له‌ 30 ساڵ حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا
هیچ هه‌ڵبژاردنێكی گشتی لـه‌ واده‌ی خۆیدا سازنەکراوە

هه‌رێمی كوردستان، ئه‌یلولی 2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان فۆتۆ: كۆمسیۆن

فەرمان سادق – هەولێر

 له‌ مێژوی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستانی عیراقدا، هیچ هه‌ڵبژاردنێكی گشتی له‌ واده‌ی یاسایی خۆیدا سازنەدراوە‌، كه‌مترین ماوه‌ی دواخستن دوو مانگ و درێژترینیشیان گه‌یشتۆته‌ 10 ساڵ.

هه‌رێمی كورستان، له‌ 30 ساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا ته‌نیا هه‌شت هه‌ڵبژاردنی گشتی و راسته‌وخۆی بۆ ده‌نگدانی خه‌ڵك رێكخستووه‌، كه‌ پێنجیان بۆ په‌رله‌مان، دوانیان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و یه‌كێكیان بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بووه‌.

دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتییه‌ و به‌سه‌ر پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌دا دابه‌شبون، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چوارساڵ جارێك ده‌نگبده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و سه‌رۆكایه‌تیش، جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق.

پێنج خولیی په‌رله‌مانی كوردستان

یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ ئایاری 1992دا ئه‌نجامدرا و به‌پێی یاساكه‌ی، كه‌ ئه‌وكات ناوی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بوو، ته‌مه‌نی ئه‌و خوله‌ بۆ ته‌نیا سێ ساڵ بوو، به‌ڵام 10 ساڵی خایاند.

perleman (2)
هه‌ولێر، 2020، دانیشتنێكی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان

له‌ ساڵی 1995دا و به‌ر له‌ كۆتایی ته‌مه‌نی خولی یه‌كه‌م، په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی خۆی درێژكرده‌وه‌، به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ تا كۆتاییه‌كانی 1996 به‌رده‌وامی هه‌بوو.

خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مان به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی نیوه‌ی ئه‌ندامانه‌كانی نه‌یانتوانی ده‌وامبكه‌ن، سێ جاری دیكه‌ش ته‌مه‌نی درێژكرایه‌وه‌، تا له‌ كانونی دوه‌می 2005دا، هه‌ڵبژاردنی خولی دووه‌م ئه‌نجامدرا.

"یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان نه‌بونی سیستەمێكی دیموكراسی قوڵە، چونكە لە وڵاتانی دیموكراسی بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەن كاتی هەڵبژاردن دوابخرێت" ئە‌وه‌ به‌بڕوای هۆگر چەتۆ، سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنه‌كان.

هۆگر رونیكرده‌وه‌ كه‌ نه‌بونی ده‌ستور یه‌كێكی تره‌ له‌ هۆكاره‌كانی جێگیرنه‌بونی واده‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ كاتی پرۆسه‌كه‌ "بەپێی بەرژەوەندی حزبەكان دەستنیشان دەكرێت و ئەو كۆسپەش بەردەوام دەبێت".

له‌ كوردستان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەو كاتەدا هەڵبژاردن دەكەن كه‌ لە بەرژەوەندیی خۆیاندایه‌

به‌رده‌وام دواخستنی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌لای هۆگر چه‌تۆ-وه‌ ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ پرۆسه‌كه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی بۆ دروستكردنی گۆڕانكاریی، ئه‌وه‌ش ته‌نیا هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانی نه‌گرتۆته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌ "پرسەكە لە كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ بونیادەوە هەیە كە حزبی دیموكراسیمان نییە تا ئەو كارانە لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت" هۆگر وای وت.

هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، دوای نزیكه‌ی شه‌ش مانگ له‌ دواكه‌وتن، له‌ ته‌مموزی 2009دا ئه‌نجامدرا، خولی چواره‌میش دوو مانگ له‌ واده‌ی یاسایی خۆی دواكه‌وت و كه‌وته‌ ئه‌یلولی 2013، دواتریش بۆ نزیكه‌ی دوو ساڵ په‌رله‌مان كۆنه‌بۆوه‌ به‌هۆی رێگری پارتی له‌ گه‌ڕانەوەی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، كه‌ له‌ پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، دوای سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی نێوان ئەو دوو حزبە.

هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان، ساڵێك له‌ واده‌ی خۆی دواكه‌وت و له‌ ئه‌یلولی 2018دا ئه‌نجامدرا و له‌ 2022 ته‌مه‌نی ئه‌و خوله‌ كۆتاییدێت.

"هەڵبژاردن تاكە فاكتەری گۆڕانكاری دیموكراسییانە لە هەموو وڵاتان.. به‌ڵام له‌ كوردستان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەو كاتەدا هەڵبژاردن دەكەن لە بەرژەوەندییاندایە، .. بەهایەكیان بۆ هەڵبژاردن نەهێشتۆتەوە" رەیان ئەكرەم وای وت.

ره‌یان گه‌نجێكی دانیشتوی سلێمانییه‌ و نیگه‌رانه‌ له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردن، به‌وپێیه‌ی حزبه‌كان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بڕیار له‌ واده‌كه‌ی ده‌ده‌ن، "بە بەڵگەی ئەوەی ئامادەنین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدەن و هەر كاتێكیش بیانەوێت دەرگای پەرلەمان دادەخەن". 

ئه‌نجومه‌نی پارێزگا؛ دوو هه‌ڵبژاردن له‌ 15 ساڵدا

یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، له‌ كانونی دوه‌می 2005دا له‌ ته‌واوی عیراق به‌ڕێوه‌چوو به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، ته‌مه‌نی ئه‌و خوله‌ تا 2009 بوو، به‌ڵام له‌ هه‌رێم تا نیسانی 2014دا و هه‌ڵبژاردنی خولی دووه‌م درێژه‌ی كێشا.

anjwmani slemani
سلێمانی، 2019، دانیشتنێكی ئاسایی خولی دوه‌می ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

خولی دوه‌می ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌بوایه‌ له‌ 2018دا كۆتایبێت، به‌ڵام به‌پێی هه‌مواری هه‌ردوو یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌ن و یاسای كاری ئه‌نجومه‌نه‌كان، ته‌مه‌نی ئه‌و خوله‌ش درێژكراوه‌ته‌وه‌ تا ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردنی نوێ، به‌بێ دیاریكردنی هیچ واده‌یه‌ك.

ڤیان حەیدەر، سەرۆكی رێكخراوی تەمموز بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان پێیوایه‌ ئەوەی خاڵی گرنگە پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشێلكاریی یاسایی هه‌بووه‌ و یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌نجامنه‌دانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە.

"بەرژەوەندی حزبی رێگر بووە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان،.. بەردەوامی ئەم دۆخەش لە نەبوونی دادگای فیدراڵیە لە كوردستان كە لەسەر وەها پرسێك بە دەنگ نایەت، هاوكات ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزیش نییە پێداگیری لە ئەنجامدانی بكات".

ڤیان جه‌ختیكرده‌وه‌ "زیاد له‌ جارێك داوای پابەندبونمان بە واده‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ كردووه‌ چونكه‌ كاتی هەڵبژاردن پیرۆزە و ناكرێت دەستكاری بكرێت".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ عیراق، له‌ پارێزگاكانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا جگه‌ له‌ كه‌ركوك، چوارساڵ جارێك هه‌ڵبژاردنی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان سازدەکات‌.

كاتی سازكردنی هەڵبژاردن پیرۆزە و ناكرێت دەستكاری بكرێت

"هەڵبژاردن وەك پێشبینی كەشوهەوای لێهاتووە، كەی دەسەڵات لە بەرژەوەندی بێت دەیكات، هەر كاتێكیش زیانی پێ بگەیەنێت لە رێگەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كاتەكەی دوادەخات" ژیر ئه‌حمه‌د وای وت.

ژیر كه‌ ده‌رچوی زانكۆیه‌ و له‌ هه‌ولێر ده‌ژی، هه‌ڵبژاردن وه‌ك ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ری ده‌بینێت و هیچی تر، چونكه‌ "زۆرێك له‌ خه‌ڵك پێشوه‌خته‌ ده‌نگیان یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌ و ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی نییه‌ بۆ چاوێری، تا بزانرێت حزبه‌كان چه‌ند له‌ به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێده‌كه‌ن.

سه‌رۆكایه‌تی؛ له‌ نێوان خه‌ڵك و په‌رله‌ماندا

دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی شێوازی سەرۆکایەتی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ كێشه‌ ده‌ستیپێكرد، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن بڕیاربوو بۆ "رابه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان" بێت و له‌ 1992 سازدرا، به‌ڵام دواتر ناكۆكی سه‌ریهه‌ڵدا و كار به‌ ئه‌نجامه‌كانی نه‌كرا.

له‌وكاته‌وه‌ هه‌رێم بێ سه‌رۆك بوو، تا له‌ كانونی دوه‌می 2005دا دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێكهێنرا و یه‌كه‌م سه‌رۆكیش مه‌سعود بارزانی بوو، دوای هه‌ڵبژاردنی له‌نێو په‌رله‌مانه‌وه‌.

خولیی دوه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی دوای چه‌ند مانگێك له‌ دواكه‌وتن، به‌ ده‌نگدانی گشتی و راسته‌وخۆی خه‌ڵك بوو، له‌ ته‌مموزی 2009دا.

له‌ حوزه‌یرانی 2013دا، په‌رله‌مان دوو ساڵی بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم درێژكرده‌وه‌، دواتر ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ و سیسته‌می حوكمڕانی درێژه‌ی كێشا، تا بارزانی له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2017دا خۆی وازی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هێنا و ساڵێك دواتر دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵپه‌سێردرا.

barzani-1
هه‌ولێر، 2013، ده‌نگدانی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا فۆتۆ: سایتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم

ئارام جه‌مال، سه‌رۆكی پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن (KIE) ده‌ستوه‌ردانی حزبی به‌ هۆكاری یه‌كه‌م ده‌زانێت له‌ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ی خۆیاندا، "ئه‌گه‌ر حزبێكی سیاسی بزانێت دۆخی باش نییە و دەنگ ناهێنێت، لە رێگەی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمه‌وه‌ هەوڵی دواخستنی پرۆسه‌كه‌ دەدات".

پەیمانگەی كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن، پرۆژه‌یاسایه‌كی پێشكه‌شی خولی سێیەمی پەرلەمان كردووه‌، ده‌رباره‌ی دەستنیشانكردنی رۆژی سازدانی هەڵبژاردنه‌كانی پەرلەمان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و سەرۆكایەتی هەرێم، تا وه‌ك وڵاتانی دنیا لە كوردستانیش رۆژژمێری هەڵبژاردن هەبێت، به‌وه‌ش كۆتایی بەو مشتومڕە بێت.

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كاری له‌سه‌ر نه‌كرا و ئارام جه‌مال-یش له‌و رووه‌وه‌ بێئومێد بووه‌ "لێرە ئەوە ناكەن، چونكە دەزانن ئەگەر دیاری بكرێت ئاسان نییە بگۆڕدرێت"، له‌وه‌شدا روی ره‌خنه‌ی له‌ پارتی و یه‌كێتی بوو.

دوای دانوستانه‌كانی ئه‌و دوو حزبه‌ و لایه‌نه‌كانی تر، له‌ 2019دا جارێكیتر دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كاراكرایه‌وه‌ و له‌ ئایاری هه‌مان ساڵدا، نێچیرڤان بارزانی ‌بێ ده‌نگدانی گشتی و راسته‌وخۆ، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانه‌وه‌ وەك سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا.

ئارام جه‌مال رونیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا سازنەدرێت، ئه‌وانه‌ی له‌ پۆسته‌كاندا ده‌مێننه‌وه‌، شەرعیەتی نوێنەرایەتییان نامێنێت، چونكە شەرعیەتی نوێنەرایەتی سەرەتا و كۆتایی هەیە، "لەم روانگەیەشه‌وە، خەڵك بڕوای بە نوێنەرایەتی نامێنێت".

ئه‌گه‌ر كاتی هه‌ڵبژاردن دیاریكراو و جێگیربێت ئه‌وا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پرۆسه‌كه‌ش خێراتر و باشتر ده‌بن

 

واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان جێگیرده‌كرێن؟

دیاریكردنی واده‌ی جێگیر بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ندێك ده‌یبه‌ستنه‌وه‌‌ به‌ ده‌ستوره‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ته‌نیا ره‌شنوسه‌ و حزبه‌كان له‌سه‌ری رێكناكه‌ون، له‌رووی یاساییشه‌وه‌، ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی پێشنیازدا ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌بۆته‌ كردار.

رۆژان ئیبراهیم، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كۆمه‌ڵێك پێشنیازیان وه‌رگرتووه‌، "یەكێكیان دەركردنی یاسایەكی تایبەته‌ بە واده‌ی هەڵبژاردن لە كوردستان".

"هەموومان حەزدەكەین هەڵبژاردن لە كاتی خۆی سازبکرێت و یاسا جێبەجێبكرێت، بەڵام دۆخەكە لە كوردستان و بەشەکانی تری عیراق بە بوونی پێكهاتەی جیاواز كاریگەری دروستكردووە، تەنانەت كاریگەری لەسەر دەنگدەرانیش هەبووە كە وەك پێویست بەدەم هەڵبژاردنەوە نەچن" رۆژان وای وت، پێشیوایه‌ هۆكاره‌كانی وه‌ك ده‌ركه‌وتن داعش و دۆسیه‌ ئه‌منییه‌كان و روداوه‌كانی تر كاریگه‌رییان هه‌بووه‌.

dangdan (3)
هه‌رێمی كوردستان، 2018، ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان فۆتۆ: كۆمسیۆن

كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، سه‌رپه‌رشتی ته‌واوی پرۆسه‌كانی تری هه‌رێم ده‌كات، بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكیش پێویستی به‌ شه‌ش مانگ ئاماده‌كاری هه‌یه‌ له‌ رۆژی دیاریكردنی واده‌كه‌یه‌وه‌.

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنه‌كه‌ ده‌ڵێت جێگیركردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌ماندایه‌ و ئەگەر رۆژه‌كه‌ دیاریبكرێت، ئه‌وا رێگە بە شیكردنەوە و مشتوڕیش نادات، كارئاسانییه‌ بۆ ئاماده‌كارییه‌كان.

"كاتێك ساڵێك زوتر وادەی هەڵبژاردن بزانیت، ئەوا زووتر دەتوانین دەست بە ئامادەكارییەكان و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەین".

به‌بڕوای زرار له‌ كاریگه‌رییه‌كانی تری دیاریكردنی واده‌ی هه‌لبژاردن، كڕینی پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌كه‌یه‌ به‌جۆرێك لە رووی كواڵیتی و نرخیشەوە كەمتر بکەوێت، ئه‌وه‌ش واده‌كات ببێته‌ هۆی سەرخستنی هەڵبژاردن، رێگریی زیاتر بكرێت له‌ ساختەكاریی و گرفتی تر.

وتەبێژی كۆمسیۆن ده‌ڵێت كۆمه‌ڵه‌پێشنیازێكیان داوه‌ته‌ په‌رله‌مان، له‌ نێویاندا جێگیركردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن، به‌ په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا له‌و سێ دامه‌زراوه‌یه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌، زۆرینه‌ی سه‌ندیكا، كۆمه‌ڵه‌، كۆنگره‌ی حزب، رێكخراوه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی شاجوانیشی گرتۆته‌وه‌، ‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێكی كرداریی هه‌بێت كۆتاییه‌ك بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ دابنێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە پڕۆژەیاسایەك بە واژۆی 85 پەرلەمانتاری كوردستان، ئەم هەفتەیە (تشرینی یەكەمی 2022) خوێندنەوەی یەكەمی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ كراوە و ئامانج لێی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە. بەوەش بۆ جارێكیتر هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دوادەخرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT