لە 2ى ئایاری رابردووەوە گروپێك لە گەنجانی ئێزیدی لە قەزای شنگال، بەردەوامن لە خۆپیشاندان و شەقامیان چۆڵنەكردووە، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنى چوار داواکاریى سەرەکى، کە گرێدراون بەو دۆخە چەقبەستووەی لە قەزاكەیاندا هەیە.
گروپەكە كە زیاتر لە 50 ئەندامیان هەیە، هەموو رۆژێك لە كاتژمێر پێنج تا شەشی ئێوارە لە ناوەندی شنگال و ناحیەی سنونێ كۆدەبنەوە و بەشێوازی جۆراوجۆر ناڕەزاییەكانیان نیشاندەدەن بۆ چارەسەركردنی دۆخی قەزاكەیان.
شنگال لە خۆرئاوای موسڵ، لە دوای دەركردنی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، بە دۆخێكی ئەمنی ناجێگیردا تێپەڕدەبێت و ناوبەناو شەڕ و ململانێ لە نێوان هێزە جیاوازەكانی ناوچەكەدا رودەدات، كە هەریەكەیان دەیانەوێت هەیمەنەی خۆی بەسەر قەزاكەدا بسەپێنێت.
سەعید شەمۆ، یەکێک لە ئەندامانى گروپى گەنجانى ئێزیدى سەربەخۆ بە (کەرکوک ناو)ى وت "دواى دروستبوونى شەڕ و ئاڵوزى لەنێوان یەبەشە و سوپاى عیراق، بڕیارماندا شەقام هەڵبژێرین بۆ کۆتایىهێنان بەشەڕ و ئاڵوزى، لە 2ى ئایار لە ناوەندى شنگال دەستمانپێکرد، دواتر چوینە ناحیەی سنونێ و 20 رۆژ لەسەر یەک لەوێ بوین، ئێستا 10 رۆژە لەهەردوو شوێنەكە بەردەوامین لەو چالاكییە".
سەرەتا گروپەكە هەمویان لە رەگەزی نێر بون، بەڵام ئێستا خانمانیش بەشداریی دەكەن، "بە تێكڕا رۆژانە 200 بۆ 250 كەس بەشداریی دەكەن، رۆژی واش هەیە بەشداربووان گەیشتۆتە هەزار كەس"، شەمۆ وایوت.
بەشداربووان پێكهاتون لە مامۆستا، چالاكوانانی مەدەنی، فەرمانبەران، كاسبكاران و توێژ و چینە جیاوازەكان.
"تاكە مەرجمان بەشداربووان ئەوەیە دەبێت هیچ نیەتێكی سیاسی نەبێت و لەپێناو بەدیهێنانی چوار داواكاریی بەشداری بكەن".
ئەو چوار داواكارییە: کۆتایىهێنان بە شەڕ و ئاڵوزى، دەرچونى هەموو گروپە چەکدارەکان لە تەواوی قەزاكە جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی، دانانی ئیدارەیەكی سەربەخۆ، لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێنێكی كۆنكرێتی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
دروستبونی ئەو گروپە، دوای شەڕو ئاڵۆزی نێوان سوپای عیراق و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) هات، كە بەهۆیەوە چەند كەسێك لە هەردولا كوژران و ژمارەیەكیش برینداربون، لەپاڵئەوەشدا زیاتر لە 800 خێزان ئاوارەبون.
سەعید شەمۆ، وتی "بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان سەردانی چەند لایەنێكی ئەمنیمان كردووە لە ناوچەكە و بڕیاریشە بچینە بەغدا بۆ بینینی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار". زیاتر وتی "ئەوەی گرنگە كونسوڵخانە و نەتەوە یەكگرتووەكانیشمان ئاگاداركردۆتەوە و پشتگیری هەنگاوی لەو شێوەیە بون".
میرزا خەلەف، فەرماندەى پێشمەرگە لە مەزارگاى شەرەفەدین لە چیاى شنگال، یەكێك بوو لەو فەرماندانەی كە گروپەكە سەردانیان كردووە و وتی "تاوتوێی داواكارییەكانمان كرد، هەر داواكارییەكی خەڵكی شنگال لە چوارچێوەی یاسادا بێت پشتگیری دەكەین، ئێمەش لەگەڵئەوەداین پۆلیسی ناوخۆیی لەناو شنگال و دەوروبەری بمێنێتەوە و گروپە چەكدارەكانی تر ناوچەكە بەجێبهێڵن".
ئەو داواكارییە لەكاتێكدایە لە قەزای شنگال زیاتر لە هەشت گروپی چەكداری جیاواز هەن.
میرزا خەلەف وتی "ئێمە پێمانوتن كە باشترین چارەسەر ئەوەیە رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێبكرێت".
پێشنیارەكەی میرزا خەلەف، هەمان ئەو خاڵەیە كە حكومەتی عیراق بەردەوام جەخت لە جێبەجێكردنی دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی شنگال.
رێككەوتنی شنگال:
قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال دادهنرێت و به پۆسته ئیدارییهكانی دیكهی قهزاكهدا دهچنهوه.
دۆسیهی ئهمنی شنگال دهدرێته پۆلیسی ناوخۆیی، دهزگای ههواڵگری، دهزگای ئاسایشی نیشتمانی به ههماههنگی هێزه ئهمنییهكانی سهر به حكومهتی ههرێمی كوردستان،
دامهزراندنی دوو ههزار و 500 كارمهندی ئهمنی كه ههزار و 500یان له ئاواره شنگالییهكانی ناو كهمپ و ههزاریان له دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.
دورخستنهوهی هێزهكانی دیكه و پێنهدانی هیچ رۆڵێك به پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)و ئهو هێزانهی له پهكهكه نزیكن.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ، وتی "یەك دوو رۆژ لایەنگرانی ئێمە بەشدارییان لە خۆپیشاندانی ئەو گروپە كرد، بەڵام دواتر وتیان نامانەوێت هیچ گروپێكی سیاسی بەشداریی بكەن، ئێمەش كشاینەوە".
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە پێكهاتووە بۆ ئیدارەدانی قەزای شنگال و بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەبارەی داواكاریی ئەو گروپە، وتی "ئەگەر پێشمەرگە، سوپا، حەشد و گروپەكانی تر هێزەكانیان لە شنگال كشاندەوە، ئێمەش داواكارییەكە جێبەجێ دەكەین و هێزەكانمان دەكشێنینەوە".
هێزەكانی سەر بەو ئەنجومەنە، پێكهاتون لە یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان.
هەروەها عیدو حەیدەر موراد، ئامر لیوا لە هێزى پاراستنى ئێزدیخان - سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە-، وتی "ماوەیەك لەمەوبەر لەسەر داواكاریی ئەو گروپە هێزەكانمان لە كۆمەڵگەی دووگرێ سەر بە ناحیەی سنونێ كشاندەوە... بەڵام باوەڕناكەم ئەو گروپە بتوانن لەڕێی فشارەكانیان كێشەكان بەو شێوەیە چارەسەربكەن كە خۆیان دەیانەوێت".
قهزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، لەسەر ئاستی عیراق بۆتە چەقی ململانێی دەیان گروپ و هێزی سیاسی و چەكداری جیاواز و هەمویان بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆیان لە ململانێدان. ناوچەكە پارێزگای نەینەوا بە سوریا دەبەستێتەوە، هاوكات هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمیش لە سنوری پارێزگای دهۆك بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
قەزاكە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانەكەی ئێزیدین، ناوچهیهكی جێناكۆكه و لهڕوی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.
لەكاتی واژۆكردنی رێككەوتننامەی شنگالدا، كە هێشتا جێبەجێنەكراوە، جینین پلاسخارت، نێردهی نهتهوه یهکگرتووهکان له عیراق (یونامی)، لەیەكەم كاردانەوەیدا، پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد و بە ههنگاوێکی گرنگی ناوبرد به ئاراستهی یارمەتیدانی خەڵكی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.
لە نیسانی ئەمساڵ جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق و ئێران، پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بۆ رێککەوتنی شنگال دوپاتكردەوە و جەختیكردەوە لە كاركردنی بەردەوام لەگەڵ هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بۆ بەرەوپێشچون لەو بوارەدا. بە گرنگیشی زانی حكومەتی داهاتوی عیراق دەرفەت بۆ كەمینەكان و ئاوارەكان بڕەخسێنێت.
هەروەها ماسیۆ توڵەر، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە عیراق، لە 15ی ئایاری ئەمساڵ بەرلەوەی عیراق بەجێبهێڵێت، لەبارەی پرسی شنگالەوە لە دیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان كە نێردراوی (كەركوك ناو)یش ئامادەی بوو، وتی "هەرچەندە فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی عیراق، جەختیکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال، بەڵام هەموو ئەو هێزانەی لەوێن سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق نین، بەشێکیان حەشدی شەعبین، یان گروپی چەکداری یاخود میلیشیان، بەڵام نابێت هیچ گروپێکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بمێنێت، کەواتە ئەمە دەبێتە پرسێکی سەرەکی کە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کاری بۆ بكەن بۆ ئەوەی بیانخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە".
ئاراستەی روداوەكانی شنگال دیارنییە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت، بەلای سامیا قاسم، كچە چالاكوانی ئێزیدی، ئەوەیە خەڵكی زیاتر بەشداریی خۆپیشاندانەكانی شنگاڵ و سنونێ بكەن و پێداگری بكەن لە جێبەجێكردنی داواكارییەكیانیان كە چەند خاڵێكی جیاوازە لە خاڵەكانی نێو رێككەوتننامەی شنگال.
سامیا كە یەكێكە لەو 50 كەسەی گروپى گەنجانى ئێزیدى سەربەخۆ بەڕێوەدەبەن، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆیە هاتمە ناو گروپەكەوە چونكە تێگەیشتم كە داواكارییەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی شنگالە... دەمانەوێت پەیامێک بگەیەنینە هەموو جیهان کە ئێمەى ژنان زۆرترین قوربانیمانداوە، لەگەلئەوشەدا كۆڵنادەین و هاوشانی پیاوان لەسەر شەقام دەمێنینەوە".