لانیكەم 10 جار سەربازگەی توركیا لە باشیك بۆردومانكراوە
چێشتلێنەرێكی عیراقی لەدواین بۆردومانی سەربازگەكەدا كوژرا

به‌غداد/ 2015/ هێزێكی ئه‌منی عیراق له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی توركیا فۆتۆ: رۆیته‌رز

عەمار عەزیز – نەینەوا

لە هێرشی سەر سەربازگەی توركیا لە باشیك هاوڵاتییەكی عیراقی كوژرا كە خەڵكی قەزای شێخانە و لە سەربازگەكەدا چێشتلێنەر بووە، ئەوەش دوای چەند كاتژمێرێكی كەم دێت لە كوژرانی شەش كەس لە دوو بۆردومانی جیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ هەردوو ناحیەی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ و كەمپی مەخمور لە پارێزگای نەینەوا.

شەوی رابردوو 21ی ئایار، لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە سەربازگەی توركیا لە باشیك بۆ جارێكی تر كرایە ئامانج، تائێستا لانیكەم 10 جار ئەو سەربازگەیە بۆردومانكراوە.

حەمەد ئەمین غەریب، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان – نزیكترین لێپرسراوی خۆجێی پارێزگای نەینەوایە لە سەربازگەكەی توركیاوە -  بە (كەركوك ناو)ی وت "هێرشەكە بووە هۆی برینداربونی هاوڵاتییەكی خەڵكی ناحیەی كەلەكچی لە قەزای شێخان بەناوی خالید عەبدولڕەحمان، كە لە سەربازگەكەدا كاریدەكرد وەكو چێشتلێنەر، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شێخان گیانیلەدەستدا". هاوكات دراوسێیەكی ماڵی خالید عەبدولڕەحمان، بەهەمان شێوە جەختیكردەوە كە ناوبراو چێشتلێنەر بووە لەو سەربازگەیە.

خالید عەبدولڕەحمان، كە لە سەربازگەكەدا وەكو چێشتلێنەر كاری دەكرد، لە بۆردومانەكەدا كوژراوە

بە ئامانجگرتنی سەربازگەكەی توركیا لە باشیك، دوای دوو هێرشی جیاوازی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دێت بۆ هەردوو ناحیەی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ و كەمپی مەخمور – پەنابەرانی كوردی توركیا لێی نیشتەجێن-، بەهۆیەوە لە هەردوو هێرشەكەدا شەش كەس كوژران.

xalid
خالید عەبدولڕەحمان، چێشتلێنەرێكی عیراقی لەدواین بۆردومانی سەربازگەكە و لەناو سەربازگەكەدا كوژرا. وێنەكە لە سۆسیال میدیا بڵاوكراوەتەوە

زەنون یونس، بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک بە (کەرکوک ناو)ى وت "بە ئامانجگرتنی سەربازگەی توركیا لەكاتێكدایە، تائێستا دوجار توركیا حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا كردۆتە ئامانج، دواینجار لە ناوەڕاستی نیسانی ئەمساڵ بوو".

وتیشی "بۆردومانكردنی حەشدی شەعبی لەلایەن توركیاوە، وەك كاردانەوەیەك بووە بۆ بەئامانجگرتنی سەربازگەی توركیا لە باشیك... بەڕاستی ئەوە پێشهاتێکى خراپ و ترسناکە، ئەگەر ئەم هێرش و پەلامارانە بۆ سەر یەكتر بەردەوام بێت زیانى بۆ خەڵكی ناوچەكە دەبێت".

ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا حەشدی شەعبی بەهیچ شێوەیەك باسی لە هێرشی توركیا نەكردووە بۆ سەر بارەگاكانیان لە دەشتی نەینەوا، بەڵام لە شنگال زیاتر لە جارێك بارەگاكانیان كراوەتە ئامانج.

حەشدی شەعبی بەردەوام ئەو تۆمەتانەش رەتدەكاتەوە كە روبەڕویان دەكرێتەوە لەبارەی بە ئامانجگرتنی سەربازگەی توركیا لە باشیك.

هاوكات حەمەد ئەمین غەریب، بەڕێوەبەرى ناحیەى زێلکان بە (کەرکوک ناو )ى وت "بەهیچ شێوەیەك ئاگادارى ئەوە نین تورکیا بۆردومانى بنکە و خاڵە سەربازییەکانى حەشدى شەعبى کردبێت لە دەشتی نەینەوا".

وتیشی "لانیكەم 10 جار ئەو سەربازگەیە كراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە دەرنەبڕیوە".

shngall-3-2
نەینەوا/ شوباتی 2022/ بارەگانی هیزێكی حەشدی شەعبی لە شنگال بەهۆی بۆردومانی توركیاوە خاپور بووە فۆتۆ: لە ئەكاونتی ئیبراهیم ئێزیدی لە فەیسبوك وەرگیراوە

توركیا بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراقدا، لەساڵی 2016ەوە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە شەڕی دژ بە داعشدا، سەربازگەیەكی لە چیای باشیك نزیك ناحیەی زێلكان کردۆتەوە، ئەوەش بەناوی هاوكاریكردنی هێزەكانی عیراق لەڕوی مەشق و راهێنانەوە، بەتایبەت هێزەكانی حەشدی عەشایەری سوننە.

سەربازگەكە دەكەوێتە كۆتایی سنوری ناحیەی باشیك لە قەزای حەمدانیە و سەرەتای ناحیەی زێلكان لە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا.

سەعید عەلى، موختارى گوندى کەندال سەر بە ناحیەى زێلکان كە 15كم لە سەربازگەكەوە دورن، وتی "لەکاتى بۆردومانکردنى بنکەى سەربازى تورکیا دەنگى روکێتەکان زۆر بە گەورەیى دەبیستین و دەترسین، بەتایبەت منداڵەکانمان".

داواشیكرد حكومەتی عیراق لە ئاستی باڵا كێشەی بونی ئەو سەربازگەیە چارەسەر بكات.

قوسەى عەباس، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرى عیراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێویستە ئەو سەربازگەیە لەو ناوچەیە نەمێنێت و ئەوە پێشێلكارییە بەرامبەر بە سەروەری خاكی عیراق".

زیاتر وتی "سەرچاوەى بۆردومانکردنى سەربازگەى تورکیا دیار نییە... ئەو زانیارییانەش كە ماوەیەكە بڵاودەكرێنەوە لەبارەی ئەوەی توركیا حەشید شەعبی كردۆتە ئامان راست نین".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT