"ئەو دایكمە؛ نەك هەشت ساڵ تا دەمرم لە سۆراغی دۆزینەوەیدا دەبم و بێهیوانابم"، عەباس خدر سلو (28ساڵ)، هێشتا ئەو رۆژانەی بیرناچێتەوە كە چەكدارانی داعش لەدوڕیانێكدا ئەویان لە دایكی جیاكردەوە و چیتر نەیبینییەوە.
هێشتا چارەنوسی دوو هەزار و 717 رفێنراوی ئێزیدی دیار نییە و كەسوكاریان لە چاوەڕوانیاندا شەو و رۆژ بەڕێدەكەن، لەوانەش عەباس خدر، ئەوەش لەكاتێكدایە دۆزینەوە و رزگاركردنی رفێنراوان زۆر سستبووە و لە ئەمساڵدا كەمتر چوار حاڵەتی رزگاركردن هەبووە.
ئەمڕۆ هەشت ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بۆ قەزای شنگال كە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانەكەی لە پێكهاتەی ئێزیدین و لەو هێرشەدا شەش هەزار و 417 كەس رفێنران و بێسەروشوێن بون، لە نێویاندا سێ هەزار و 531 كەس لە رەگەزی مێ بون.
كاتێك داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشیكردە سەر شنگال لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، خێزانەكەی عەباس، لە كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدرە دەژیان لە نزیك شنگال.
عەباس خدر سلو (28ساڵ)، لە دوای ئەو روداوەوە لە كەمپی باجید كەندالا لە پارێزگای دهۆك لە ئاوارەییدا دەژیت و بە هۆكاری ئەمنی و نەبونی خزمەتگوزاری پێویست نەگەڕاوەتەوە بۆ شنگال.
"لەگەڵئەوەی داعش بەرەو شنگال دەهات و هێرشیكرد، خەڵك رایانكرد، باوکم لەگەڵ خوشک و براکانم بە ئۆتۆمبێل بەرەو چیای شنگال بەڕێكەوتن، من و دایكم جێگەمان نەبۆوە، ناچار بە پیادە لەماڵ دەرچوین، كاتێك گەیشتینە دوڕیانی سیبا شێخ خدر، داعش لەوێ بون، ئێمەیان دەستگیركرد". عەباس وایوت.
من و دایكم جێگەمان نەبۆوە، ناچار بە پیادە لەماڵ دەرچوین، كاتێك گەیشتینە دوڕیانی سیبا شێخ خدر، داعش لەوێ بون، ئێمەیان دەستگیركرد
چەكدارانی داعش ژن و پیاوە رفێنراوەكانیان لە رۆژانی یەكەمی دەستبەسەراگرتنی شنگالدا جیاكردەوە، لەوانەش عەباس و دایكی.
چیرۆكی رزگاربونی عەباس تراژیدییە، ئەو لە كۆی 55 پیاو كە پێكەوە ریزكران و دەستڕێژی گولـلەیان لێكرا، تەنیا خۆی رزگاری بووە، بەڵام لە سێ شوێنەوە برینداربووە و گولـلەی بەركەوتووە و چەكدارەكان بەجێیانهێشتووە. "وایانزانیوە من مردوم".
عەباس وتی "لەوكاتەی لەگەڵ دایكم جیاكراینەوە، ئیتر نەمبینییەوە و هەشت ساڵە لە چاوەڕوانیدان، شوێن نەماوە نەگەڕێین، باوكم لەگەڵ خاڵێكمدا چونە سوریا و بەڵام هیچ سۆراغێكیان نەبوو".
ئەم چاوەڕوانییە لە هەشت ساڵی رابردودا، چیرۆكی هەزاران خێزانی تری ئێزیدییە، كە بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیی سەر بە حكومەتی هەرێمی کوردستان، هێشتا چارەنوسی دوو هەزار و 717 رفێنراوی ئێزیدی دیار نییە، كە هەزار و 273 كەسیان لە رەگەزی مێن.
خەیرى بۆزانى، سەرپەرشتیارى دۆسیەى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان-، بە (کەرکوک ناو)ى وت "لەئەمساڵدا كەمتر لە چوار كەس رزگاركراون".
لەبارەی هۆكاری كەمبونەوەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی، بۆزانی وتی "لەكاتی شەڕى داعشدا، بازاڕی کڕین و فرۆشتنى کچان و ژنانى ئێزیدى هەبون، داعشەكان دەیانفرۆشتن و ئێمەش لەڕێی چەند كەسێكی خۆمانەوە دەمانكڕین و بەو رێیە سەدان کەسمان رزگارکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی نەمانی داعشەوە ئەو بازاڕەش نەماوە".
"هۆكاری دووەم ئەوەیە، ئەو ژن و کچانەى ئێزیدى كە لەکەمپى هوڵ دەژین لە سوریا، بەشێكیان ئەوەندە لەلایەن داعشەوە ترسێنراون ناوێرن ناسنامەی خۆیان ئاشكرابكەن"، بۆزانی لەبارەی هۆكاری سێیەم وتی "بەشێک لە رفێنراوەكان بەسەر پارێزگا و قەزا و ناحییە جیاوازەكانی عیراقدا دابەشبون و پێویستی بە بەدواداچونی بەردەوام هەیە بۆ دۆزینەوەو گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كەسوكاریان".
حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2014دا بەڕێوەبەرایەتییەكی لە پارێزگای دهۆك دامەزراند، بۆ رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی. بۆزانی وتی "حكومەت هەر وەكو یەكەم ساتی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكە هاوكاریمان دەكات و هاوكارییەكان كەمی نەكردووە، ئێمەش بەردەوامین لە بەدواداچون".
جەوهەر عەلى بەگ، جێگری میری ئێزیدییان بۆ كاروباری راگەیاندن و پەیوەندییەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانەی تائێستا رزگارنەكراون بەشێكیان لە ژیاندا نەماون، بەشێکى تریان لەکەمپى هوڵ دەژین لە سوریا، ئەوانەی كەمپەكە دەترسن ناسنامەی خۆیان ئاشكرابكەن، بۆیە رزگاركردنیان زۆر قورسە".
عەباس كە لە چاوەڕوانی رزگاركردنی دایكیدایە، دەڵێت ئەوان بێئومێد نەبون لە سۆراغكردن، "هیچ ئازارێک وەکو لەدەستدانى دایک نییە... هەشت ساڵە چاوەڕێم، نازانم ئێستا ئەو دەژیت یان كوژراوە و تەرمەكەی فڕێدراوە، بەڵام تا دەمرم بێهوانابم."