچێوەی دوو لیوا هاوبەشەكەدا ئەرك وەربگرن، گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان بەهۆی پێنەدانی موچەكانیانەوە لە شاری كەركوك ئەنجامدا و داوایانكرد، بە زویی چارەنوسیان یەكلاییبكرێتەوە.

فەرماندە باڵاكەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق وتی "ئەوان ناحەقیان نییە داوای موچەكانیان دەكەن، خەتای حكومەتی عیراقە و بەپێی یاسا دەبێت مووچەیان پێبدرێت، بەڵام یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە لە سەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ ماوە".

هیچ وادەیەك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق نییە بەهۆی ناكۆكی كوتلە سیاسییەكانەوە و تائێستاش پرۆژەیاسای بودجەی 2022 رەوانەی پەرلەمان نەكراوە.

ڤیدیۆ: كەركوك/ نیسانی 2022/ گردبونەوەی ناڕەزایی دژی دەستبەكارنەبونی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە و سوپا

"راستە ئەو دوو لیوا هاوبەشەی ناوچەكانی جێناكۆك دەستبەكارنەبون، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە ناوچەكە چۆڵ بێت، لەبەری عیراق، هێزی عیراقی لێیە و لەبەری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزی پێشمەرگەی لێیە... بەڵام هەندێك شوێن هەیە وا پێویست دەكات بەهاوبەشی لەلایەن سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەوە بپارێزرێت".

لە خانەقین و سنوری پارێزگای دیالەوە تا ناوچەی سحێلا لە نەینەوا بەدرێژایی 560 كیلۆمەتر هێزەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگە سنور لە نێوانیاندا هەیە.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا لەبارەی بارودۆخی قەزای شنگال، پێیوایە هۆكاری بارگرژییەكان "هەبونی هێزی نایاسایی پەكەكە و چەند هێزێكی تری نایاسایی عیراقییە لە ناوچەكەدا" بێ ئەوەی ناوی هیچ هێزێكی دیكە بهێنێت.

سوپای عیراق و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لەمساڵدا زیاد لە جارێك روبەڕوی یەكتری بونەتەوە و لە دوایین پێكداداندا، لە 2ـی ئایار كە چەند رۆژێك بەردەوام بوو، بەهۆیەوە جگە لە زیانی گیانی، نزیكەی دوو هەزار خێزان لە ناوچە جیاوازەكانی شنگالەوە ئاوارەی كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بون.

"ئەو هێزە نایاساییانەی لە ناوچەكەدا هەن بەپێی رێككەوتنی شنگال دەبێت لەوێ نەمێنن، بۆیە تا ئەو هێزانە لەوێبن رێككەوتنەكە جێبەجێناكرێت" لیوا عەبدولخالف تەڵعەت وادەڵێت.

هەروەها جەختیكردەوە "ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەو هێزانە لەو ناوچانە دەرناچن و دەبێت بە زەبری هێز دەربكرێن".

ybsh-1-1-2
نه‌ینه‌وا، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

یەبەشە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا و بەشێكی چەكدارەكانیان سەر بە دەستەی گشتی حەشدی شەعبین.

لیوا عەبدولخالق وتی "ئاڵۆزییەكانی شنگال كێشەی حكومەتی عیراقە و دەبێت ئەوان چارەسەری بكەن، چونكە دۆسیەی ئەمنی ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكاندایە و نابێت هیچ هێزێكی دیكەی دور لە هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی لەو ناوچانە بونیان هەبێت، چونكە پێویستە لەمساڵدا رێككەوتنەكە جێبەجێبكرێت".

لە ئێستادا تاكە رێگا كە حكومەتی عیراق بەردەوام جەخت لە جێبەجێكردنی دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی شنگال، جێبەجێكردنی رێككەتننامەی شنگالی 2020ـە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، بەپێی ئەو رێككەوتنەش دەبێت هێزەكانی نزیك لە پەكەكە شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT