شەش قوربانی لە دوو هەفتەدا
حكومەت لە دۆسیەی "خۆكوشتنی ئێزیدییەكاندا" كۆڵ دەدات  

فۆتۆ: engin akyurt، لە ماڵپەڕی unsplash وه‌رگیراوه‌ له‌ 28ی شوباتی 2021

عەمار عەزیز – دهۆك

تەنیا لە دوو هەفتەدا شەش هاوڵاتی ئێزیدی "خۆیان كوشتووە"، كە زۆرینە ئاوارەی كەمپ بون، بەبێ ئەوەی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پلانیان بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی ئەو روداوانە هەبێت.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە دوو هەفتەی رابردووی ئایاری 2022ـدا، پێنج هاوڵاتی ئێزیدی گیانیانلەدەستداوە، كە پۆلیس و كەسوكاریان بە "خۆكوشتن" ناوی دەبەن.

لەو شەش دۆسیەیەدا؛ پێنج كەسیان لە كەمپەكانی ئاوارەكانی پارێزگای دهۆك و یەكێكیان لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال بووە.

دوایین روداویش 16ـی ئایار لە كەمپی بێرسڤ تۆماركراوە و كوڕێكی تەمەن 26 ساڵ "بە پەت خۆی خنكاندووە"، وەك پۆلیسی زاخۆ لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە.

"رێژەكە لە ساڵی 2022ـدا زیادیكردووە، لەوەشدا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كەمتەرخەمن و هەر لایەنێك بە رێژەیەكی ئەو كەمتەرخەمییەی بەردەكەوێت" موقدم فەلاح حەسەن، بەرێوەبەری نوسینگەی شنگالی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان كە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

رێژەكە لە ساڵی 2022ـدا زیادیكردووە و لەوەشدا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كەمتەرخەمن

لە 14ـی ئایاردا كچێكی تەمەن 26 ساڵ هەر لە كەمپی بێرسڤ-ـی زاخۆ "كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا"، بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس و لەكاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا، بەبێ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان دواتر وردەكاری روداوەكە و لێكۆڵینەوەكانیان لەسەر ئەو دۆسیەیانە بڵاوبكەنەوە.

لە هەمان كەمپی ئاوارەیی 5ـی ئایاری ئەمساڵ تەرمی ژنێكی تەمەن 62 ساڵ لەنێو خێوەتەكەی خۆیدا دۆزرایەوە و بەوتەی پۆلیس و كەسوكاری، ئەویش "بە پەت خۆی خنكاندووە".

سوفیان نەمر، برازای ئەو ژنە ئاوارەیە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "پورم زیاتر لە ساڵێكە بە تەنیا لە خێوەتێكدا دەژیت و لە هاوسەرەكەی جیابۆتەوە، تەنیا یەك كچی هەیە، ئەویش شویكردووە و ماڵی خۆی هەیە، باری دەرونی جێگیر نەبوو،  بەداخەوە خۆی خنكاند".

بە هەردوو كەمپی بێرسڤ-ـی یەك و دوو لە زاخۆ زیاتر لە 12 هەزار ئاوارەی ئێزیدی تێدایە كە زۆرینە خەڵكی قەزای شنگال (خۆرئاوای نەینەوا)ـن.

بەڕێوەبەری نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان وتی "دیاردەی خۆكوشتن یاسایەك یان شتێك نییە كە بتوانیت بەوهۆیەوە رێگریی لە خەڵك بكەیت خۆی نەكوژێت، خەڵك ئازادە، بەشی زۆری ئەوانەشی خۆیان دەكوژن لە رەگەزێ‌ مێ‌ بون، لە هۆكارەكانیش چاولێكەری، دابونەریتی كۆمەڵگە و پاڵنەری تر هەن".

zhnan-15
نه‌ینه‌وا/ 2018/ ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت له‌كاتی سه‌ردانی گۆڕی كه‌سوكاریان له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

موقەدەم فەلاح دەڵێت "دەیان حاڵەتی توندوتیژیمان دژی ئافرەتان چارەسەر كردووە، بەڵام ئەوەی لەسەرشانی ئێمە بووە بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی خۆكوشتن بە زیادیشەوە ئەنجاممانداوە"، ئەوەش لەڕێی دانیشتن و سمینار لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپ، "هەرچەندە بەشداربوانی ئەو دانیشتنانە قسەكانی ئێمە جێبەجێناكەن و ئەوە دەكەن كە لە مێشكیاندایە".

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 16ـی ئایار لە ناو كەمپەكانی دهۆك و هەروەها لە سنوری شنگال زیاتر لە 17 روداوی "خۆكوشتن"ـی هاوڵاتیانی ئێزیدی تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش 11ـیان لە رەگەزی مێ و شەشیان لە رەگەزی نێر بون.

هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 10 هاوڵاتی ئێزیدی "كوژراون".

سەلیمە ساڵح جوندو (22 ساڵ)، 21ـی نیسانی 2022 لە كەمپی دەركاری زاخۆ تەرمەكەی دۆزرایەوە و بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە "خۆی خنكاندووە".

"رۆژی پێشتر پێكەوە هەموو خێزانەكە لە پەرستگای لالش بوین، بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵ و چوارشەمەی سور، زۆر دڵخۆش بوو، دەیان وێنەی گرت و تا ئێوارە لەوێ بوین، لە رۆژی روداوەكەشدا پێكەوە نانی بەیانی و نیوەڕۆمان خوارد، هیچ كێشەیەكمان بەدینەكرد" ساڵح جوندو، باوكی ئەو كچە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

رێكخراو و لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچیان بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی خۆكوشتن نەكردووە

"لە خێوەتێكی تەنیشت خێوەتی دانیشتنەكەماندا كە ئەرزاق و پێداویستی تیادا هەڵدەگرین، لەوێ خۆی خنكاندبوو" جوندو دەڵێت  "هەفتەیەك پێش روداوەكە سەلیمە وتی باوكە خەوێكم بینیووە كە جلی سپیم پۆشی بوو و وەك كۆتر بەرەو ئاسمان دەفڕیم".

ئەو نیگەرانە لە رێكخراو و لایەنە پەیوەندیدارەكان، چونكە "هیچیان بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی خۆكوشتن" نەكردووە، لەكاتێكدا هۆكارەكان بەبڕوای ئەوەی بێزاریی و نەهامەتی ژێر خێوەت و ئاوارەییە، لەگەڵ نەبونی هەلیكار.

به‌وته‌ی سه‌دا 20ی به‌شداربوانی راپرسییه‌ك كە ساڵی رابردوو له‌ نێو ئاواره‌كاندا كراوە؛ بۆ جارێكیش بێت كه‌سوكاریان بیریان له‌ "خۆكوشتن" كردۆته‌وه‌.

سوزان سەفەر، بەرێوەبەری رێكخراوی داك بۆ گەشەپێدانی ژنانی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو راپرسییە ئێمە كردمان و ئەنجامەكانمان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەنرا و رێژەی خۆكوشتن نەك كەمنەكرایەوە، بەڵكو زیاتر بوو".

بەوتەی ناوبراو كە بە مەیدانی بەدواداچون بۆ گرفتی ژنانی ئاوارە دەكەن، لە هۆكارە سەرەكییەكانی خۆكوشتن لە كەمپدا، درێژەكێشانی ئاوارەیی، نەبونی هەلیكار و خولی راهێنان و گرنگی نەدانە بە چارەسەری دەرونی".

دابینكردنی چاره‌سه‌ری ده‌رونی؛ به‌شێكی سه‌ره‌كی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدییه‌، كه‌ سه‌ره‌تای ئاداری 2021 په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندیكرد، بۆ قه‌ره‌بوی دارایی و مه‌عنه‌وی ئه‌و خانمانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنران و روبه‌ڕوی توندوتیژی جیاواز بونه‌وه‌، به‌ ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ و دوباره‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه.

ezedii-1-1
دهۆك/ 2019/ شادبونه‌وه‌ی كچه‌ رزگاربویه‌كی ئێزیدی رفێنراوی ده‌ستی داعش به‌ كه‌سوكاری له‌ كه‌مپی ئاواره‌یی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "پاڵنەری سەرەكی كە وادەكات ئاوارەكان خۆیان بكوژن مانەوەیانە لە ئاوارەییدا، هەر كەسێك هەشت ساڵ لەژێر خێوەتدا بمێنێتەوە و هیچ ئاسۆیەك نەبێت بۆ گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی بە دڵنیاییەوە هانا بۆ خۆكوشتن دەبات".

حكومه‌تی فیدراڵی عیراق لە ساڵی 2021ـدا لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانی "خۆكوشتنی هاوڵاتیانی ئاواره‌"ـی ئێزیدی پێكهێنا به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی بڵاونەكردەوە.

"كاری ئەو لیژنە كۆتایی نەهاتووە، وەزارەت كاری لەسەر ئەو بابەتە كردووە وەك كردنەوەی خولی هۆشیاری لە ناو كەمپ و دابەشكردنی هاوكاریی وەك خۆراك و پێداویستی و رەخساندنی هەلیكار بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكاندا، بەڵام ئەو روداوانە و دۆسیەی خۆكوشتن هیچ لایەنێك ناتوانێت كۆتایی پێبهێنێت" ئەسكەندەر وای وت.

بەهۆی ھێرشەكانی 2014ـی داعش بۆ شنگال و ناوچەكانی تری پارێزگای نەینەوا، زیاتر لە 350 هەزار هەزار ئێزیدی ئاوارە بون و 100 هەزار كەسیش بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كرد، جگە لە رفاندنی شەش هەزار ئێزیدی كە نزیك بە نیوەیان هێشتا چارەنوسیان نادیارە، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە كۆی زیاتر لە 664 هەزار ئاوارەی هەرێم سەدا 30ـیان ئێزدین و تەنیا لە ئایاری ئەمساڵدا بەهۆی بارگرژی چەكدارییەوە لە شنگال نزیكەی دوو هەزار خێزان بۆ جاری دوەم ئاوارەی كەمپ بونەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT