ژمارەیەك بەنزینخانەی ئەهلی لە كەركوك دەست بە كاركردن دەكەنەوە، ئەوەش دوای تیپەڕینی زیاتر لە مانگێك بەسەر داخستنیاندا، هەرچەندە حكومەت سكاڵای لەسەریان هەیە و هێشتا بە كردنەوەیان قایل نییە.
بەپێی بەدواداچونێكی پەیامنێری (كەركوك ناو)، ژمارەیەك لەو بەنزینخانانەی لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەبڕیارێك لە بەغداوە داخران، نزیكەی هەفتەیەكە دوبارە كراونەتەوە و بەنزین دەفرۆشن.
رەهەند نەعمەت، كرێكاری بەنزینخانەیەكی بازرگانییە لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ـی وت "بۆ ماوەیەك بەنزینخانەكە داخرا بەڵام دواتر كێشەكە لە بەغداوە چارەسەر كرا و جارێكیتر بەنزینخانەكەمان كردەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی (كەركوك ناو) لە ژمارەیەك بەنزینخانە و سەرچاوەی حكومییەوە دەستی كەوتون، هیچ گۆڕانكارییەك لە بڕیارەكەی بەغدا بۆ داخستنی بەنزینخانەكان نەكراوە، بەڵام بەشێكیان لەڕێی "پێدانی پارە و واسیتەوە" چاوپۆشییان لێكراوە تا بەنزینخانەكانیان دوبارە بكەنەوە.
هۆكاری سەرەكی داخستنی ئەو بەنزینخانانە نەبونی مۆڵەتی فەرمی كاركردنە لە وەزارەتی نەوتی عیراق.
چاوپۆشی لە هەندێك بەنزینخانە كراوە و دوبارە كردویانەتەوە
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك –سەر بە وەزارەتی نەوت- بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە كەركوك زیاتر لە 100 بەنزینخانەی بازرگانی هەن كە هەمویان زیادەڕۆن و مۆڵەتی كاركردنیان نییە، بۆیە سكاڵامان لەسەریان هەیە و نابێت بكرێنەوە".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە -كە لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە- لە سەرەتاوە كار بە راسپاردە و بڕیاری ئەوان نەكراوە، چونكە لە بەغداوە بڕیاری داخستنی بەنزینخانەكان دەركراوە و هەر لەوێشەوە بڕیاری دیكە بە رێككەوتن دەردەچێت.
بڕیاری داخستنەكە زیاتر لە 100 بەنزینخانەی گرتەوە كە بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەریان بە نرخی بازرگانی و هەر لیترێكیان بە 1200 تا 1450 دینار دەفرۆشت.
عەلی ئەنوەر، خاوەن یەكێك لە بەنزینخانە داخراوەكانە كە تائێستا نەیانكردۆتەوە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێشتر ئاگاداركراینەوە بەنزینخانەكانمان دابخەین و ئەوكات دامانخست، تائێستاش بەنزینخانەكانمان نەكردۆتەوە بەڵام چاوپۆشی لە هەندێك بەنزینخانە كراوە و كردویانەتەوە".
ئەو دەڵێت پاساوی داخستنی بەنزینخانەكانیان ئەوەبووە؛ كە هۆكارن بۆ دروستبونی قەیرانی بەنزین "لەكاتێكدا دەركەوت كێشەكە ئێمە نین، بەڵكو ئێمە هاوكاربوین تا كێشەی بەنزین دروستنەبێت و رۆژانە ئەو شۆفێرانەی كارتی وەرگرتنی بەنزینی حكومییان نەبوو، لای ئێمە بەنزینیان دەكڕی و فشار لەسەر بەنزینخانەی حكومی كەمتر دەبووەوە".
لە كەركوك 27 بەنزینخانەی حكومی و 68 بەنزینخانەی ئەهلی -كە مۆڵەتیان هەیە و لەكاردان- بەنزینی حكومی 450 دیناری بەپێی كۆبۆن دابەشدەكەن-، لەو ژمارەیەش دوو بۆ سێ بەنزینخانەیان بەنزینی حكومی بە نرخی بازرگانی بۆ هەر لیترێك بە هەزار دینار و بەبێ كۆبۆن دەفرۆشن.