"با خوێنی كوڕەكەم ئارامی بۆ شنگال بهێنێت"
سەڵاحەدین؛ منداڵە زیرەكەكەی شنگال لەناو كتێبەكانیدا گیانیسپارد

هونەرمەند هیشام حەجی بەدەل بەمشێوەیە گوزارشت لە مردنی سەڵاحەدین ناسر خدر (12ساڵ) دەكات، كە لە ئەنجامی بۆردومانێكدا لە ناحیەی سنونێ گیانیلەدەستدا.

عەمار عەزیز – شنگال

باوكی سەڵاحەدین - ئەو منداڵە 12 ساڵەی لە ئەنجامی بۆردومانی سوپای توركیا لە شنگال گیانیلەدەستدا-، داوا دەكات خوێنی كوڕەكەی ببێتە هەوێنی گەڕانەوەی ئارامی بۆ شنگال. سەڵاحەدین هەموو ساڵێك یەكەمی پۆلەكەی بوو، خوێنەرێكی باشی كتێب بوو و منداڵێكی بزێو و خۆشەویستی مامۆستاكانی بووە.

لە 15ی حوزەیران فڕۆكەی توركیا بۆردومانی بارەگایەكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالی كرد لە ناوەندی ناحیەی سنونێ، بەهۆیەوە چوار كەس گیانیانلەدەستدا لە نێویاندا سەڵاحەدین ناسر خدر (12ساڵ)، كە بە سەڵاح بانگ دەكرا.

سەڵاح لەگەڵ برایەكی 27 ساڵی بە ناوی عەلی، كتێبخانەیەكیان لە ناوەندی ناحیەی سنونێ هەبوو، جگە لە كتێب، قرتاسیە و ئامێری كۆمپیوتەریشی لێدەفرۆشرا، لە رۆژی بۆردومانەكەدا، جگە لە سەڵاح، عەلی برای و یەكێك لە خوشكەكانشی لە دوكانەكەدا بون.

ناسر خدر باوکى سەڵاح، ئەندازیارە لە فەرمانگەی ئاوی ناحیەكە، وتی "وەكو هەموو رۆژێكی ئاسایی عەلی و سەڵاح خۆیان چون بۆ كتێبخانەكە، منیش یەكێك لە كچەكانم تاقیكردنەوەی هەبوو، گەیاندمە خوێندنگەكەی و چوم بۆ دەوام".

ماڵی ئەو خێزانە لە گوندی ئاشتی-یە كە نزیكەی دوو كیلۆمەتر لە ناحیەكەوە دورە.

"دەوروبەرى کاتژمێر 11ى پێش نیوەڕۆ دەنگێکى بەهێز هات، دواتر هاواری خەڵك و منداڵ، ناحیەكەی پڕكرد... هەواڵیان پێدام بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بۆردومانكراوە، یەكسەر بیرم بۆ لای عەلی و سەڵاح رۆیشت و بەرەو ئەوێ بەڕێكەوتم".

دوكانەكەی سەڵاح و عەلی  كە نزیكەی هەزار ناونیشانی كتێبی تیابوو، لەگەڵ پێنج ئامێری كۆپیكردن و ژمارەیەك كۆمپیوتەر، تەنیا 100 مەترێك لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالەوە دورە.

salahadeennn
سەڵاحەدین ناسر خدر (12ساڵ)، وێنەكە لەلایەن كەسوكارییەوە دراوە بە (كەركوك ناو).

ئەو رۆژە خوشكەكەیان (فەرەح) دوای تەواوبونی تاقیكردنەوەكانی، چووبوو بۆ لای براكانی لە كتێبخانەكە.

لەكاتی بۆردومانەكەدا، بەپێی وتەی باوكیان، فەرەح و عەلی لە نزیك دەرگای دوكانەكە بون و سەڵاح-یش لە بەشی دواوە بووە.

"لەگەڵ بۆردومانەكەدا دیواری پێشەوەی دوكانەكە دەكەوێتە سەر فەرەح و عەلی، خەڵكەكە كۆدەبنەوە و لەژێر دیوارەكەدا دەریاندەهێنن، دواتر ئەوان هاواردەكەن سەڵاحی برامان رزگاربكەن"، ناسر خدر باوكی سەڵاح زیاتر وتی "لەوكاتەدا بۆ جاری دووەم بارەگاكە بۆردومان دەكرێتەوە و ئاگر بەردەبێتە کتێبخانەكە... سەڵاح نەسوتابوو، بەڵام تا دەرمانهێنا تەنگەنەفەس بوو بوو... كتێبەكان بون بە خۆڵ و سەڵاحیشمان لەدەستدا".

لەگەڵ بۆردومانەكەدا دیواری پێشەوەی دوكانەكە دەكەوێتە سەر فەرەح و عەلی، خەڵكەكە كۆدەبنەوە و لەژێر دیوارەكەدا دەریاندەهێنن، دواتر ئەوان هاواردەكەن سەڵاحی برامان رزگاربكەن

لەو بۆردومانەدا، سێ ئەندامی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، كە بڕیار لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن و لەناو بارەگاكەدا بون گیانیانلەدەستدا، لەگەڵ برینداربونی شەش كەسی تری سەر بەو ئەنجومەنە.

ئەو ئەنجومەنە لەلایەن پێكهاتەكانی قەزای شنگالەوە پێكهێنراوە بۆ ئیدارەدانی تەواوی قەزاكە و بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن، بەڵام لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دانپێدانراونین.

هەرچەندە بەشێك لە ئەندامانی یەبەشە لە چوارچێوەی دەستەی گشتی حەشدی شەعبیدا كاردەكەن و موچەیان هەیە، بەڵام بەردەوام توركیا وەك هێزێكی سەر بە پەكەكە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.

هەرچۆنێك بێت لەو ململانێیەدا منداڵێكی وەكو سەڵاح بووە قوربانی، كە خێزانەكەی كەمتر لە ساڵێكە لە ئاوارەییدا گەڕاونەتەوە.

سەڵاح تازە ئەنجامی كۆتایی ساڵی پۆلی چوارەمی سەرەتایی بە پلەی یەكەم تەواوكردبوو، هەرسێ ساڵەكەی تریش هەر بە پلەی یەكەم دەرچووە.

"ئەوەندە كوڕێكی زیرەك، بزێو و بەڕەوشت بوو، وەسف ناكرێت، هەموو ساڵێكی یەكەمی پۆلەكەی بوو"، هادى حەجى، بەرێوەبەرى خوێندنگەى سنونێى تێکەڵاو كە سەڵاح خوێندكارێكی ئەو خوێندنگەیەیە وایوت.

هادی وتی "ئەوەندە خەمباری سەڵاحم وەسفناكرێت، لە هەموو بابەتەكان زیرەك بوو، بەتایبەت بیركاری... داوا لە هەموو لایەک دەکەین سنورێک بۆ تورکیا دابنێن، ناکرێت ناوبەناو بەبیانوی هێزی چەكدارەوە ناوچەكەمان بۆردومان بكات".

رێكخراوی یونیسێف لە عیراق، هەمان رۆژ لە راگەیەنراوێكدا لەگەڵ ئیدانەكردنی كوشتنی سەڵاح ناسر، داوای لە هەموو لایەنەکان كرد، ئەرکەکانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەجێبهێنن بۆ پاراستنی منداڵان و بەبێ دواکەوتن، "هەموو منداڵانی عیراق شایەنی ئەوەن ژیانی خۆیان بژین بەبێ هەڕەشەی بەردەوامی توندوتیژی". هەروەها هاتووە "نابێت هیچ منداڵێک ببێتە قوربانی، شایەتحاڵ و ترس لە توندوتیژی".

ڤیدیۆ: ساتی بۆردومانكردنی بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە.

وەزارەتى دەرەوەى عیراق، هەینی 17ی حوزەیران ئیدانەی ئەو هێرشەی كرد بۆ سەر ناحیەی سنونێ،  بەبێ ناوهێنانی توركیا، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "هێرشەکە بەئامانجگرتنى ئاسایش و ئارامى عیراق و گەلەکەیەتی". هەروەها هاتووە "لەپاش کۆتاییهاتنى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بۆردومانە رێوشوێن دەگرینەبەر".

ناسر خدر كە جگە لە سەڵاح، چوار كوڕ و سێ كچی تری هەیە، دەڵێت سەڵاح لە نێو هەمویاندا زۆر حەزی لە خوێندنەوە بووە و خۆشەویستی مامۆستاكانی بووە "جێگەی زۆر دیارە، برینی لەدەستدانی سەڵاح زۆر قوڵە، لەپێش چاوەكانم ون نابێت... تكایە با ئارامی بۆ شنگال بگەڕێتەوە، ئەم خەڵكە شایەنی ئەوەن پشوو بدەن، بەسە چیتر ماڵوێرانی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT