تەرمی دوو ئافرەت دۆزرایەوە، ئەوەش لە دوو روداوی جیاوازدا كە بەوتەی پۆلیس "خۆكوژی" بووە، هەرچەندە هێشتا لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكاندان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئایاری 2022 تەرمی كچێكی 15 رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە قەزای كەلار دەكرێت.
موقەدەم عەلی جەمال قدووری، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "ئەو كچە بەناوی (ج-س-ا) لە گوندی ساڵح ئاغای سەر بە ناحیەی قۆرەتوو بە هەڵواسینەوە گیانی لەدەستدابوو".
قۆرەتوو سەر بە قەزای خانەقینە و لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە.
لە روداوێكی دیكەشدا درەنگانی شەوی رابردوو 26ـی ئایار لە گەڕەكی فەرمانبەرانی کەلارەوە تەرمی ئافرەتێک رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید هەژار كراوە.
قدووری دەڵێت ئەو ژنە "بەوتەی کەسوکاری سێ مانگە زەواجی کردوە، خۆی هەڵواسیووە و لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە".
ئەو ژنە ناوی (خ-خ-ع)ـیە، تەمەنی 22 ساڵە و ئاوارەیە لە قەزای كەلار.
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو ژنە كاتێك هێنرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو، بەهۆی خۆهەڵواسینەوە" وتیشی ئەو ژنە خەڵكی بەغدایە و لە كەلار نیشتەجێ بووە.
پۆلیس هێشتا لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكانی هەردوو دۆسیەكەدایە.
لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان وتی "توێكاری بۆ تەرمەكان كراوە و لەسەر هۆكار و چۆنیەتی روداوەكان دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە".