ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت، كە دانپێدانانی لێپرسراوێكی باڵای داعش، "نابێتە بەڵگەیەکی سەد لە سەد كە هیچ پێشمەرگەیەکی بێسەروشوێن لە ژیاندا نەماوە"، لەگەڵئەوەشدا ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی حكومەتی هەرێم بەدواداچون بۆ ئەو دانپێدانانە و دەنگۆكانیش بكەن.
لە 9ی حوزەیران، ماڵپەڕی (كەركوك ناو) بڵاویكردەوە كە فەرماندەی سرییەی لەسێدارەدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە ویلایەتی كەركوك، كە لە ئێستادا لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك زیندانیكراوە، دانیناوە بەوەی بڕیاری سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكانی قەزای حەویجەی لە ساڵی 2015 دەركردووە و خۆی سەرپەرشتی پرۆسەكەی كردووە.
لەگەڵئاماژەدان بەوەی گۆڕی بەشێكیان لە دارستانەكانی گوندی بەگارەیە لە قەزای حەویجە، چوار روفاتیشیان لەناو خانوی دادوەرێكدایە هەر لەو قەزایە.
جەبار یاوەر، كە یەكشەممە 19ی حوزەیران كۆتایی بە ئەركەكەی هات وەكو ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خانەنشین كرا، بەر لە جێهێشتنی پۆستەكەی بە (كەركوك ناو)ی وت "دانپێدانانەكانی ئەو چەكدارەی داعش نابێتە بەڵگەیەکی سەد لە سەد سەبارەت بەوەی هیچ پێشمەرگەیەکی بێسەروشوێن نەماوە... هەموو پێشمەرگە بێسەروشوێنەكان ئێستا موچەی خۆیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن، تا چارەنووسیان یەکلاییدەبێتەوە بەوەی ئایا لە ژیاندا ماون یاخود نا".
دانپێدانانەكانی ئەو چەكدارەی داعش نابێتە بەڵگەیەکی سەد لە سەد سەبارەت بەوەی هیچ پێشمەرگەیەکی بێسەروشوێن نەماوە
جەختیشیكردەوە "هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە نییە لەسەر ئەوەی پێشمەرگە بێسەرو شوێنەکانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە ژیان ماون یان نا، ئەگەر لە ژیان نەماون پێویستە لەپێشدا کار بکرێت بۆ دۆزینەوەی روفاتەکانیان و پاشانیش پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت بۆ دڵنیابونەوە لە ناسنامەکانیان".
بەپێی ئامارەكانی (كەركوك ناو) كە لە دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەریگرتووە، زیاتر له 62 پێشمهرگه به دیل كهوتنه دهستی ئهو رێكخراوه یان بێسەروشوێن بون، كە 21 كەسیان خەڵكی كەركوك بون.
بەڵام جەبار یاوەر وتی "ئەوانەی بە ڕەسمی لە وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرن 42 كەسن". ئەو 42 كەسە هێزەكانی زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن و هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80ی پارتی تێدا نییە.
"کەسوکاریان جارجار دێنە وەزارەت بۆ هەواڵپرسین، تەنانەت بەشێکیان هەواڵ بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن كە روفاتەکانیان لە موسڵە، یان لە زیندانییەکن لە نزیک تاجی لە بەغدا، بەدواداچونمان بۆی کردووە و دەرکەوتووە تەنیا دەنگۆ بووە"، جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشدا كە ئەمجارەش باس لە بونی روفات دەكرێت لە حەویجە، بۆ ئەوەش پێویستە بەدواداچون بكەین.
لەبارەی ئەوەوە وتی "هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ پێویست بەوە دەکات کە لیژنەیەکی تایبەتمەند لە ئاستی وەزیری پێشمەرگە و وەزیری شەهیدان پێکبهێنرێت کە بتوانێت ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە هەڵبداتەوە".
بەڵام عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت داعش هێزێکی رێکخراو نەبووە و دەوڵەتیش نەبووە تا گرتوخانەی هەبێت، "بەو پێیەی رێکخراوێکی تیرۆریستین رامانوایە ئەوانەی بەدیل کەوتونەتە دەستی ئەوان ئەوا لە ژیاندا نەماون... داعش خۆی نەماوە، گرتوخانەی لەکوێ ماوە، بۆیە بەداخەوە شەهیدکراون".
داعش خۆی نەماوە، گرتوخانەی لەکوێ ماوە، بۆیە بەداخەوە شەهیدکراون
ئەو ئاماژەی بە كۆبونەوەی لیژنەكەیان كرد لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ماوەكانی رابردودا و وتی "داوامان كرد ناوی پێشمەرگە دیلەكان بخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان... ئێستاش هەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەوە كراوە".
لەبارەی ژمارەی پێشمەرگە بێسەروشوێنەكانەوە، وتی "ئاماری ورد دیار نییە، چونکە تەنیا ئەوە نیە کە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی دەکاتەوە و میلاکی ئەوانە، بەڵکو لە هێزەکانی زێرەڤانی، پشتیوانی و یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتاش هەن"
ئەوەش لەكاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی كەركوك بەنیازە دەستبكەن بە بەدواداچون لەبارەی دانپێدانانەی ئەو لێپرسراوەی داعش و ئەو شوێنانەی كە باسی كردووە گوایە پێشمەرگە دیلەكانی لێیە.
خەلیل ڕەحیم، بەڕێوبەری شەهیدان وئەنفالکراوانی کەرکوک، وتی "بەدواداچونی جدی بۆ دەکەین لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک تا بگەین بەو چەکداری داعش و زانیاری دروستی لێوە وەربگرین کە دانی بەتاوانەکانیدا ناوە، تا بزانین لەو ژمارە گۆڕە بە کۆمەڵەی لە حەویجەدا هەن بە دروستی پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش لە كامیاندا حەشاردراون".
وتیشی "هەڵگرتنەوەی روفاتەكان ئەركی هەمومانە، ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین، بەڵام ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدایە و ناتوانین بەبێ حكومەتی فیدراڵ هەناو بنێنین، مەگرە تەنیا كۆكردنەوەی زانیاریی زیاتر بێت... دەتوانین حكومەتی عیراقیش بێنینە سەر خەت و پێكەوە كارەكە بكەین".
وتیشی "لەم چەند رۆژەدا قسەمان لەگەڵ پۆلیسی حەویجە كردووە، ئەوانیش دەڵێن زانیاریی تەواویان لەسەر ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی حەویجە نییە". زیاتر وتی "بەڵام گۆڕی بە كۆمەڵ لەو ناوچەیە هەیە و نازانرێت روفاتەكان كێن... ئەوەی گرفتەیە ئەوەیە لە حكومەتی عیراقیش روتینات بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ زۆرە".