حزبە كوردییەكانی كەركوك، هەڵمەتی شەوانی هێزە ئەمنییەكان لە گەڕەكە كوردنیشینەكاندا بە هۆكاری كۆچ دەزانن و نیگەرانیشین لە بارەگا سەربازییەكانی ناوشار و لایەنگرییان بۆ نەتەوەیەك، جگە لە رەتكردنەوەی گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی ئیدارەی پارێزگا و شێوازی گەیاندنی خزمەتگوزاری، وەك لە نامەیەكیاندا هاتووە بۆ سەرۆك كۆمار.
ئەو نامەیە لە حەوت خاڵ پێكهاتووە، كە بە واژۆ و مۆری نوێنەرایەتی 14 حزبی كوردی لە شاری كەركوكەوە ئاراستەی لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق كراوە لە 15ـی تشرینی دوەمی 2022، دوای چەند رۆژێك لە كۆبونەوەی هاوبەشی ئەو حزبانە بەبێ بەشداری نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
لە پێشەكی نامەكەدا -كە وێنەیەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە- ئاماژەبەوەكراوە "پێشێلكاری نادەستوری و نایاسایی دژ بە خەڵكی كەركوك بە گشتی و نەتەوەی كورد بە تایبەتی هەیە و دوبارە دەبێتەوە"، لەكاتێكدا وەك ئەوان دەڵێن كەركوك بەو جیاوازییە دەستورییەی هەیەتی بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە پێویستی بە مامەڵەی "حەكیمانە" هەیە.
سێ خاڵی یەكەمی تایبەتە بە دۆسیەی ئەمنی و لە یەكێكیاندا داوای لابردنی بارەگا سەربازییەكانی ناوشار دەكەن، كە پێیانوایە پێویست نین و لە هەمانكاتیشدا دیاردەیەكی ناشارستانییە، دەبێتە هۆی شێواندنی دیمەنی مەدەنی شار.
بەبڕوای حزبە كوردییەكان لە كەركوك، هەڵمەتی "رەسمی و ناڕەسمی" بەردەوامی هێزە ئەمنییەكان لە شەواندا بۆ هەندێك گەڕەكی وەك شۆریجە، رەحیماوا، شۆراو، كوردستان، دەروازە، پەنجاعەلی بۆتە هۆی "كۆچكردنی زۆرێك لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە".
ڤیدیۆ: 9ـی تشرینی دوەمی 2022/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی نوێنەرانی حزبە كوردییەكان دەربارەی بارودۆخی كەركوك
هەر دەربارەی هێزە سەربازییەكانی كەركوك، پێیانوایە دەستتێوەردانیان هەیە "لە بەرژەوەندی نەتەوەیەك لەسەر حسابی نەتەوەكانی دیكە" بە تایبەت لە دۆسیەی زەوییە كشتوكاڵییەكاندا لایەنگری دەكەن و ئەوەش وایكردووە، ململانێی نەتەوەیی لە نێوان جوتیارانی زۆرێك لە گوندەكاندا سەرهەڵبدات.
خاڵێكی دیكەی نامەی حزبە كوردییەكان تایبەتە بە بڕیارێكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستور، كە لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2022 كە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی كراوە بۆ راگرتنی گواستنەوەی كۆبونی خۆراك لەنێوان ناوچەكانی ماددەی 140 و پارێزگاكانی دیكە بەبێ رەزامەندی ئەوان، بەوەش دەسەڵاتیان لە لیژنەی لاوەكی جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە لە كەركوك وەرگرتۆتەوە كە بەرای حزبەكان كوردییەكان دەبێتە هۆی گۆڕانكاری دیمۆگرافی و "ئەستەمە قبوڵی بكەین".
ئەو 14 حزبە پێیانوایە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكەكانی كەركوك "جیاوازی" دەكرێت لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە و وایكردووە گەڕەكە كوردنشینەكان خەڵك هەست بە پەراوێزخستن بكەن.
لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا باس لە زنجیرەیەك "رێكاری نایاسایی" دەكات لەلایەن بازگەكانی دەرەوەی شار لە نێویاندا وەرگرتنی "سەرانە و باج لە جوتیار و بازرگان و كاسبكار"، بەوهۆیەشەوە وەك ئەوان دەڵێن؛ نرخی خۆراك و شمەكی دیكەی سەرەكی گران بووە.
لە كۆتا خاڵی نامەی حزبەكاندا ئاماژە بە گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی ناو فەرمانگەكانی كەركوك كراوە لەلایەن پارێزگارەوە كە "لەگەڵ قەبارەی دانیشتوانی پێكهاتەی كورد ناگونجێن" و داوادەكەن؛ سەرۆك كۆمار پێداچونەوە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی و دادپەروەری بكات.
حزبە كوردییەكانی كەركوك هۆشداری دەدەن ئەگەر خاڵەكانی ئەو نامەیە لەبەرچاونەگیرێت ئەوا "لێكەوتەی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.