روخاندنی ژمارەیەك خانوی زیادەڕۆی پێكهاتەی عەرەب، ناكۆكی لە نێوان دوو بەهێزترین حزبی عەرەبی و توركمانی لە كەركوكدا دروستدەكات و هەردولا یەكتر بە "گەندەڵ، گۆڕینی دیموگرافیا و قۆستنەوەی پۆستەكانیان بۆ كاری نامەشروع" تۆمەتباردەكەن.
ئەنجومەنی عەرەبی كە راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سەرۆكایەتی دەكات، هێرشدەكاتە سەر قایمقامی بەوەكالەتی پارێزگاكە لە پێكهاتەی توركمان و تۆمەتباری دەكەن بەوەی هاوڵاتیانی عەرەبی "كردۆتە ئامانج". ئەو هەڵوێستە بەهێزترین حزبی توركمانی لە كەركوك توڕەكرد و وەك هەوڵێك بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم كارەكانی قایمقام وێنایان كرد، لەنێویاندا پرسی نەهێشتنی زیادەڕۆ.
سەرەتای ئەو كێشەیە لەوەوە سەرچاوەی گرت، فەلاح یایچەلی، قایمقامی کەرکوک بەوەكالەت لە 16ی ئاب دەستیكرد بە روخاندنی هەندێك خانوو كە بەشێوەی زیادەڕۆ لە گەڕەكی كۆبانی دروستكراون و بەشێكیان نزیكن لە فڕۆكەخانەی كەركوك و دانیشتووانەكەی عەرەبن.
ئەو هەوڵەش دوای ئەوە هات كە بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، حكومەتی فیدراڵ دوائاگادارینامەی ئاراستەی ئیدارەی كەركوك كردووە بۆ توندوتۆڵكردنی پشتێنەی ئەمنی دەوروبەری فڕۆكەخانە، ئەوەش قایمقامی ناچاركردووە بە گرتنەبەری هەندێك رێوشوێن لە نێویاندا لابردنی زیادەڕۆ لە گەڕەكی كۆبانێی باشوری كەركوك، ئەوەش وەك مەرجی كردنەوەی فڕۆكەخانە كە زیاتر لە چوار ساڵە لە نۆژەنكردنەوەدایە و هەرچەندە كارەكانی تەواوبووە، بەڵام نەكراوەتەوە.
ئەنجومەنی عەرەبی، 20ی ئاب، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، جەختیكردەوە لەوەی فەلاح یایچەلی، قایمقامی كەركوك بەوەكالەت، پۆستەكەی بۆ هەندێك "دەستكەوتی نامەشروع" قۆستۆتەوە و تۆمەتباریان كرد بەوەی بە "نەفەسێكی نەتەوەیی و تائیفی هەستاوە بە روخاندنی ژمارەیەك ماڵی عەرەب بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە".
ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركوك
عەزام حەمدانی، وتەبێژی ئەنجومەنەکە كە راگەیەنراوی ئەنجومەنەكەی خوێندەوە، وتی "فەلاح چاوپۆشی كردووە لەو زیادەڕۆییانەی لەناو شاردا کراون، کەچی بەرۆکی کۆمەڵێک عەرەبی گرتووە... هەروەها چاوپۆشی كردووە لەهەندێك ماڵ و شوێنی نیشتەجێبون لە دەوروبەری زانكۆی كەركوك".
ئەنجومەنی عەرەبی، هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، لێپرسراوی بەشی میلاكاتی لە دیوانی پارێزگای كەركوك تۆمەتباركرد بەوەی لەو پرسەدا هاوكاریی فەلاح یایچەلی دەكات.
قایمقامی كەركوك بەوەكالەت و لێپرسراوی بەشی میلاكاتی لە دیوانی پارێزگای كەركوك هەردوكیان توركمانن و لەسەر بەرەی توركمانی ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە.
تۆمەتباركردنی ئەو دوو لێپرسراوەی توركمان، ناڕەزایی بەرەی توركمان و پەرلەمانتارانی توركمانی بەدواداهات و لەو پرسەدا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی "گەندەلی" كرا لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پارێزگای كەركوك.
غەریب عەسکەر، پەرلەمانتاری توركمان، لە راگەیەنراوێكدا دوابەدوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی بەرەی عەرەبی، هەڕەشەی بەكارهێنانی كۆمەڵێك "بەڵگەنامەی گەندەڵی" كرد، لە پڕۆژەكانی شارەكەدا و كە بەوتەی ئەو "کەسانی نزیک لە لێپرسراوانی پارێزگا تێوەگلاون".
کەسانی نزیک لە لێپرسراوانی پارێزگا تێوەگلاون لە گەندەڵی
ئەوەش لەكاتێكدایە راكان سەعید، سەرۆكی ئەنجومەنی عەرەبی، وەكو پارێزگار لێپرسراوێتی یەكەمی هەیە لەو پڕۆژانەدا، بەتایبەت لەكاتێكدایە لە ئێستادا ئەنجومەنی پارێزگاكان نەماوە تا چاودێربن بەسەر كارەكانیدا.
"پێویست ناکات قایمقام تۆمەتبار بکەن بە روخاندنی زیادەڕۆ، لەکاتێکدا کۆمەڵێک زەویوزار لەکەرکوک کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت لەلایەن لێپرسراوانی عەرەب لە پارێزگاکەدا"، غەریب عەسكەر، زیاتر وتی كە ئەو هەوڵی جێبەجێكردنی هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی شارەكەش دەدات، تەنانەت ئەگەر مەرگی خۆیشی بەدوادابێت.
ئەو وتی "خەونی بەعسییەکان بەسەرچوو، ئێستا سەردەمی دیموکراسییە".
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، لە 16ی ئاب كاتێك بە شۆفڵ ژمارەیەك خانوی زیادەڕۆ لە گەڕەكی كۆبانی دەڕوخێنێت، فەلاح یاچیلی دەڵێت كە ئەو هەڵمەتەیان بە پاڵپشتی ژمارەیەك فەرمانگەی دەوڵەت بووە، لەوانە خانوبەرە، كشتوكاڵ، شارەوانی و هێزە ئەمنییەكان، بۆ ئەوەش وتی " پاڵپشتی پارێزگاری كەركوكمان هەیە".
له دوای ساڵی 2003 و نهمانی رژێمی بهعس به سهرۆكایهتی سهدام حسێن، ههزاران خانوو لهسەر ئهو زهوییانه بنیاتنراون كه موڵكی دهوڵهت بون له پارێزگاكانی عیراق به كهركوكیشهوه.
لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە 60 هەزار خانوو و باڵەخانەی بازرگانی زیادەڕۆ هەن؛ كە سێیەم پارێزگایە لە زیادەڕۆییدا دوای هەریەك لە بەغدا (زیاتر لە 130 هەزار زیادەڕۆیی) و بەسرە (زیاتر لە 90 هەزار زیادەڕۆیی)، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رەسمی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).
جگە لە گەڕەكی كۆبانێ، لە ساڵی 2019ەوە ئیدارەی كەركوك لە هەوڵی چۆڵكردنی ئەو خانووانەدایە كە بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكروان، بەتایبەت لە نزیك فڕۆكەخانەی كەركوك، لە نێویاندا گەڕەكی حەمزەلییە كە بەپێی ئامارەكانی (كەركوك ناو)، 620 خانوو بەشێوەی زیادەڕۆ لەو گەڕەكە دروستكراون. بەڵام ئیدارەی كەركوك لە لابردنی ئەو گەڕەكە سەركەوتونەبون.
حەمزەلییە زۆرینەی دانیشتووانەكەی توركمانن، لەگەڵ ژمارەیەك خێزانی عەرەب.
هێشتا دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراقی بڕیارینەداوە فڕۆكەخانەی كەركوك بكاتەوە و یەكێك لە بەربەستەكان لەبەردەم كردنەوەیدا لایەنی ئەمنییەتی.
راكان سەعید، هەفتەی رابردوو بە (كەركوك ناو)ی وت "لیژنەیەك سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی كردنەوەی فڕۆكەخانەكە لە نێویاندا پرسی توندوتۆڵكردن و بەهێزكردنی دەوروبەری فڕۆكەخانە و وردبینی ئەمنی ئەو خێزانانەی لە دەوربەری فڕۆكەخانە نیشتەجێن". بەڵام هیچ رونكردنەوەیەكی زیاتری نەدا ئایا ئەو خێزانانە دوردەخەنەوە یاخود نا.
بەرەی توركمانی، كە لە ژمارەیەك حزب و لایەنی توركمانی پێكدێت و بەهێزترین لایەنی توركمانییە لە كەركوك و عیراق، لە 20ی ئاب لە وەڵامی هێرشەكانی ئەنجومەنی عەرەبی بۆ سەر قایمقام، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا لەگەڵ رەتكردنەوەی تۆمەتەكان، جەختیكردەوە لەوەی دژایەتی خۆیان بۆ هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە دەردەبڕن. لەو نێوەندەشدا باسی باشوری كەركوكی كرد.
"ئەوەی ئەو دوو لێپرسراوە پێی هەستاون لە چوارچێوەی رێکاری یاسایی خۆیاندا بووە"، لە راگەیەنراوەكەی بەرەی توركمانیدا هاتووە.
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی، وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر ئەنجومەنی عەرەبی، هەر دوێنێ شەممە 20ی ئاب، بڕوانامەی رێزلێنانی پێشکەش بە قایمقام و لێپرسراوەكەی دیوانی پارێزگای كەركوك كرد و ناویلێنا "رێزلێنان لەپای هەوڵ و ماندوبونیان بۆ پارێزگاریکردن لە یاسا و پاراستنی سەروماڵی دەوڵەت".
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە لەئێستادا بەهێزترین حزبی كوردییە لە كەركوك، لەڕێی پەرلەمانتار دیلان غەفورەوە، هەر 20ی ئاب راگەیەنراوێكی لەسەر پرسی زیادەڕۆ لە كەركوك بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "پێویستە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێبكرێت كە تایبەتە بە تاپۆكردنی ئەو خانووانەی لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستكروان، ئەگەرنا پەنادەبەینە بەر شەقام و دادگا".
پێویستە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێبكرێت كە تایبەتە بە تاپۆكردنی ئەو خانووانەی لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستكروان
ئەوەش دوای ئەوە هات كە چەندجارێك خانووی پێكهاتەی كوردیش لە پارێزگاكە روخێنراوە، بەهۆی ئەوەی بەشێوەی زیادەڕۆ لە دوای ساڵی 2003وە دروستكراوە.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە تشرینی دووەمی 2019، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی لهسهر زهوی زیادهڕۆ دروستكراون لە تەواوی پارێزگاكاندا، ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی نرخی زەوییەكە و پێدانی پارەكە بە حكومەت بە شێوەی قیستی 20 ساڵ. بەڵام ئەو بڕیارە هێشتا جێبەجێنەكراوە.
درەنگانێكی شەوی رابردوو، عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، لەگەڵ راكان سەعید و ئەرشەد ساڵحی و غەریب عەسكەر كۆبۆوە و بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، داوایكردووە دۆخەكە هێوربكەنەوە. بەڵام هێشتا رون نییە قایمقامی كەركوك لە هەنگاوەكانی بۆ لابردی زیادەڕۆ بەردەوامدەبێت یاخود كارەكانی رادەگرێت.