هاوڵاتیانی شنگال لە شەو و رۆژێكدا 14 كاتژمێر بەبێ كارەبا بەڕێدەكەن، بەهۆی سوتانی وێستگەی كارەبای قەزاكەوە، كە دیارنییە كەی بە تەواوی چاكدەكرێتەوە.
نزیكی كاتژمێر 10ـی شەوی رابردوو، پێنجشەممە 4ـی ئابی 2022، ئاگر لە وێستگەی دابەشكردنی كارەبای قەزای شنگال (خۆرئاوای موسڵ) كەوتەوە و دابەشكردنی وزەی كارەبا وەستا.
"هەر زوو ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی زۆر بەر وێستگەكە كەوتووە" بەوتەی میرزا شەمۆ، فەرمانبەری بەشی چاككردنەوە (صیانە)ـی فەرمانگەی كارەبای شنگال.
ئەو وێستگەیە لە دوو محەویلەی گەورە پێكدێت، كە رۆژانە 20 مێگاوات كارەبای لە موسڵەوە پێدەگات تا كارەبا بە هاوڵاتیانی دانیشتوی ناوەندی قەزاكە و ناوچەكانی تری دەوروبەری بگەیەنێت.
شەمۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "محەویلەیەكی وێستگەكە بە تەواوی سوتاوە و ئەویتر زیانی زۆر بەركەوتووە، كە هەزاران بەشداربوی قەزاكەی لەسەرە، بۆیە لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئاگرەكەوە دەست بە صیانە كراوە بەڵام پێدەچێت دوو رۆژی دیكەی كاركردنی بوێت" بەڵام دڵنیایی نەدا لەو دوو رۆژەدا چاكبكرێتەوە.
ئەو پێیوایە هۆكاری ئاگرەكە بەرزی پلەكانی گەرما و فشاری زۆری سەر میحەویلەكانی كارەبایە، بەڵام بەرگری شارستانی نەینەوا لە بەیاننامەیەكی كورتدا، هەواڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی بڵاوكردۆتەوە و هۆكارەكەی بۆ شۆرتی كارەبا دەگەڕێنێتەوە.
ئێستا هاوڵاتیان لە شەو و رۆژێكدا تەنیا 10 كاتژمێر كارەبایان هەیە، ئەویش مۆلیدەیە و بەپێی بەرنامەیەك رۆژانە لە 12ـی نیوەڕۆ تا 4ـی عەسر و دوای پشویەك لە 7ـی ئێوارە تا 12ـی شەو كار بە مۆلیدەكانیان دەكەن، لەكاتێكدا پلەی گەرمای قەزاكە زیاتر لە 45 پلەی سیلیزییە.
لوقمان حسێن، دانیشتووی ناوەندی قەزای شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "باوەڕناكەم 10 رۆژی دیكەش وێستگە سوتاوەكە چاكبكرێتەوە، لەكاتێكدا لە بنەڕەتەوە بارودۆخی كارەبا لە قەزاكە زۆر خراپ بووە و ئێستا تەواو بۆتە وێرانە، چونكە مۆلیدەش بەردەوام نییە و 14 كاتژمێر بەم گەرمایە بەبێ كارەبا دەبین".
لە كۆی 43 مۆلیدەی ئەهلی ناوەندی قەزای شنگال و ناحیەی سنونێ، مانگی رابردودا 21 مۆلیدە كارەبایان لە هاوڵاتیان بڕی، دژی كێشەی وەرگرتن و بەدەستهێنانی گاز، تا دواتر بە پێدانی گاز كێشەكەیان چارەسەر كرا.
لوقمان دەڵێت كێشەی مۆلیدەكان بە تەواوی چارەسەر نەكراوە و جارێكیتر كێشەی وەرگرتنی گازیان بۆ دروستبووە، بۆیە ترسیان هەیە ئەوانیش مۆلیدەكانیان بكوژێننەوە و بە تەواوی بێ كارەبا بن.
هێرشەكانی هەشت ساڵ لەمەوبەری داعش بۆ شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، زیانی به كهرتی گشتی گهیاند له نێویاندا وێرانبونی تۆڕهكانی ئاو و كارهبا، روخانی خانوی هاوڵاتیان، خوێندنگه و شوێنە ئاینییەكان، جگە لەوەی هێشتا هەزاران ئێزیدی ئاوارە و بێسەروشوێنن، ئەوەش بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو).