هاوڵاتیانی شنگال زیاتر لە 9 كاتژمێر بەبێ كارەبا بەڕێدەكەن، دوای كوژاندنەوەی بەشێك لە مۆلیدە ئەهلییەكانی قەزاكە، بەهۆی كێشەی وەرگرتن و بەدەستهێنانی گاز.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە 43 مۆلیدەی ئەهلی ناوەندی قەزای شنگال و ناحیەی سنونێ، زیاتر لە 21 مۆلیدە كارناكەن و خاوەنەكانیان داوای پێدانی گاز دەكەن.
فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال بەوەكالەت –لە ناوەندی قەزاكەدا دەوامدەكات- بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر 11 مۆلیدە ئەهلییەكەی ناوەندی قەزاكە سێ رۆژە كارناكەن و كارەبایان كوژاندۆتەوە، بۆیە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی نەبێت، خەڵك بەبێ كارەبا دەمێننەوە".
ئەو دەڵێت كێشەی سەرەكی خاوەنی مۆلیدەكان دەستنەكەوتنی گازە بە نرخی گونجاو بۆیە پەیوەندی بە ئیدارەی نەینەواوە كردووە و بەڵێندراوە گازیان بۆ دابینبكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ كاتێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنە دیاریبكەن.
لە شەو و رۆژێكدا لە شنگال نزیكەی 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە و زیاتر لە 9 كاتژمێر بەشێك لە هاوڵاتیان بەهۆی كوژاندنەوەی مۆلیدەكانەوە كارەبایان نییە لە كاتێكدا پلەكانی گەرما لەو ناوچەیە دەگاتە سەروو 40 پلەی سیلیزی.
حەسەن خودێدا، دانیشتوی كۆمەڵگەی زۆراڤای ناحیەی سنونێ و خاوەنی مۆلیدەی ئەهلی بە (كەركوك ناو)ـی وت "700 ئەمپێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەم و چوار رۆژە مۆلیدەكەم كوژاندۆتەوە، چونكە گازمان دەستناكەوێت، پێش داخستنی بەنزینخانە ئەهلییەكان بە ئاسانی گاز دەستدەكەوت و ئێستا دەبێت لە موسڵ و ناوچەكانی دیكەوە بە نرخی گرانتر گاز بكڕین".
مانگی رابردوو تەواوی بەنزینخانە ئەهلییەكانی قەزای شنگال لەلایەن حكومەتی عیراقیی و بە پاساوی نەبونی مۆڵەتی رەسمی داخران.
لە قەزای شنگال 20 بەنزینخانەی ئەهلی و تهنیا دوو بەنزیخانهی حکومی ههن، یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكە و ئەویتر لە ناحیەی سنونێیە.
"پێش 2014 كۆبۆنی وەرگرتنی بڕە گازی مانگانەمان لە بەنزینخانە حكومییەكان هەبوو، بەڵام دواتر ئەو كۆبۆنە نوێ نەكرایەوە و سەدا 98ـی خاوەنی مۆلیدەكان دەبێت لە بەنزینخانەی ئەهلی و ناوچەكانی ترەوە بەنزین بكڕن، كە نرخی بەرمیلێك لە 150 هەزارەوە گەیشتۆتە 200 هەزار دینار" بەوتەی خودێدا.
گازی حكومیی بە نرخی 400 دینار تا 450 دینار بۆ هەر لیترێك بە مۆلیدە ئەهلییەكان دەدرێت، بەپێی كۆبۆنی رەسمی، لەكاتێكدا نرخی هەر لیترێك لە بازاڕدا دەگاتە هەزار دینار.
قایمقامی شنگال ئاماژەی بەوەدا هەمان كێشە لە سنونێ و ناوچەكانی دیكەش هەن، دوای داخستنی بەنزیخانە ئەهلییەكان، چونكە بەهۆیەوە نرخی گاز گرانتر بووە و بە زەحمەتیش دەستدەكەوێت، فەهد حامد دەڵێت خەڵك بەرگەی بێ كارەبایی ناگرن و چاوەڕێن بە زویی چارەسەری ئەو كێشەیە بكرێت.
هێرشەكانی هەشت ساڵ لەمەوبەری داعش بۆ شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، زیانی به كهرتی گشتی گهیاند له نێویاندا وێرانبونی تۆڕهكانی ئاو و كارهبا، روخانی خانوی هاوڵاتیان، خوێندنگه و شوێنە ئاینییەكان، جگە لەوەی هێشتا هەزاران ئێزیدی ئاوارە و بێسەروشوێنن، ئەوەش بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو).