دادگای سەربازی موسڵ، دۆسییەی تەواوی ئەو ئەفسەر و پۆلیسە كوردانەی كەركوكی داخست، كە بە تۆمەتی بەشداریكردن لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك درابونە دادگا و ژمارەیان نزیكەی 50 ئەفسەر و پۆلیسە.
دانیشتنەكەی دادگا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئاب، لە بنكەی پۆلیسی رەحیماوای شاری كەركوك بەڕێوەچوو.
موقەدەم عامر نوری شوانی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمڕۆ دواین پرۆسەی دادگاییكردنی ئەفسەر و پۆلیسە كوردەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بوو لە كەركوك ... پرۆسەكە بە ئامادەبونی دادوەرانی دادگای سەربازی موسڵ بەڕێوەچوو، تیایدا پاش وەرگرتنی وتە و زانیاریی و وردبینی دۆسیەكانیان دادوەرەكان بڕیاریاندا بە یەكجاریی دۆسییەكە دابخەن، ئەوەش دوای خستنەڕوی بەڵگەی پێویستی ئەو ئەفسەر و پۆلیسانە سەبارەت بەوەی بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا نەكردووە و لەو رۆژەدا بێلایەن بون".
جەختیشیكردەوە "هیچ ئەفسەر و پۆلیسێكی كورد سزانەدراون و دەگەڕێنەوە سەر ئەركی خۆیان".
مێژووی کردنەوەی دۆسێیەکە لەسەر ئەفسەرانی کورد لە کەرکوک بۆ 26ی تشرینی یەکەمی 2017 (مانگێک دوای ریفراندۆم) دەگەڕێتەوە، بەڵام دۆسییەکە بە بڕیاری سیاسیی و بەشێوەی کاتی راگیرابوو، تا لە 17ی ئاداری 2021 جارێکی تر بە رەزامەندی وەزیری ناوخۆی عیراق دۆسییەکە جوڵێنرایەوە.
هیچ ئەفسەر و پۆلیسێكی كورد سزانەدراون
سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆسییەی تەواوی ئەو ئەفسەر و پۆلیسە كوردانەی كەركوك داخران و لە ئێستادا هیچ تۆمەتێكیان لەسەر نییە".
ئەو سەرچاوەیە كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە ئاماژەی بەوەدا لایەنی سكاڵاكار بەڵگەی تەواویان لەسەر ئەو دۆسیەیە پێشكەشی دادگا نەكردووە، بێ ئەوەی ناوی لایەنی سكاڵاكار ئاشكرابكات.
دادگاییكردنیان لەلایەن دادگای سەربازیی موسڵەوە، بەهۆی ئەوەوەیە كە دادگای سەربازی لە كەركوك نییە و هەفتانە دوو رۆژ دادوەرەكانی موسڵ لە كەركوك دەوام دەكەن.
هاوكات سەرچاوەیەك لە داگای سەربازی بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرایكرد لایەنی سكاڵاكار لەو دۆسیەیەدا "هەواڵدەری نهێنییە كە سكاڵاكەی لە 2017ـدا پێشكەشكردووە و تا دانیشتنی دادگاییەكە لە كەركوك چاودێریی بەڕێوەچونی دۆسیەكەی كردووە".
ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی جێناکۆک لە 25ی ئەیلولی 2017، لەسەدای 92ی دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا؛ بەڵام دوای 21 رۆژ و لە 16ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، هێزە عیراقییەکان بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی جێناکۆک گەڕانەوە و هێزەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای سێ ساڵ لەو ناوچانە کشانەوە، ئەنجامی ریفراندۆم-یش لەژێر فشاری بەغدادا سڕکرا.