هێزەكانی ئاسایشی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ناوشاری خانەقین پاشەكشێیان پێدەكرێت و لە جێی ئەوان سوپای عیراقی جێگیردەكرێن، ئەوەش دوای ئاڵۆزییەكانی بەغدا و سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە زۆربەی پارێزگاكاندا.
ئەو گۆڕانكارییە لە هێزە ئەمنییەكانی ناوەندی قەزای خانەقین، ئێوارەی دوێنێ دوشەممە 29ـی ئاب چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و تائێستا (كاتژمێر 10:30)ـی بەیانی سێشەممە بەردەوامە.
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی فیرقەی یەكی سوپای عیراقی بە (كەركوك ناو)ـی وت "سوپا لەناوەندی خانەقین بڵاوەیانپێكراوە بە ئامانجی پاراستنی ئەمنیەتی هاوڵاتیان".
هێزەكانی سوپا لە 2019ـەوە رەوانەی قەزای خانەقین كراون بەڵام لە ناوەندی شار نەبون و لە ناوچەكانی دەوروبەر جێگیركرابون.
سەرچاوەكەی سوپا كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، رونیكردەوە لە هەموو پارێزگاكاندا، بروسكە بە هێزە ئەمنییەكان گەیشتووە تا قەدەغەی هاتوچۆ بسەپێنن و بڵاوە بە هێزەكانیان بكەن.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە كاتژمێر 7ـی ئێوارەی دوشەممەوە 29ـی ئابەوە قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لە هەموو پارێزگاكان، بەدەر لە هەرێمی كوردستان، راگەیاندووە و حكومەتیی عیراقیش ئەمڕۆ سێشەممەی كردۆتەوە پشووی رەسمی.
ئەو بڕیارانە هاوكات بوو لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی بەغدا، بە تایبەت ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەكی دیكەی عیراق بەهۆی ناڕەزایی لایەنگرانی رەوتی سەدر و پێكدادانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا، ئەوەش دوای پەیامێكی موقتەدا سەدر، رێبەری ئەو رەوتە كە وازهێنانی لە كاروباری سیاسی راگەیاند.
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێم لە خانەقین (سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەلایەن ئۆپەراسیۆنەكانی دیالەوە ئاسایش ئاگاداركراونەتەوە تا لەناوشار پاشەكشێ بكەن و بچنەوە ناو بارەگاكانی خۆیان، ئەوانیش بە بڕیارەكەوە پابەندبون.
لەناوەندی خانەقین جگە لە ئاسایش، پۆلیسی ناوخۆیی و هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی هەن، بەڵام لەو گۆڕانكارییەدا تەنیا ئاسایش پاشەكشێی پێكراوە.
هەر لە خانەقین چەندین فەرمانگەی دیكەی سەر بە حكومەتی هەرێم هەن.
سەرچاوەیەك لە هاتوچۆی خانەقین –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەوان لە ئەركەكانیان بەردەوامن و ئەو بڕیارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان تەنیا بۆ ئاسایش دەرچووە، كە بە چەكەوە هاتوچۆ نەكەن و لەناو بارەگاكانیاندا بمێننەوە.
له سنوری قهزای خانهقین زیاتر له شهش هێز ههیه له نێویاندا سوپای عیراقی، پێشمهرگه، پۆلیسی فیدراڵی، حهشدی شهعبی، ئاسایشی ههرێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سهر به وهزارهتی ناوخۆی عیراق.
له دوای 2003ـەوه دۆسیهی ئهمنی قهزای خانهقینی پارێزگای دیاله تەنیا بهدهست پۆلیس و هێزه سهربازییهكانی ههرێمی كوردستانهوه بوو تا گهڕانهوهی سوپا و هێزهكانی تری سهر به حكومهتی ناوهندی عیراق له 16ـی ئۆكتۆبهری 2017ـدا، كاتێك هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر بەهۆی ریفراندۆمی هەرێمەوە ناكۆكی و ئاڵۆزی كەوتە نێوانیانەوە.