ژمارەیەك لە گەنجانی شنگال؛ بەبێ هیچ دەستكەوت و دەرەنجامێكی كرداریی كۆتایی بە دیدارەكانیان لە بەغدا دەهێنن و بۆ قەزاكە دەگەڕێنەوە، ئەوەش دوای نزیكەی 40 رۆژ لە گردبونەوەی ناڕەزایی.
لە چەند رۆژی رابردوودا، 19 كەس بە نوێنەرایەتی گەنجانی ناڕازیی شنگال بۆ گەیاندنی ژمارەیەك داواكاریی لە نێویاندا كۆتاییهێنان بە ناكۆكییە سەربازییەكان و پێكهێنانی ئیدارەی نوێ بۆ قەزاكە سەردانی بەغدایان كرد، تا لەڕێی لێپرسراوانی حكومەتی فیدراڵییەوە بڕیار بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەربكرێت.
سەعید دەخیل، ئەندامی شاندنی گەنجانی شنگال بۆ بەغدا بە (كەركوك ناو)ـی وت ئامانجی سەرەكیی سەردانەكە گەیاندنی داواكاریی گردبونەوەكانیان بووە دەربارەی بارودۆخی قەزاكە، بەڵام تەنیا هەندێك بەڵێنیان پێدراوە، بۆیە ئەوانیش هێشتا كۆتاییان بە گردبونەوە و خۆپیشاندانەكانیان نەهێناوە.
ئەوەش دوای شەڕو ئاڵۆزی نێوان سوپای عیراق و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) دێت لە ئایاری ئەمساڵدا كە بەهۆیەوە چەند كەسێك لە هەردولا كوژران و ژمارەیەكیش برینداربون، لەپاڵئەوەشدا زیاتر لە 800 خێزان ئاوارەبون.
"بەڵێندراوە جارێكیتر شەڕ لەلایەن سوپاوە سەرهەڵنەدات، تەنیا لە حاڵەتێكدا نەبێت گە هێرشبكرێتە سەر سوپا و بەرگری لە خۆیان بكەن" دەخیل جەختیكردەوە ئەوان رێگەنادەن پێكدادان لە قەزاكە دروستببێتەوە "چونكە پێویستمان بە دڵنیایی ئەمنی هەیە تا خەڵك دوبارە ئاوارە نەبنەوە و دەبێت بە زویی ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگالیش پێكبهێنرێت".
لە 2ى ئایاری رابردووەوە گروپێك لە گەنجانی ئێزیدی لە قەزای شنگال، كە زیاتر لە 50 ئەندامیان هەیە، بەردەوامن لە خۆپیشاندان و رۆژانە لە كاتژمێر پێنج تا شەشی ئێوارە لە ناوەندی قەزاكە و ناحیەی سنونێ كۆدەبنەوە و بەشێوازی جۆراوجۆر ناڕەزاییەكانیان نیشاندەدەن.
ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پشكی نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرۆك وەزیرانی عیراق لەم بارودۆخەدا ناتوانێت هیچ بڕیارێك لەسەر شنگال بدات، چونكە نایەوێت بڕیارێك بدات كە لەسەر حسابی هیچ لایەنێك بكەوێت و هەوڵدەدات ئێستا باڵانس لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان رابگرێت، ناتوانێت هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگالیش بدات".
بەپێی رێككەتننامەی شنگالی 2020؛ كە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم واژۆكراوە، دەبێت ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە پێكبهێنرێت، دوبارە ئاوەدانبكرێتەوە و دۆسیەی ئەمنی رێكبخرێتەوە، بەجۆرێك هێزەكانی نزیك لە پەكەكە شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن.
"پێموایە ئەو جۆرە كۆبونەوانەی شاندەكان دەچنە بەغدا هیچ دەرئەنجامێكی بۆ بارودۆخی شنگال لێناكەوێتەوە، ئەم بارودۆخە تا پێكهێنانی حكومەتی نوێی شنگال وەك خۆی دەمێنێتەوە" بەوتەی پەرلەمانتارەكەی عیراق.
حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی چەندین مانگە كاربەڕێكەرە و بەهۆی ناكۆكی كوتلە پەرلەمانییەكانەوە وادەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ نادیارە.
گەنجانی شنگال دوای یەك كۆبونەوە لەگەڵ راوێژكاری سەرۆك وەزیران گەڕاونەتەوە بۆ نەینەوا، بەڵام هێشتا كۆڵیان نەداوە و وەك سەعید دەخیل دەڵێت "لە بەرنامەماندایە سەردانی سەرۆك كۆمار و لێپرسراوانی ئەمنی بەغدا و نەینەوا بكەین".
ئەو چوار داواكارییەی گەنجەكان هەیانە بریتین لە؛ کۆتایىهێنان بە شەڕ و ئاڵوزى، دەرچونى هەموو گروپە چەکدارەکان لە تەواوی قەزاكە جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی، دانانی ئیدارەیەكی سەربەخۆ، لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێنێكی كۆنكرێتی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
سەعید شەمۆ، ئەندامی گروپی گەنجانی سەربەخۆی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "زنجیرەیەك كۆبونەوەی تر ئەنجامدەدین تا هەموولایەك بزانن بارودۆخی شنگال چۆنە، دروشمی ئێمەش ئەوەیە؛ كوڵنادەین و بەردەوام دەبین تا كێشەكانی شنگال چارەسەردەكرێن".
قهزای شنگال (120 كم خۆرئاوای موسڵ)، زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی ئێزیدین و لە دوای دەركردنی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، بە دۆخێكی ئەمنی ناجێگیردا تێپەڕدەبێت، ناوبەناو شەڕ و ململانێ لە نێوان هێزە جیاوازەكانی ناوچەكەدا رودەدات، كە هەریەكەیان دەیانەوێت هەیمەنەی خۆی بەسەر قەزاكەدا بسەپێنێت.