حزبە كوردییەكانی كەركوك داوا لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن، "دەسەڵاتی سەربازی" لەسەر شارەكە هەڵبگرێت و رێگە بەو "پێشێلكارییانە" نەدرێت، كە ئەوان پێیانوایە بەناوی بازگەی كاتی و پشكنینی ئەمنییەوە بەرانبەر بە گەڕەكە كوردنشینەكان دەكرێت.
ئەو داواكارییانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خوێنرایەوە، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تشرینی دوەمی 2022 لە كەركوك بەڕێوەچوو، دوابەدوای كۆبونەوەی نوێنەری ژمارەیەك لە حزبە كوردییەكان، بەبێ ئامادەبونی نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
دڵشاد ساڵح، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی حزبی شیوعی لە كۆنگرەكەدا بەیاننامەیەكی خوێندنەوە و بەناوی حزبە بەشداربوەكانی كۆبونەوەكەوە ئاماژەی بەوەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق "دەسەڵاتی سەربازی" لەسەر كەركوك هەڵبگرێت و بارودۆخی ئەمنی شارەكە لە بەرچاو بگرێت.
یەكێكی تر لە داواكارییەكان ئەوەیە؛ بارودۆخی خزمەتگوزاری كەركوك باشتر بكرێت و رێگە بە جیاوازی لە نێوان گەڕەكەكاندا نەدرێت، بە تایبەت چارەسەری كێشەكانی كەرتی كارەبا و هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك.
دڵشاد ساڵح باسی لە دۆسیەی زەوییە كشتوكاڵییەكان كرد و وتی "ناوبەناو سوپا دەستتێوەردان لەو دۆسیەیەدا دەكات، لەكاتێكدا ئەو مافەیان نییە، ئەركی ئەوان پاراستنی شارەكەیە و پێویستە دەستتێوەردانەكانیان لە ناوشار و كاروباری خەڵكدا نەمێنێت".
ڤیدیۆ: 9ـی تشرینی دوەمی 2022/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی نوێنەرانی حزبە كوردییەكان دەربارەی بارودۆخی كەركوك
لە كارنامەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی-دا كە پەرلەمانی عیراق پەسەندیكردووە، بەشێكی تایبەتە بەو خاڵانەی كە كوتلە سیاسییەكان لەسەری رێكەوتون و چەند خاڵێكی باس لە پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم دەكات، لەگەڵ پێكهێنانی فەوجێكی فریاكەوتن لە پۆلیسی ناوخۆیی و لە خەڵكی كەركوك، تا دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە بگرنەدەست، جگە لە دەركردنی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لەناو شارەكاندا.
لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی شیوعی دەڵێت پێشێلكاری ئەمنی هەیە و نمونەی ئەوەی هێنایەوە؛ لە زۆربەی گەڕەك و ناوچە كوردنشینەكانی شارەكەدا بازگە و پشكنینی ئەمنی هەیە، بەڵام لە گەڕەك و ناوچەكانی دیكەدا نییە، بەپێی بەدواداچونی ئەوان.
بەڵام بەپێی راگەیەندراوەكانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، بڵاوەپێكردنی هێز و دانانی بازگەی كاتی و لەناكاو، بە تایبەت لە دوای كاتژمێر 12ـی شەوەوە، هەموو شارەكەی گرتۆتەوە و ئامانج لێی سەپاندنی ئاسایش و گرتنەبەری رێكاری ئەمنییەوە، وەك ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تشرینی دوەم بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا پاڵپشت بە رێنماییەكانی وەزیری ناوخۆ، 29 تۆمەتباری داواكراویان دەستگیركردووە، لە نێویاندا سێ داواكراو بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی 12 ماتۆڕسكیل و 19 ئۆتۆمبێل كە بەڵگەنامەیان نەبووە.
رەوەند مەلا مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیكردەوە لەوەی "پێشێلكاری" ئەمنی لە شارەكەدا هەیە و وتی، "بەبێ بڕیاری دادوەر دەچنە سەر ماڵان و بە شەق دەرگای ماڵان دەكەنەوە بەناوی پشكنینەوە، لە كاتێكدا خەڵك خەوتون، ئەم بابەتەش قبوڵكراو نییە و رێگەی پێنادەین".
ئەو پێیوایە "ناڕەوایی زۆر" هەیە و دەڵێت بە نوسراوی رەسمی، هەموو كێشە ئەمنیی و ئیدارییەكان ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن.