بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەرێكی كفری
ئەفسەرێكی پێشمەرگە و شەش پاسەوانی دەستبەسەردەكرێن  

شڤان محه‌مه‌د شكور (21 ساڵ) له‌ خۆپیشاندانه‌كانی كانونی یەكەمی 2020ـی كفری فیشه‌كی به‌ركه‌وت و گیانیله‌ده‌ستدا

كەركوك ناو

پۆلیسی گەرمیان ئەفسەرێكی پێشمەرگە و شەش پاسەوانی دەستبەسەردەكەن، ئەوەش بەبڕیاری دادگا و دوای رەوانەكردنیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە، بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەرێكی قەزای كفری.

لیوا عوسمان حەسەن و شەش پاسەوانی دوو ساڵ لەمەوبەر فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی ئابی 2022 بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان رادەست كردووە.

موقەدەم عەلی جەمال قدوری، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە ساڵی 2020ـدا فەرمانی دەستگیركردنی لیوا حاجی عوسمان و شەش پاسەوانی رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە و ئەمڕۆ وەزارەت رەوانەی لای ئێمەیان كرد بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگا".

دەستبەسەركردنی ئەفسەرەكەی وەزارەتی پێشمەرگە و پاسەوانەكانی لەسەر سكاڵای كەسوكاری گەنجێكی قەزای كفرییە، كە لە خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییدا بە فیشەك كوژرا.

 شڤان محه‌مه‌د شكور (21 ساڵ) لە 10ـی كانونی یه‌كه‌می 2020 و لە كاتی خۆپیشاندانێكدا، فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وت و گیانیله‌ده‌ستدا، به‌هۆیه‌وه‌ كه‌سوكاری سكاڵای یاساییان دژی هێزێكی چه‌كداریی وەزارەتی پێشمەرگە تۆماركرد.

kfri-3
كفری، كانونی یه‌كه‌می 2020، بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران به‌ هێزی چه‌كدار فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

محەمەد شكور، باوكی كوژراوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر ئەوكات سكاڵام دژی لیوا حاجی عوسمان حەسەن و پاسەوانەكانی تۆماركرد، دواتر دۆسیەكەمان پشتگوێخرا، بەڵام من بێدەنگ نەبوم و چەندینجار هاتوچۆی دادگام كرد ... هانام بۆ هەموو شوێنێك بردووە تا خوێنی كوڕەكەم ون نەبێت و یاسا بڕیاری لەسەر بدات".

هەروەها دەڵێت هەفتەیەك لەمەوبەر و دوای گۆڕینی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كفری، دەستبەجێ سەردانیی دادوەری نوێی كردووە و بەڵێنی پێدراوە فشاری زیاتر بكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دەستگیركردنی ئەو ئەفسەرەی وەزارەتی پێشمەرگە و پاسەوانەكانی.

"چەندینجار هەوڵیانداوە بە رێگەی عەشایەری دۆسیەكە یەكلاییبكەنەوە و لە خوێنی كوڕەكەم خۆشبم، بەڵام من قبوڵم نەكردووە و ناشیكەم"، باوكی شڤان داوایكرد "دادگا دادپەروەرانە لەم كەیسە مامەڵە بكات و حەقی ئێمە نەفەوتێت، لەبەر ئەوەی كوڕێكم شەهید بووە و كوڕێكی دیكەشم بریندار بووە".

ئەفسەرەكەی وەزارەتی پێشمەرگە و پاسەوانەكانی بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عیراقی لە دادگای لێكۆڵینەوەی كفری لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، كە ئەو ماددەیە تایبەت بە كوشتنی بە ئەنقەست و سزاكەی زیندانیی هەتاهەتایی تا لەسێدارەدانە.

لە خۆپیشاندانەكەی كانونی یەكەمی 2020ـی كفری و ناوچه‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌ی پارێزگای سلێمانی، دژی دواكەوتنی موچە و خراپی گوزه‌رانی هاوڵاتیان، نۆ كه‌س كوژران و زیاتر له‌ 60 كه‌سی تر برینداربون، به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی ئەوكاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كە دواتر به‌هێزی چەكداریی بڵاوه‌ به‌ خۆپیشانده‌ران كرا و ناڕه‌زاییه‌كان كپكرانه‌وه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT