ژمارەیەك قوتابخانە لە شنگال، دەبنە بنكە و بارەگای هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان، لە كاتێكدا پەروەردە دەناڵێنێت بەدەست نەبونی شوێنەوە بۆ خوێندن.
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو) لەڕێی ژمارەیەك سەرچاوەی جیاوازەوە، لانیكەم چوار باڵەخانەی قوتابخانە لە ناوەندی شنگال، ناحیەی سنونێ و ناوچەی خانەسۆری قەزاكە، هێزی چەكداریان تێدا جێگیركراوە.
كەمال حەسەن، بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لە ناوەندی شنگال –سەر بە پەروەردەی كوردی شنگالە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "كێشەی سەرەكی خوێندن نەبونی باڵەخانەیە، سەدا 80ـی قوتابخانەكانی ئێمە موڵكی پەروەردەی عەرەبییە، بە شوێنەكەی ئێمەشەوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم باڵەخانەی نوێ دروستبكات و هەر بە میوانی نەمێنینەوە".
باڵەخانەیەكی دوو نهۆمی خوێندنی كوردی لە گەڕەكی شەهیدانی ناوەندی شنگال، بەوتەی لێپرسراوانی پەروەردە، یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) كردویانە بە خوێندنی لاتینی، كە هەر ئەوان ئیدارەی دەدەن و سەر بە پەروەردە نییە.
شەهاب ئەحمەد، بەرێوەبەری كارگێڕی لە خوێندنی كوردی پەروەردەی شنگال –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- بە (كەركوك ناو)ـی وت "قوتابخانەیەكی ئامادەیی كە پێشتریش پەیمانگەی مامۆستایان بووە، ئێستا هێزەكانی یەبەشەی تیادایە لە شنگال، ئەو خوێندنگەیە لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كەوتە دەستی یەبەشە".
لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 و رۆژانی دواتر، بەشێك لە ئیدارەی ناوچەكانی جێناكۆك، لەگەڵ هێزە كوردییەكان و پێشمەرگە پاشەكشێیان كرد، كاتێك پەیوەندییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئاڵۆزی و بارگرژی لێكەوتەوە.
"ئەو قوتابخانەیە زۆر گەورەیە و پێویستمان پێیەتی، سەرباری نوسراوی قایمقامیەت بۆ ئیدارەی نەینەوا، بەڵام سودی نەبووە و دەسەڵاتمان نییە تا لێیان وەربگرینەوە و دەبێت خۆیان بیر لەوەبكەنەوە كە پێشێلكاری یاسایە و بە زیانی خوێندكاران دەشكێتەوە" شەهاب ئەحمەد وادەڵێت.
خوێندنی كوردی 55 قوتابخانەی بنەڕەتی تا ئامادەییان لە شنگال هەیە كە بەشێكیان لە باڵەخانەكانی پەروەردەی عەرەبیدا دەوام دەكەن، جگە لەوەی لە كەمپەكانی ئاوارەیی هەرێمی كوردستان نزیكەی 90 قوتابخانەیان كردۆتەوە.
له قهزای شنگال؛ دوو پهروهرده (كوردی و عهرهبی) ههن، به ههردوكیان زیاتر له 54 ههزار خوێندكاریان ههیه و بهشێكی زۆریان هێشتا له كهمپ و ناوچهكانی ههرێمی كوردستاندا ئاوارهن –خوێندنی كوردی نزیكەی 30 هەزار خوێندكارن-.
دەسەڵاتمان نییە تا قوتابخانەكانیان لێوەربگرینەوە
حەسەن سەڵاح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال –خوێندنی عەرەبی سەر بە حكومەتی عیراق- بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوو قوتابخانەمان لە خانەسۆر بەدەست یەبەشەوەن، كە یەكێكیان كردووە بە نەخۆشخانەی تایبەت بە خۆیان و قوتابخانەیەكی دوو نهۆمیش لە سنونێ فەوجێكی پۆلیسی ناوخۆیی تێدایە، جگە لە قوتابخانەیەكی خوێندنی كوردی لە شنگال كە لای یەبەشەیە".
خوێندنی عەرەبی نزیكەی 100 قوتابخانەی هەیە و بەهۆی كەمی بیناوە لە هەندێكیاندا سێ دەوامی تێدادەكرێت.
حەسەن سەڵاح دەڵێت خوێندكارانی خوێندنی كوردی بەشێكیان لە قوتابخانەكانی ئەواندا دەوام دەكەن بەهۆی كەمی بینای تایبەت بە خۆیان، "داوای قوتابخانەكانی خۆمان كردۆتەوە، پۆلیس ئامادەییان نیشانداوە لە دەستپێكی دەوامدا (مانگی 10) رادەستی بكەنەوە و بۆ ئەوانەی كە لای یەبەشەن، هەوڵدەدەین بە ئاشتییانە وەریانبگرینەوە".
یەبەشە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كاردەكەن.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەنیا قوتابخانەیەكمان لە خانەسۆر كردۆتە نەخۆشخانە و لە هیچ قوتابخانەیەكی دیكەدا هێزەكانمان جێگیرنەبون".
هاوكات سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شنگال، كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوانەوە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە ناوەندی شنگال هێزی چەكدار لەناو هیچ قوتابخانەیەكدا نییە، رەنگە لە سنونێ و خانەسۆر، یان هەندێك گوند هێزەكانی یەبەشە هەبن، بەوپێیەی خوێندنگەكان لەوێ بەشێكیان نۆژەننەكراونەتەوە یان خەڵكی ناوچەكە نەگەڕاونەتەوە و خوێندكاریان نییە".
لە ناوەڕاستی ئەمساڵ و دوابەدوای دروستبونی بارگرژی ئەمنی، ژمارەیەك گەنج لە شنگال داوایانكرد هەموو هێزە چەكدارەكان لە قەزاكە بچنە دەرەوە و تەنیا پۆلیسی ناوخۆیی بمێنێتەوە، بەڵام هەوڵەكانیان ئەنجامی نەبوو.
خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئاگاداری دوو قوتابخانەم كە یەكێكیان لە سنونێ پۆلیسی تێدایە و پێشتر ئاسایشی (پارتی دیموكراتی كوردستان)ـی تێدا بوو، ئەویتر لە خانەسۆر بەدەست یەبەشەوەیە، .. ئەگەر پەروەردە بیەوێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە دەتوانن قوتابخانەكەی لای یەبەشە وەربگرنەوە بەڵام ئەوەی پۆلیس ئێمە ناتوانین هاوكاری بكەین"، بێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات.
بەپێی رێككەتننامەی شنگالی 2020؛ كە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم واژۆكراوە، دەبێت ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە پێكبهێنرێت، دوبارە ئاوەدانبكرێتەوە و دۆسیەی ئەمنی رێكبخرێتەوە، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن.
قهزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچهیهكی جێناكۆكه و لهڕوی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، لە 3ـی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.