نزیكەی 150 بەنزینخانەی ئەهلیی لە كەركوك و شنگال دادەخرێن، ئەوەش بە بڕیاری حكومەتی فیدراڵی عیراق و بە چەند هۆكارێكیی جیاواز، لە نێویاندا نەبونی مۆڵەت و تۆمەتی قاچاخچێتی.
بەپێی بەدواداچونی مەیدانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی حوزەیرانی 2022ـەوە ئەو بەنزینخانانەی لە شاری كەركوك بەنزینی بازرگانییان دەفرۆشت، بە تەواوی داخراون و كارناكەن.
(كەركوك ناو) لەڕێی ژمارەیەك خاوەنی بەنزینخانە و كارمەندی بەنزینخانەكانەوە زانیویەتی؛ لە وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بڕیار دەرچووە و ئاگاداركراونەتەوە كارەكانیان رابگرن، چونكە مۆڵەتی رەسمی حكومەتی فیدراڵییان نییە.
هەروەها بەشێك لەو بەنزینخانانە تۆمەتباركراون بەوەی هۆكارن بۆ دروستبونی قەیرانیی بەنزین لە كەركوك، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتریان لە بەغداوە لەسەر ئەو تۆمەتە پێبدرێت.
لەكاتێكدا خاوەنی یەكێك لە بەنزینخانەكان كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە فشارمان لەسەر بەنزینخانەی حكومی كەمدەكردەوە، چونكە لانیكەم رۆژانە 100 بۆ 150 شۆفێر لای ئێمە بەنزینیان دەكردە ئۆتۆمبێلەكانیانەوە".
نزیكەی 120 بەنزینخانە لە كەركوك بڕیاری داخستن دەیانگرێتەوە كە بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر هەر لیترێك بە نرخی 1200 تا 1450 دینار دەفرۆشن.
(كەركوك ناو) پەیوەندی بە ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی كەركوكەوە كرد و بێئاگایی خۆیان لە بڕیاری داخستنی بەنزینخانە ئەهلییەكان دەربڕی.
خاوەنی بەنزینخانەیەكی دیكە بە (كەركوك ناو)ـی وت بڕیاری داخستنی بەنزینخانەكان لە بەغداوە دەرچووە، بەڵام كاتەكەی دیارینەكراوە و ئەوان وەك هەڵوێستێك، دەستپێشخەرییان لە داخستنی بەنزینخانەكاندا كردووە، چونكە چەندیجار داوای مۆڵەتی كاركردنیان كردووە و پێیان نەدراوە.
لە كەركوك 27 بەنزینخانەی حكومی و 68 بەنزینخانەی ئەهلی -كە مۆڵەتیان هەیە و لەكاردان- بەنزینی حكومی 450 دیناری بەپێی كۆبۆن دابەشدەكەن، لەو ژمارەیەش دوو بۆ سێ بەنزینخانەیان بەنزینی حكومی بە نرخی بازرگانی بۆ هەر لیترێك بە هەزار دینار و بەبێ كۆبۆن دەفرۆشن.
بڕیاری داخستنی بەنزینخانە ئەهلییەكان تەنیا لە كەركوك نییە، بەڵكو چەندین ناوچەی دیكەی پارێزگای نەینەواش دەگرێتەوە.
ئێمە مۆڵەتی فەرمی كاركردنمان لە حكومەتی عیراق نییە
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) 20 بەنزینخانەی ئەهلی لە قەزای شنگال داخراون، لەگەڵ چەندین بەنزینخانەی قەزای تەلەعفەر.
حەجی كولی حسێن، خاوەنی یەكێك لە بەنزینخانە داخراوەكانی شنگال، دەڵێت لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە بڕیاری داخستنی بەنزینخانەكان جێبەجێكراوە، "ئێمە مۆڵەتی فەرمی كاركردنمان لە حكومەتی عیراق نییە، بەڵام پێنج ساڵە بەو جۆرە كاردەكەین و پێشتر هیچ كاتێك پرسیاریان لە بارەی مۆڵەتەوە نەكردووە".
ئاماژەی بەوەشدا بەنزینیان لە سوریا و موسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەوە هاوردەی شنگال كردووە و جۆری نۆرماڵیان بە 850 تا 900 دینار بۆ هەر لیترێك فرۆشتووە.
"بەنزینخانەكەی ئێمە لە ناحیەی سنونێی شنگالە، كە لەوێ 11 بەنزینخانەی ئەهلی هەیە و هەمویان داخراون، لەگەڵ هەموو بەنزینخانە ئەهلییەكانی شنگال و تەلەعفەر" بەوتەی حەجی بۆ (كەركوك ناو).
لە قەزای شنگال 20 بەنزینخانەی ئەهلی و تهنیا دوو بەنزیخانهی حکومی ههن، یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكە و ئەویتر لە ناحیەی سنونێیە كە بەنزین بە 450 دینار دەفرۆشن، بەپێی سیستەمی تاك و جوت.
خودێدا چوكی، بەرێوەبەی ناحیەی سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەزگای ئاسایشیی نیشتمانی لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە راسپێراوە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێكارەكانی دابەشكردنی بەنزینی حكومی بكەن و هەر ئەوانیش بەنزینخانە ئەهلییەكان داخست، بە ئامانجی نەهێشتنی بە قاچاخبردنی بەنزین".
تۆمەتەكە ئەوەیە بەشێك لە بەنزینخانەكان بە قاچاخ بەنزین رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی كوردستان 1200 دینارە و بەهۆیەوە بەشێك لە شۆفێران دەچنە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی هاوسنوری پارێزگاكانی هەرێم بۆ وەرگرتنی بەنزین.
"دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دوای لێكۆڵینەوەی ورد ئەو 11 بەنزینخانە ئەهلییەی ناحیەكەی داخستووە، كە مۆڵەتیشیان نییە، تا مۆڵەت وەرنەگرن جارێكیتر رێگەنادرێت كاربكەنەوە" بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ.
چوكی، گلەییشی هەیە بەشە بەنزینی سنونێ رۆژانە 30 هەزار لیترە و بەشیان ناكات، لەكاتێكدا نزیكەی 100 هەزار كەس لە سنورەكەدا دەژین، بەڵام "بۆ شوێنانی دیكە بڕە بەنزینی زیاتر دابیندەكرێت هەرچەندە سنونێ سێ هێندەی ئەو ناوچانەی دیكە گەورەیە و دانیشتوانی هەیە".
لە تەواوی پارێزگای نەینەوادا 28 بەنزینخانەی حكومی هەن كە 11ـیان لە شاری موسڵە، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار لیتر بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەشدەكەن.