نامیق عەلی عومەر، یەكێك لە كۆنترین شۆفێرە كوردەكانی هێڵی شەمەندەفەری كەركوك – بەغدا، لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچیی دواییكرد، ئەو لەیەكەم خولی ئامادەكاری بۆ شۆفێری شەمەندەفەر پلەی یەكەمی بەدەستهێنا و لە ساڵی 1965 یەكەم شەمەندەفەری بە سەركەوتووی لە كەركوكەوە گەیاندە بەغدا. لەكاتێكدا لە ئێستادا گەشتكردن بە شەمەندەفەر بۆ خەڵكی كەركوك بۆتە مێژوو.
نامیق عەلی، 19ی ئابی 2022، لە شاری كەركوك كۆچیی دوایكرد، هاوڕێیەكانی لەگەڵ باسكردنی سەركەوتن و وردبینی لە شۆفێریدا، دەڵێن نمونەیەك بووە بەو ئەوانەی خوازیاربون ببنە شۆفێری شەمەندەفەر.
ئەو لە ساڵی 1932 لە كەركوك لە دایكبووە و لە نەتەوەی كوردە، بەپێی وتەی ستار جەباری، كە یەكێكە لە هاوڕێ دێرینەكانی، نامیق ساڵی 1965 بەشداریكردووە لە خولی ئامادەكاری بۆ شۆفێری شەمەندەفەر و توانیویەتی پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت، هەرئەوكات مۆڵەتی شۆفێری پێدراوە. هەمان ساڵیش یەكەم گەشتی لە كەركوكەوە بۆ بەغدا بەسەركەوتووی ئەنجامداوە.
هێڵی شەمەندەفەری كەركوك لە سەردەمی ئینگلیزەكان لە بیستەكانی سەدەی رابردوو بە بەغدا و دواتر بە شارەكانی تری عیراق بەستراوەتەوە، لە سەرەتادا شۆفێرەكانیان ئینگلیز و هیندی و بیانی بون، وردە وردە خول و راهێنانیان بۆ خوازیارانی عیراقی كردۆتەوە.
سەرەتا شەمەندەفەرەكان بە خەڵوز كاریان كردووە، وەك ستار جەباری دەڵێت، كە خۆی لە یەكێكە لە نوسەرەكانی كەركوك و كتێبێكی لە بارەی (سیماكانی كەركوك) هەیە و تیایدا باسی دەكات. دواتر شەمەندەفەر پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و بزوێنەرەكانیان بۆ نەوت و گاز گۆڕدراون.
راپۆرتێكی (كەركوك ناو)، لەسەر هێڵی شەمەندەفەری كەركوك
نامیق عەلی، جگە لە زمانی دایک، سێ زمانی تری زانیوە، لە نێویاندا ئینگلیزی، توركی و عەرەبی. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بون بە شۆفێری شەمەندەفەر لەو سەردەمەدا ئەوە بوو دەبێت ئینگلیزی بە باشی بزانیت.
ستار دەڵێت "لە ماوەی شۆفێریدا نامیق هیچ كات توشی روداوی هاتوچۆ نەبووە و تەنانەت هیچ سەرپێچییەكیشی نەبووە".
نامیق لە ساڵی 1974دا گوازراوەتەوە بۆ بەسرا و لەوێ شۆفێر بووە لە هێڵی بەسرا - بەغدا.
گواستنەوەكەی بەپێی وتەی ستار جەباری، پەیوەندی بە بڕیاری حزبی بەعسەوە هەبووە، كە زۆرێك لە كارمەند و شۆفێرە كوردەكانی هێڵی شەمەندەفەری كەركوكی لە كارەكانیان دورخستەوە، یان بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراقی گواستەوە.
هێڵی شەمەندەفەری كەركوك تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لەكاردابوو، دواتر لەكاركەوت، هەرچەندە چەندینجار بڕیار و بەڵێندراوە بۆ نۆژەنكردنەوە و بەستنەوەی بە بەغدا و شارەكانی هەرێمی كوردستان. بەڵام هەنگاوی ئەوتۆ نەنراوە.
نامیق عەلی كە لە ساڵی 1990 كۆتا گەشتی بە شەمەندەفەر وەكو شۆفێر ئەنجامداوە، لە 19ی ئابی ئەمساڵ لە كەركوك و لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچیی دواییكرد.