ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشوی بەرەی توركمانی، لەنێو هەوادارانیدا رەخنە لە بەرەی توركمانی دەگرێت و دەڵێت "ئەگەر وێنەم لەگەڵدا بگرن بەرەی توركمانی موچەكەتان دەبڕێت، ئەوە شەرمەزارییە بۆ كەسایەتییەكانی ناو بەرە".
ئەو وتانەی ئەرشەد ساڵحی، كە هاوكات پەرلەمانتاری بەرەی توركمانییە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا دەردەكەوێت، كە دەست (كەركوك ناو)، كەوتووە و تیایدا دەڵێت "سەیركەن سەیركەن، من دەڵێم ئەگەر وێنەیەكم لەگەڵدا بگرن، بەرە (بەرەی توركمانی) موچەكەتان دەبڕن، دەزانم شەرمەزارییە بۆ كەسایەتییەكان، باشەرمەزاربن".
هەروەها دەڵێت "ئهرشهد ساڵحی پەرلەمانتاری بەرەی توركمانییە، بەڵام ئەگەر ئەوان هەڕەشەت لێبكەن، ئهوه شهرمهزارییه بۆ ئهوان. بهداخهوه... ئێوە لهگهڵ منن و منیش لهگهڵتانم".
ئێوە لهگهڵ منن و منیش لهگهڵتانم
ئەو گرتە ڤیدۆییە كە بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە چەند رۆژی رابردودا تۆماركراوە، تیایدا لەناو قەرەباڵغی بەشێك لە هەوادارانیدا، ژنێك بە دەنگی بەرز دەڵێت "ئێمه لهگهڵتین". لە وەڵامدا ئەرشەد ساڵحی دەڵێت "ئەزانم تۆ لەگەڵمدایت، خوا لێت رازی بێت، بهڵام پێویسته شهرم له خۆیان بکهن، با لەگەڵ پەكەكەدا ئەو كارە بكەن، نەك لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی، ئەرشەد ساڵحی میللەت هەڵیبژاردووە".
(كەركوك ناو)، نەیتوانی لێدوان لە نوسینگەی ناوبراو وەربگرێت لەسەر ئەو پرسە، بەڵام سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە بەرەی توركمانی، كە لەبەرئەوەی "كێشەكە ناوخۆییە" نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتی "ئەوەی ئەرشەد ساڵحی باسی دەکات وانییە، هیچ کەسێك لەسەر وێنەگرتن لەگەڵ ناوبراو رانەگیراوە، سزانەدراوە و نانبڕاونەكراوە".
ئەو سەرچاوەیە كە خۆیشی ڤیدیۆكەی بینیوە، رەخنەی لە ساڵحی گرت و وتی "ئەو نوێنەری بەرەی تورکمانییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەگەر شتێکی لەو جۆرە هەبێت (نانبڕاوكردن) پێویستە لەناوخۆدا باسبكرێت، تا ئێمەش وەڵاممان هەبێت، بەڵام هیچ شتێك وانییە".
لە 28ی ئاداری 2021، ئەرشەد ساڵحی وازهێنانی خۆی لە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی راگەیاند، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكی دەستەی كارگێڕی بەرەی توركمانیدا. هەر لەو كۆبونەوەیەدا حەسەن تۆران بە رێككەوتن و بە كاتی لە جێگەكەی دانرا.
بەرەی توركمانی دواتر هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی لە 23ی ئایاری 2022 ئەنجامدا و 12 كەس بونە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و حەسەن تۆرانیش بە هەڵبژاردن وەكو سەرۆكی بەرە دەستبەكاربوو، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا ئەرشەد ساڵحی خۆی هەڵنەبژاردەوە و لە ئێستادا هیچ بەرپرسیارێتییەكی لە مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانیدا نییە.
لە دوای ئەو گۆڕانكارییانەوە ناكۆكی قوڵ كەوتۆتە نێوان حەسەن تۆران و ئەرشەد ساڵحی و چەند جارێك بە ناڕاستەوخۆ لەڕێی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هێرشیانكردۆتە سەر یەكتر.
ساڵحی، 10 ساڵ سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی كرد، لە سێ خولی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی بووە، لە خولی چوارەمیشدا تاكە پەرلەمانتاری بەرەی توركمانییە لە پەرلەمانی عیراق.