كاكەییەكانی كەركوك لەو دوو كەسە خۆشبون، كە هەستابون بە وێنەگرتن و دواتر سوكایەتیكردن بە گەنجێكی كاكەیی، ئەوەش لە دانیشتنێكدا كە دەیان سەرۆك عەشیرەت بەشداربون.
لێخۆشبونەكە ئەمڕۆ هەینی 29ی تەمموز لە دانیشتنێكدا كرا لەماڵی ئەیمەن عابدین كاكەیی، ئەو گەنجە كاكەییەی شەممەی رابردوو بەشێك لە سەر و سمێڵی تاشرا.
نازم كاكەیی، مامی ئەیمەن، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان، جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوان لەڕێی عەشایەرییەوە كێشەكەیان چارەسەركردووە و لەو دوو كەسە خۆشبون.
بەپێی پەیامێری (كەركوك ناو)، لە دانیشتنەكەدا عەشیرەتی بەیاتی، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر داواكارییەكی كاكەییەكان نیشاندا، لەنێویاندا ژن، یان پارە، ئەوەش لەبەرامبەر لێخۆشبونەكە، بەڵام كاكەییەكان ئەو دوو بژاردەیەیان رەتكردۆتەوە و لێخۆشبونیان راگەیاندووە.
عەشیرەتی بەیاتی، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر داواكارییەكی كاكەییەكان نیشاندا، لەنێویاندا ژن، یان پارە، ئەوەش لەبەرامبەر لێخۆشبونەكە، بەڵام كاكەییەكان ئەو دوو بژاردەیەیان رەتكردۆتەوە
ئەو كەسەی گرتە ڤیدیۆی ئەیمەنی گرتبوو و ئەو كەسەشی كە بەشێك لە سمێل و سەری تاشی بوو لە عەشیرەتی بەیاتی بون، ئەوەش لەكاتێكدا لە سەرەتادا كاكەییەكان جەختیانكردەوە كە ژمارەیەك چەكداری "حەشدی شەعبی"، بەو كارە هەستابون.
ڤیدیۆ: راگەیاندنی لێخۆشبونی كاكەییەكان لە دوو كەسی عەشیرەتی بەیانی.
نازم كاكەیی لە لێدوانەكەیدا بۆ میدیاكان جەختیكردەوە لەوەی كە لێخۆشبونەكە بەرامبەر ژن و پارە نەبووە و بژاردەی لەو شێوەیە رەتكراوەتەوە.
ئەو رێككەوتنە دوای ئەوە هات كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانەوە لە خەت بوو، بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و لەیەكەم دانیشتنیدا لەگەڵ كاكەییەكان، وتبوی نابێت ئەوە وەكو ماڵەیەكی حەشدی شەعبی لێكبدرێتەوە.
سەردار ئاغای كاكەیی، سەرۆك عەشیرەتی كاكەییەكان، بەر لە رێككەوتنەكە جەختیكردەوە لەوەی ئێران لەو رێككەوتنەدا رۆڵی هەیە.
لە دوای رێككەوتنەكەش، وتی "سوپاسی كاكەییەكان دەكەم، بە گەنج و كەسایەتییەكانەوە، گرنگترین شت ئەوەبوو ئێمە كەرامەتمان گەڕایەوە، هیوادارین ئەمە نمونەیەكی جوان بێت بۆ ئەوەی هەموو كێشەیەكی هاوشێوە لە عیراق و كوردستان بەئاشتی چارەسەر بكرێت".